رۆژنامەی ھەولێر

ئەدەبی مەرگ یان ڕەنگدانەوەی مەرگ لە ئەدەبدا؟

سەدیق سەعید ڕواندزی

 

كاتێ ئەدەب بە كۆی ژانرەكانیەوە لەسەر بنەمای تێمایەكی دیاریكراو پۆلێن دەكەین، ئەوا دەبێ ئەو ئەدەبە هەڵگری ئەو شوناسە و ئەو خاسیەتە هونەری و ئەدەبییانە بێت، كە دەلالەت لە ناونانی ئەدەبەكە دەكەن! بەو مانایەی كە دەگوترێت ئەدەبی مەرگ، ئەوا دەبێ ڕەهەندە قووڵەكانی مەرگ لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئایینی و ئەفسانەیی و كۆمەڵایەتی بخرێتە ڕوو، چونكە ئەدەبەكە پەیوەستە بە مەرگ، بۆیە دەبێ گوزارشت لە مەرگ وەك چەمكێكی گشتی بكات، بەو مانایەی ئەدەبەكە، بەو ناونیشانەیە.

لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەند كتێبێكم بە ناوی ئەدەبی مەرگ خوێندنەوە. ئەم كتێبانە، هەموویان تایبەت كرابوون بە مەرگی ژنێك بە ناوی (شەمسە غەفور) كە هاوسەری عەبدوڵا ئاگرین بوو بەداخەوە بە هۆی شێرپەنجەوە چەند ساڵێكە كۆچی دوایی كردووە. ناوەڕۆكی كتێبەكان، لە هەندێك شیعری سادە و برووسكەنامە و لاوانەوەی ئاسایی و هاوخەمی كۆمەڵایەتی و هاوسۆزی پێك هاتبوون، كە ناوەڕۆكی كتێبەكان لەو ئاستەدا نەبوون گوزارشت لە ئەدەبی مەرگ بە مانا فراوانەكەی بكەن. بەو مانایەی قووڵایی مەرگ وەك پرسیارێكی پەنهان و شاراوەو بێ وەڵام، یان پرسێكی ئەنتۆلۆژی، ئایینی و هزری، پیشان بدرێت، بەڵكو مەرگ لە چوارچێوەی چەند وێنەیەكی شیعری سادە، كە جۆرێك لە هاوسۆزیی، كۆمەڵایەتی بوون، نەك گوزارشتی شیعری نیشان دراون، لە كاتێكدا كاتێ مەرگ ڕەنگدانەوەی لە شیعردا ئەبێت، ئەوا شین و لاوانەوە و فەرازەیەكی غەمگین، ڕووبەری دەقەكان دەگرن و ئەو هەستە لای خوێنەر دروست دەكەن، كە ئەویش ببێتە هاوبەشێك لەو خەم و شین و لاوانەوەیە، چونكە ئەوەندە كاریگەر دەبێت، بەڵام لە كۆی ئەو كتێبانەدا، من ئەو كاریگەریەتەم نەبینی، بەڵكو وەك ئەوە وابوو، ئەدەبێك بخوێنمەوە، كە هیچ جۆرە كردەیەكی مەرگ و كەشێكی غەمئامێزی تێدا نەبێت! بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە مەرگی كەسەكەوە نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی ئاستی هونەریی دەقەكان بوون. بگرە یەكێك لەكتێبەكان، كە عزەدین زەكی زادە نووسیویەتی، بە ناوی خوێنەوەیەكی سەردەمیانەیە، كەچی ئەوەی لەو خوێنەوانەدا بوونی نەبوو، چەمكی نوێ و سەردەمیانە بوو، چونكە هەموو ئەو ڕاڤە و خوێندنەوانەی نووسەر بۆ شیعرەكان كردوونی پێشتر كراون.
كاتێ قسە لە سەر زمانی شیعری و وێنەی شیعر و بە نموونە كێش و سەروا دەكەی، ئەمە مانای وایە خوێنەوەكەت نەك سەردەمیانە و نوێ نییە، بەڵكو زۆر كۆنانەشە! چونكە ئەم باسانە پێشتر دەیان جار لە میانەی دوان لە شیعر باسكراون. مەبەستمان لێرەدا ئەوەیە، كە خوێنەوەكەی زیادە، كە بە ناوی سەردەمیانەیە بۆ ئەدەبی مەرگ، لە ڕاستیدا سەردەمیانە و تازە نەبوو، كە ئەگەر دەرفەت هەبوو، بە درێژیی دێینەوە سەری و لە ڕێی نموونەكانی نێو كتێبەكە دەیانخەینە ڕوو.
لەلایەكی دیكەوە، دەكرێ ئەو پرسیارە بكەین، كە ئایا ئەوەی هەیە ئەدەبی مەرگە، یان ڕەنگدانەوەی مەرگە لە ئەدەبدا؟ كە دوو چەمك و تێمای جیاوازن لە یەكتری، چونكە كورد وەك نەتەوەیەك، وێرای ئەوەی بە درێژایی مێژوو، هەمیشە لەنێو مەرگ و مردن ژیاوەوە كردەی مردن نزیكترین هەست و پەیوەندی و ڕایەڵی بووە بە ژیان، بەڵام هەرگیز ئەدەبێكی نەبووە بە نێوی مەرگ، چونكە كورد نەتەوەیەكە لە قووڵایی ئازار و تراژیدیاكانەوە لە نێو جەرگەی خەم و ناسۆری و كارەساتەكانەوە، مانایەك بە بوون و ژیانی دەدات و ژیاندۆستانە دەڕوانێتە ژیاندا، چونكە مردن وەك دوا وێستگەی ژیان نابینێت، گەر سەرنجیش لە شیعری كوردی و ئەدەبی كوردیش بە گشتی هەتا قۆناغی پێش ڕاپەڕین و تا ڕادەیەك دوای ڕاپەڕینیش بدەین، بە بڕوای من ناونانی ئەدەبێك بە مەرگ لە بنەرەتدا لە ڕووی واتاییەوە هەڵەیە، ئەدەب بە هەموو ژانرەكانیەوە، ڕووبەرێكە بۆ جوانی و چێژ و ڕووداو و مێژوو. كاتێ دەقێك لە ستاییشی نیشتمان، یان خۆشەویستی، یان خاك و ئازادی و بگرە هاوڕێ دەنووسرێت، ئەمە جۆرێكە لە پەسندان و شكۆمەندانەكردن و نرخاندنی ژیان، لێرەوەش كاتێ دەگوترێت ئەدەبی مەرگ، واتا ناڕاستەوخۆ ئێمە ئەدەبێك دەنووسین كە پەسن و ستاییشی كردەی مەرگ و مردن دەكات و ئەمەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەكات كە ئایا دەكرێ ستاییشی مردن بكەین؟ كە مایەی خەم و ئازار و كۆستكەوتنە؟ كەواتە ئەوەی هەیە چییە؟ لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی مەرگ و مردن لە ئەدەبدا، لە ڕووی ناونیشانەوە گونجاوتر و پڕ ماناترە لەوەی ئەدەبی مەرگ، چونكە بە درێژایی مێژووی كورد، جۆرێك لە لاوانەوە و شین و خەمگینی لە بارەی مەرگی مرۆڤەكانەوە هەبووە. واتا ڕەگەكانی وێناكردنی مەرگ لە نێو زمان و نووسیندا، بۆ هەزاران ساڵ بەر لە هەبوونی ئەدەبی نووسراوی كوردی دەگەڕێتەوە و ئەدگارەكانی لە نێو ئەدەبی میللیی و زارەكیدا هەبوونە. كاتێ مرۆڤ ئازیزێكی لێ مردووە، بەردەوام لە ڕێی لاوانەوە و شین و بە دەربڕینی هەندێك ئاماژە كە مایەی خەم و دڵتەنگینە، گوزارشتی لەو مردنە و كۆستە گەورەیە كردووە! بۆیە لە مێژووی كورد دا، ئەوەی هەبووە ڕەنگدانەوەی مەرگ و مردنە لە نێو ئەدەبی زارەكی و دواتریش نووسراو، نەك ئەدەبێكمان هەبێت، پەسنی مەرگ بدات و لە ستاییشی مردن نووسرابێت، بە تایبەتیش كاتێ كورد دەكەوێتە ژێر داگیركاریی سیاسی و نەتەوەیی و كارەساتی گەورەی وەك ئەنفال و كیمیابارانی بە سەر دادێت، ئەوا مردن پانتایەكی گەورە لە ئەدەبی كوردیدا، تا ڕاپەڕین و بگرە دوای ڕاپەڕینیش دەگرێت.
لێرەدا، خاڵێك هەیە گرنگە ئاماژەی پێ بدەین ئەویش ئەوەیە، لە ئەدەبی كوردی و تێكستی شیعریش بە تایبەتیدا، مردن وەك دوا وێستگەی ژیان نابینرێت، بە و مانایەی ڕووداوێكە كۆتایی بە هەموو شتێك دێنێت، بە پێچەوانەوە كورد بەشێوەیەكی نەمری مامەڵەی لەگەڵ مردنی مرۆڤ، بە تایبەتیش لە ئاستی شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیەكی كردووە. گەر سەرنج لە شیعری كوردی بدەین، هەزاران دەستەواژەی نامرن شەهیدان و ئەوان لە دڵی میللەت و مێژوودا دەژین، دەبینین. لە تێڕوانینی مرۆڤی كورددا، مردن كردەیەكە بۆ مانەوەی ژیان و بەردەوامی ژیان. كاتێ پێشمەرگە خەبات دەكات و شەهید دەبێت، یان تێكۆشەرێك لە زینداندا لەسێدارە دەدرێت، مردنی خۆی وەك بەردەوامی بۆ مانەوەی ژیانی ئەوانیتر دەبینێت. لە هەموو شیعری كوردیدا، هەست ناكەین مردن زاڵ بووبێت بە سەر ژیان، بەڵكو تێكستەكان جۆرێك لە بەردەوامیدانن بە ژیان و نەمری و ئازادی لە پێناو نەتەوەكەی، نەك ئیدی مردن بێت و كۆتایی بە هەموو شتێك بێنێت، چونكە ئەگەر وا بووایە، ئەوا ئێستا ئێمە، وەك نەتەوەیەك بوونمان نەدەبوو، بەڵام هەموو لایەنەكانی كۆمەڵگەی كوردی، بە تێكۆشانی سیاسی و ڕەهەندی ئەدەبی و هونەریش، لە پێناو ژیاندۆستی و مانەوەی كورد وەك نەتەوەیەك، لە دووتوێی مێژوودایە، ماناوەیەك كە چەندە داگیركاری و ستەمكاری و چەوسانەوەی سیاسی و نەتەوەیی دژمنانی كورد زاڵتر بووبێت، ئەوا قارەمانیەتی و خۆڕاگری و تێكۆشانی كوردیش، گڕتڕ و قارەمانانەتر بووە.