رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی بۆ ستیڤ فەیگن: پێویستە پشکی هەرێم لە بودجەی 2027 بە ڕێژەی 14.14٪ دیاری بکرێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی کابینەی نوێ و پێویستیی دەستنیشانکردنی 14.14%ـی بودجەی 2027 بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە گوێندۆلین (وێندی) گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەت، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی ئەمەریکا دووپات کردەوە.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی ڕێژەی 14.14% ی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 تەرخان بکرێت.