ڕائیب جادر – هەولێر
وەجبەیەکی دیکەی ڕەزامەندیی پێدانی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ھەزاران خانەنشین و فەرمانبەری دیکە دەرچوو، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان سەرووی ١٢٥ ھەزار چارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش کراوە.
ڕۆژی ٢٧ی ٠٣ی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە و بەپێی بڕیارەکان ھەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەکی ٢٠٠ مەتریی پێ دەدرێت.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان کار دەکات و تا ئێستا بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان داوە، کە باری سەرشانی ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات، لەپێناو ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و ھێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دڵخۆشن.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی نیشتەجێبوون و باشترکردنی باری گوزەرانی مووچەخۆران، ئەم پڕۆژەیە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆ قەرەبووکردنەوەی ماندووبوونی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی بۆ ئەو چینە سەیر دەکرێت کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتی کەرتی گشتی دەکەن.
ئەو ھەنگاوەی حکوومەت بە گەشبینی و دڵخۆشییەکی گەورەوە لەلایەن فەرمانبەرانەوە پێشوازی لێ کرا، ئەو ھاووڵاتییانەی کە بوونەتە خاوەن پارچە زەوی و لە داھاتووشدا دەبنە خاوەن پارچە زەوی خۆشحاڵن و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ ڕزگار بوون لە کرێ.
حکوومەت پرسی نیشتەجێبوونی خستووەتە پێش ھەموو شتێک، دابەشکردنی ئەو پارچە زەوییانە بووەتە ھاوکارێکی باش بۆ کەمبوونەوەی کرێنشین و زیادبوونی ئاوەدانی لە شار و شارۆچکەکان.
ئابووری و سیاسەت، پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بەیەکەوە ھەیە، ھەر کاتێک بارودۆخی سیاسی باش بێت، بازاڕیش ڕوو لە باش بوون دەکات، لە ھەندێک شوێن، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە و خەڵک ڕووی تێ دەکەن پارچە زەوی ھەیە نزیکەی ١٥ ھەزار دۆلاری چووەتە سەر، نرخی خانووش بە ھەمان شێوە بەرزبۆتەوە. شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و دەبنە ھۆکارێکی باش کە ھاووڵاتییان متمانە و خواستی زیاتریان لەسەر کڕینی زەوی و خانووبەرە بۆ دروست بێت، بەتایبەتیش دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھەر ناوچەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بچێت، خەڵک ڕاستەوخۆ ڕوو لەم شوێنانە دەکەن و پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی خانوو، بەوەش نرخی زەوی و خانوو بەرزدەبێتەوە.
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەشێکی دیکەی ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران گەڕایەوە وەزارەتی شارەوانی، لیستەکە ناوی زیاتر لە ٢٥٠٠ خانەنشین و فەرمانبەری جیاجیای وەزارەتەکانی تێدایە.
سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم، گوتیشی: ئەو ناوانەی کە بە لیست ھاتوونەتەوە نووسراویان بۆ دەکرێت، ڕەزامەندییەکان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و کارتی زانیاری و بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جیا دەکرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەکانیان ڕەوانە دەکەین، بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆیان.
بەرپرسەکەی تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی، جەختی کردەوە، زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و کارمەندانی ناوخۆ گەڕاوەتەوە.
سەربەست مەولوود، باسی لەوەش کرد، دابەشکردنی زەوی لە لایەن شارەوانییەکان بەپێی ھەبوونی زەوی بەردەوام دەبێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ وەکو پاداشتێکە بۆ فەرمانبەران و پرۆسەکەش تا ئێستا زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ھەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاری جددی دەکەن و پرۆسەکەش ڕۆژبەرۆژ بەرەوپێشتر دەچێت و لە زۆربەی شوێنەکان ٥٠%یان تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوەش خەریکە تەواو دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: بە پێویستی دەزانین سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەو بڕیارەی کە فەرمانبەران زۆر دڵخۆشن بە وەرگرتنی زەوی.
سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوە کرد: لە ساڵی ڕابردووەوە ھەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠ ھەزار پارچە زەوی لە سنووری ١٥ شارەوانی لە سنووری ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدا بەسەر فەرمانبەران و خاوەن مافەکاندا دابەشکراوە، لەم ژمارەیەدا نزیکەی ٣٢ ھەزاریان بۆ فەرمانبەران و ئەویتری بۆ جووتیار و خاوەن مافەکان بووە و ئێستاش ٥٠ ھەزار ناو “فۆڕم”ی تر لەو ٣٧ شارەوانییەدا لەژێر وردبینیکردندان و کاریان لەسەر دەکرێت و خەریکە دەگاتە قۆناغەکانی کۆتایی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو نەخشە و دیزاینانەی بۆ زەوییەکان دانراون، بەپێی نوێترین ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەن کە لە داھاتوودا سوودی زۆری دەبێت، جەختیشی لەسەر بەردەوامی و بەباشی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سێ ھەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن کە لە سنووری شارەوانییەکانی ڕوڤیا، کۆرا و فەیدیێ، ئەگەر ڕێکارەکانمان تەواو بن، لە ھەفتەی داھاتووەوە دەست بە دابەشکردنیان دەکەین.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ڕێزبەندییەکی تایبەت بۆ قەزا و ناحییەکان دانراوە، ھەر کاتێک ڕێکارەکان تەواو بن، ڕاستەوخۆ پارچە زەوییەکان لە سنووری سەرجەم قەزا و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای دھۆک دابەشدەکرێن.

