یاسین قادر بەرزنجی
هەندێ کەس لە دنیای جوان و پڕ لە ئەفسوونی هونەردا، هێندە ئاوێتەو ئاوێزانی هونەرەکەیان دەبن، بەجارێ ڕەنگی بەدیمەنی هونەر دەگرن، کاک ماهیر یەکێکە لەوانە، کە دەیبینیت و دەدوێ لە گۆرانییەکی بەسۆزو جوان دەچێت.
دەمێ ساڵە لە دڵەوە گوێ دەگرم لەم دەنگە شیرینەو لەم گۆرانییە جوانە، کە دەدوێ هەست دەکەیت ڕێبوارێکی ماندوونەناسی ڕێگای هونەری کوردییەو دەروێشێکی سەرگەرمی نێو خانەقای پەیڤ و ئاوازی ڕەسەنە.
ئەو لە شاری ڕواندزی لانکەی ستران و جوانی لەدایک بووە، لە قوتابخانەی پاشای گەورە وەک گوێگر وەرگیراوە، کە کۆتایی ساڵ لە نێو منداڵە ڕۆح شیرینەکاندا بە یەکەم دەرچووە براوەتە پۆلی دووەم، هەموو ساڵەکانی سەرەتایی هەر یەکەمی پۆل بووەو پاشان لە هەولێر ناوەندی و ئامادەیی تەواو کردووەو دواتریش کۆلیژی ئەندازەی زانکۆی سەلاحەدینی تەواو کردووەو بووەتە ئەندازیاری شارستانی.
سەرەتا لە قۆناغی سەرەتاییدا بە هاندانی مامۆستای گەورە زرار محەمەد مستەفا دەستی کردووەتە فێربوونی موزیک، لە منداڵییەوە بە دەنگە پاک و نەرم و خۆشەکەیەوە گۆرانی چڕیوەو نۆ ساڵان بووە لە ڤێستیڤاڵێکی منداڵاندا لەسەر شانۆیەکی هەولێر گۆرانی وتووەو ئەنجام ستایشی ئەو بەهرەیە کراوە.
تا ئێستا ئەم هونەرمەندە خاوەنی ٧٥ گۆرانییە، چ لە دووتوێی ئەلبوومدا، یان وەک گۆرانیی تاک، یاخود بەشێوەی دەنگ و کلیپ و دوایەمین بەرهەمیشی گۆرانی (ڕەش و سپی)ە بە فۆرمێکی جیاوازو نوێوە، لە ڕووی تێکست و میلۆدی و موزیکەوە، ئەم گۆرانییە لە شیعری شاعیری جوانی و خۆشەویستی (قوبادی جەلی زادە)یە.
کاک ماهیر لە ژیانی هونەریی خۆیدا هەوڵی داوە تازەگەرو ڕچەشکێن بێت، یەکەم کەسیش بووە لە گۆرانی کوردیدا دەستی بۆ هەندێ شت بردوو، لەوانە :
*گۆرانی درێژی ٣٠ خولەکی تایبەت بە وەرزش، کە کۆکراوەی ٤٧ میلۆدیی فۆلکلۆری بووە.
*شێوازی تایبەت لە چنین و کلیپکردنی ئەو گۆرانییانەی وەکو گەشت پێشکەش دەکرێن.
*گۆرانییەکی تایبەت بە (دایک) کە بە پێنج زمان بە دایکی دەڵێت (خۆشم دەوێی).
لای ئەم هونەرمەندە ئازیزە هەمیشە لە بەرهەمەکانیدا تێکست بایەخی گەورەی هەبووە.
ئاوازو شیعری هەندێک لە گۆرانییەکانی هی خۆین و ئامێرەکانی عودو کیبۆردیش دەژەنێت.
هەمیشە شانازه بە بەڕێز خاتوو (سەیران)ی هاوسەری کە بەردەوام بە پاڵپشت و هاندەری گەورەو کاریگەری خۆی دەزانێت.
لە کۆنسێرتێکی هۆڵەکەی ماڵی شەرەفخان لە هەولێر هونەرمەندی هەڵکەوتوو بێژەنی کامکار وتوویەتی:
[ماهیر واقیعەن ماهیرە ].
هەمیشە بەرهەمی ئەو دەنگە زوڵاڵەت ببیستین کاکە ماهیری خۆشەویست، هەمیشە سەرفراز بیت دیارییە بەنرخەکەی شاری پاشای کۆرەو ڕواندزی کوردان و خەرەندە دڵڕفێنەکانی بۆ هونەری کوردی، هەر بە ئەفراندنەوە بتبینم هاوڕێ بەڕێزو ئازیزەکەم.

