ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
گەڕی دەیەمی خولی ئەستێڕەکانی عێراق کۆتایی هات، هەولێر نەیتوانی سوود لە ئەنجامە خراپەکانی گەرمە و زەورا و شورتە وەربگرێت. دوو نوێنەرەکەی بادینانیش بە قورسی دۆڕان، بەڵام کڵپە و گڕی گازی باکووری شاری کەرکووک و نەورۆزی کوردان یانەکانی مینا و زەورای سووتاند.
هەولێر دۆڕا و یاریزانەکانیش سزا دران
لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی هەولێر لە نێو یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بەرامبەر موسڵ تووشی شکست.
یانەی هەولێر میوانداریی یانەی موسڵی کرد، لە گێمی یەکەمدا هەوڵی هەردوولا بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بەڵام لە گێمی دووەم و لەخولەکی 68 یوسف ئوسامە هێرشبەری پیشەگەری میسری هێڵی ناوەڕاست و بەرگری هەوکێری بڕی و تاکە گۆڵی یارییەکەی بە کارامەیی تاکەکەسی بۆ موسڵ تۆمارکرد، بەمەش زەردپۆشەکان نەیانتوانی ئەنجامەکە بگۆڕن و بە دۆڕانی 0-1 یاریگایان جێهێشت. هەولێر سێیەمین یارییە لەسەریەک ناتوانێت براوە بێت، بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ بۆ پلەی پێنجەم دابەزی.
هەولێر رۆژی پێنجشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی زاخۆ، ئەم یارییە بۆ هەردوولا چارەنووسازە، چونکە لە ئەگەری شکستی هەرلایەک رەنگە زنجیرەیەک بڕیاری لێبکەوێتەوە.
بەتایبەتی ئەگەر زاخۆ بدۆڕێت دەبێتە چوارەمین شکستی لەسەریەک و پێشبینی دەکرێت راستەوخۆ تەڵال بلووشی راهێنەری قەتەری یانەکە دووربخرێتەوە.
ستافی راهێنەران و یاریزانانی هەولێر سزا دران
دوای شکستەکەی هەولێر بەرامبەر موسڵ، کارگێری یانەی هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بڕیاری دا بەشێک لە مووچە و شایستە داراییەکانی یاریزانانی تیپەکەی ببڕێت.
ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:
سەبارەت بە ئەنجام و ئاستی دوایین یاریی تیپی تۆپی پێی یانەکەمان بەرامبەر بە یانەی وەرزشیی موسڵ، بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی وردی هۆکارەکانی دۆڕاندنی یارییەکە و دابەزینی بەرچاو لە ئاستی هونەریی تیپەکەدا، بڕیاردرا بەبڕینی ڕێژەی (%٢٠) لە مووچەی مانگی (١٠) دەستەی ڕاهێنەران و سەرجەم یاریزانانی تیپی یەکەمی تۆپی پێی یانەکەمان.
ئەم بڕیارە وەک هەڵوێستێکی فەرمیی کارگێڕیی دێت بەرامبەر تێکچوونی ئاستی تیپەکە، بە ئامانجی هاندانی یاریزانان بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی شایستەی یانەکە و بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر لە یارییەکانی داهاتوودا.
گەورەیی و ناوبانگی یانەکەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
لوئەی سەڵاح هەڕەشە دەکات
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەی هەولێر بەڵێنی داوە ئەگەر سزای دارایی یاریزانەکانی جێبەجێ بکرێت راستەوخۆ دەستلەکاردەکێشێتەوە.
لوئەی سەڵاح پەیامێکی بۆ کارگێری یانەکەی ناردووە و تێیدا گلەیی لێکردوون کە هێشتا ئەو شایستەداراییانەیان وەرنەگرتووە کە لەسەری رێککەوتبوون، بۆیە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەن سزای داراییان بەسەردا بسەپێت.
زەورا بەرگەی گڕی گازی باکووری نەگرت
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەدا، یانەی گازی باکوور لە یاریگای نەورۆزدا میوانداریی یانەی زەورای کردو توانی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش 3 خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لە خولەکی 18 موجتەبا عەلی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ گازی باکوور تۆمارکرد، بەرگریکارانی تیپەکەش توانییان تاوەکو فیکەی کۆتایی پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن و بردنەوەی1-0 بەسەر یانەی زاورادا مسۆگەر بکەن.
گازی باکوور بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبینرێت.
نوێنەرەکانی بادینان شۆک بوون
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەردوو یانەیدهۆک و زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان تووشی شکستهاتن و بە هەمان ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەکانیجۆلان و نەفتی میسان دۆڕان.
لە یاریی یەکەمدا یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی جۆلان بووەوە؛ خاوەنیاریگە لە خولەکی 16 لە رێگەی حەمزە عەدنانەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، لە کاتێکدا یاریزانانی دهۆک هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان دەدا، عومەر عەبد لە خولەکی 90 گۆڵی دووەمی بۆ جۆلان تۆمارکرد و یارییەکە بە دۆڕانی دهۆک بە ئەنجامی 0-2 کۆتاییهات.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەدا، یانەی زاخۆ لە بەغدا بووە میوانی یانەی نەفت و تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی پارێزگاری لە یەکسانبوون کرد، بەڵام لە 10 خولەکی کۆتاییدا کایلی بۆنفیم هێرشبەری یانەی نەفت لە خولەکی 83 گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 90گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکە 2-0 لە بەرژەوەندی یانەی خاوەن ماڵ کۆتاییهات.
بەم دوو شکستە، یانەی دهۆک بە 12 خاڵ لە پلەی یازدەهەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق جێگیر بوو، هەروەها یانەی زاخۆش بەکۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی سێزدەهەمی خولەکەدا مایەوە.
دهۆک رۆژی هەینی لە گەڕی یازدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە میوانداریی کەربەلا دەکات، رەنگە پێش ئەم یارییە دهۆک راهێنەرێکی نوێ بۆ شوێنی یەحیا گولمحەمەدی دەستنیشان بکات.

