ئا: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(عامر ئەلتەیب)ی شاعیر، کار لەسەر نووسینی پەخشانەشیعر دەکات؛ بە زمانێکی سەرنجڕاکێش و هەستێکی قووڵی پڕ لە جۆش و خرۆش دەنووسێت. لە كردەی نووسینی شیعریدا تەکنیکی كۆپلە كۆپلەكردن لە ژێر یەكـ ناونیشانی سەرەکیدا بەكار دەبات؛ هەندێک جار كۆپلەكان لە ناو یەک دەقدا گەشە پێدەدات و لەژێر یەک ناونیشان کۆیان دەکاتەوە. بۆ نموونە: لە کۆمەڵە شیعریی «خڕۆکە سەوزەکانی خوێن» كە ساڵی (٢٠١٩) چاپكراوە.
لە چاوپێكەوتنێكـدا شاعیر دەڵێ: من شاعیرێكی لادێیم، حەزم لە گوندە، سروشت لە لادێدا سۆزێكی بێ هاوتای هەیە. ڕووبارەکان بە وریایییەوە تێدەپەڕن و نهێنییەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، باڵندەکان دەفڕن و دەنیشنەوە. بەڕاستی لادێ ئارەزووی خوێندنەوە دەوڕوژێنێ. جارێک گوتم خۆر لە گونددا چوار جار هەڵدێت، بەڵام هیچ کەس بڕوای نەکرد! سەبارەت بە کتێبیش، خوێنەری تامەزرۆ بە هەموو ڕێگەیەک کتێب دەستدەخات و دەیخوێنێتەوە، ساتەوەختی گونجاو بۆ خوێندنەوە دەسازێنێت.
شارەکان خەونێکی گەورە و جیهانێکی پڕ لە دەنگەدەنگن، بەڵام من پێم خۆشە وەک ڕێبوارێک سەردانی شار بكەم؛ نیشتەجێبوونم لە لادێ هەستی ئارامی و سۆزم پێ دەبەخشێت. هەمیشە شاعیری هۆشیار دەتوانێت خۆی لە زۆنگاوی لایەنە نەرێنییەکانی (تەكنەلۆژیا)، فێسبووكـ بەدوور بگرێت و وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندی، ڕۆشنبیریی و ناسیاوی.. باوەشی بۆ بكاتەوە، کە دواتر لە ئاستی داهێنان و مرۆڤایەتیدا دۆستایەتییەکی بەرهەمدار پێكدەهێنێت. كەواتە بێ ئەوەی گوێ بدەینە نەرێنییەکانی ئینتەرنێت، دەتوانین سوودێکی زۆر گەورەی لێوەربگرین؛ من چی لەڕووی زانیاری و کتێبەوە، یان لە ڕووی ناسین و پەیوەندییەوە سوودێكی زۆرم لێوەرگرتووە. دەتوانم بە تۆنێکی لادێیانە و دایكانە بڵێم: فەیسبووک پێشنیاری کەسانێكت بۆ دەکات کە پێی وایە دەیانناسیت و تۆش بەردەوام بەرەو ڕووی خۆت دەبیتەوە دەربارەی ئەو کەسانەی کە دەتوانیت پەیوەندیی دۆستایەتیی هەمیشەیییان لەگەڵدا دروست بكەیت.
(عامر ئەلتەیب)ی شاعیر دەڵێ: پەخشانەشیعر یەكـ جۆر نییە، بە ژمارەی ئەو شاعیرە باشانەیە كە دەینووسن؛ ئەوەش بیروڕای جیاواز لەبارەی پەخشانەشیعر دەخاتەوە. هەروەها دەڵێ بۆ من داهاتوو بەگشتی دوورە.. داهاتووی من ئێستایە.
چەند كۆپلەیەكـ لە شیعرەكانی عامر ئەلتەیب
لەسەر نیوە پرتقاڵێ،
وێنەی ماڵێکم بۆ کێشایت؛
بەڵام چی بکەم،
ڕێگای نێوانمان پچڕاوە.
زەنگ لە دوورەوە دەنگی بێ،
بۆ ئەوەیە
ئامادە بم
بۆ کۆچکردن.
دایکم بێ باک، پێچەوانەی خۆشەویستی
مۆم و چەقۆ بەکار دێنێت
بۆ ئەوەیە
هەموو شتێ وێران نەبێ.
بە دەستی خۆم
بەشێک لە پرتقاڵەکە
پاک دەکەم،
لەت لەتی دەکەم!
دەمم پڕ دەبێ لە وشە
و دێم بۆ ئەوەی
پێتان بڵێم: یان هەر هەمووی
بە یەکجاری،
یان یەک وشە،
وردیلە وەک ئێسکی ماسی
چونکە بەم جۆرەیان زێتر سەركەوتوومە
و داوا زیاترم لێ ناکرێت
هەڵەوەر بم.
حەزم دەکرد دەمی پیرەژنێکم بوایە؛
کە لێوەکانم دەلەرزن،
حیکمەتم لە دەم بێتە دەر!
وەک ئامێرێک باوەشی خۆم دەکەمەوە،
بەڵام لە ناخەوە دەگریم
ئەو کاتانەی چاوم دەكەوێ
بە ماڵە هەژارەكان
ئەو کاتانەی
سێبەری هەنگاوەكانمان
بە هیچەوە
گرێ دراون.
***
خۆشم دەوێیت؛
چونکە مردووەکان دەتوانن
دەست لە گوڵ دەن
و گوێ بۆ سرودەکان بگرن،
فرمێسكەكانیش دەتوانن
لە چاوە نوقاوەكاندا گەرم دابێن
لە سەمای تاڤگەكانیشدا ئارام بگرن.
***
یەكـ حەزم لە پێکەنینە
و دوو حەزم بۆ گریان دەچێ
بەڵام چاوی مرۆڤ نەشكێ،
کەواتە تۆ چی دەبینی؟
ترسێکم هەیە لە جەنگ
و دڵنیاییش بۆ داڕمان و لەناوچوون،
کەواتە تۆ سەیر بکە
لە پێش هەموو شتەكاندا
کامیان درێژ دەكرێتەوە
و كامەیان زیندو دەمێنێ..
من دوو مردنم لەپێشە،
هەر یەکێکیان
ترسناكـ و بێسنوورە
و هەر تەنها بۆ ئەوە دەبێت تۆم خۆش بوێت
مەترسیدارە ئەو كاتەی
نێوانیان
بەیەك دەلكێنم!
***
لە شیعردا
ماڵێكـ هەیە
لە نێوان دیوارەکانی ناتوانم بحەسێمەوە،
چەندان ژووریش
كە ناتوانم چراکانیان بکوژێنمەوە،
منداڵانێک
ناتوانم ڕوویان پێ بدەم
و یارییان لەگەڵدا بكەم،
گەلێكـ لە مۆم
کە هەمیشە
پێویستییان بە چاودێرییە؛
لەدواین جار
لەبەرامبەر بڕێک وشەی گەرم و سۆزدار
چاوی خۆم لێ دەنوقێنم
و ئەویش كز كز دەتوێتەوە!
**
(عامر ئەلتەیب)
شاعیری هاوچەرخی عێراقی، ساڵی ١٩٩٠ لە شاری (سوێرە)ی پارێزگای (واست) لەدایكبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی زانستی زانکۆی بەسڕە بەدەستهێناوە، سەرباری بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریی (شۆردنی بیرە نەوتەکان) لە زانکۆی تەکساس. بە یەکێک لە شاعیرانی دیاری (پەخشانە شیعر) دەژمێردرێت. لە ساڵی ٢٠١٨دا یەکەم کۆمەڵە شیعری بە ناونیشانی (زیاتر لە مردنێک بە یەک پەنجە)ی بڵاوکردەوە. دواتر لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١ شەش کۆمەڵەی تری بە دوای یەکترەوە بڵاو كردەوە. لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقی لەڕێگای کۆمەڵە شیعری دووەمی «وەک دوو دار بە تەنها وەستاوە» وەرگرتووە.
کۆمەڵە شیعرەكانی:
1- وەک دوو دار بە تەنها وەستاوە.
2- خڕۆکە سەوزەکانی خوێن.
3- تەمەن درێژی بۆ کەسێکی تر.
4- نەک تەنها بۆ چوانگ تسو.
5- کردارە هەمیشە ڕابردووەکان.
6- ئاسمانێکی دوور وەک گۆڕێکی كراوە.
سەرچاوە:
بڕوانە: ئینتەرنێت.
– عامر الطیب. أنا شاعرٌ قروی وأدین للإنترنت بالكثیر
https://diffah.alaraby.co.uk › diffah.
-باقە من قصائد الشاعر العراقي عامر الطیب : رغبە بالضحك …
میزان الزمان https://mizanalzaman.com › .

