رۆژنامەی ھەولێر

گوتار ـ مەعریفە و دەسەڵات لای فۆکۆ

بەهزاد حەوێزی

 

 

فۆکۆ لە میانی گوتار و مەعریفەدا باس لە کۆمەڵە میکانیزمێک دەکات بۆ رێگرتن یا سنووردارکردنی دەسەڵاتی گوتار، کە بریتین لە: کارڕاییە دەرەکییەکان، وەکو: رێگرتن یا قەدەغەکردنی مافی ئەوەی بتوانین هەموو شتێک بڵێین و هەر شتێک بڵێین لە هەر هەلومەرجێکدا؛ بۆ نموونە لە بابەتی سێکس و سیاسەت، گوتار لە روواڵەتدا شتێکی سادەیە، بەڵام ئەو شێوازانەی قەدەغەکردنی هەر زوو بە زوو پەیوەستییەکەی لەگەڵ دەسەڵات ئاشکرا دەکات.
فۆکۆ پێی وایە گوتار دوو جۆرە: یەکەمیان ئەو گوتارە گۆڕدراوانەی رۆژانە دەگوترێن و بە کۆتاهاتنی کردەی گوتنەکەی کۆتایی دێت، دووەمیان ئەو گوتارانەی وێڕای داڕشتنەکەی دەگوترێنەوە و ئەسڵی جۆری نوێی کردەی گوتن و گوفتارە وەکو دەقە ئایینییەکان و یاسایی و زانستییەکان.
پرۆژەی مەعریفی فۆکۆ زیاتر لە نیچە نزیکە نەک لە دیکارت و کانت و هیگل، ئەو زیاتر پرسیاری سەبارەت بە ویستی مەعریفەیە نەک خودی مەعریفە کێشەی فۆکۆ سیاسی‌مێژووییە یا مێژوویی‌سیاسییە نەک لۆجیکی یا مەعریفی شکڵی و زیاتر پیادەکردن و پەیرەوکردنی گوتاری مێژووی مەبەستە.
چەمکی مەعریفەدەسەڵات لە چەمکە سەرەکییەکان و بنەرەتییەکان و تایبەتەکانی شیکردنەوەکانی فۆکۆیە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کاتێک خەریکی خوێندنی زانستە مرۆییەکان بووەو سەری لەوە سوڕماوە چۆن دەکرێ پەیدابوونی ئەو مەعاریفانە لە پیادەکردنی دەسەڵات داببڕین، ئەو دوو چەمکە بەیەکەوە گرێدراون، بۆیە بە لای فۆکۆ دەسەڵات و مەعریفە بەیەکەوە لکاون و هیچ دەسەڵاتێک بەبێ بەرهەمهێنانی مەعریفە بوونی نییە و هیچ مەعریفەتێکیش بەبێ پەیوەندییەکانی دەسەڵات و خزمەتکردنی بەرهەم نایە، جگەلەوەی هیچ پەیوەندییەکی دەسەڵات بوونی نییە بەبێ دامەزراندنی گونجاوی کایەی مەعریفە، هەروەها ئەوە چالاکی بەبابەتی مەعریفە نییە مەعریفە بەرهەم دێنێ جا بەسوود بێ یا زیانی بۆ دەسەڵات هەبێ بەڵکو دەسەڵات-مەعریفە و ئەو پرۆسەو ململانەیەی رەتی دەدات و لێیانەوە سەرچاوە دەگرێ ئەوانەن شێواز و فۆرم و بوارەکانی مەعریفە دەستنیشان دەکەن، لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتی سیاسی جۆرە مەعریفەیەک بەرهەم دێنی دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زانیاری و مەعریفەت؛ مەبەست لە بەکارهێنانی ئەمانەش بەردەوامبوونە لە پیادەکردنی دەسەڵات دەهەمبەر ئەوەی مەعریفەش لە خۆیدا دەسەڵاتە، بۆیە فۆکۆ دەڵێت: هەقیقەت لە دەرەوەی دەسەڵات نییە و دوور نییە لێی، هەقیقەت لەو جیهانەدایە و لێیەوە بەرهەم دێت و هەر کۆمەڵگەیەکیش سیستەمە هەقیقەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە، مەبەستی فۆکۆ شێوازەکانی گوتارە بەو پێیەی راستن، هەروەها ئەو هەقیقەتە بەرهەم و زادەی هەندێک گەورە دامەزراوەی سیاسی و ئابووریشە وەکو: زانکۆ، سوپا، میدیا.

سەرچاوە:
1- ميشال فوكو، 1987، حفريات المعرفة، ت: سالم يفوت، المركز الثقافي العربي، ط2، بيروت-لبنان.
2- ميشال فوكو، 1987، جنيولوجيا المعرفة، ت: أحمد السطاتي و عبدالسلام بنعبد العالي، دار توبقال للنشر، الدار البيضاء _ المغرب، ط2.
-3 د. الزواوي بغورة، 2000، مفهوم الخطاب في فلسفة ميشيل فوكو، المجلس الاعلى للثقافة، القاهرة.