ماکوان عێزەت – هەولێر
مێشکی مرۆڤ هەر چەند خولەکێکی کەم بەرگەی بێبەشبوون لە ئۆکسجین و خوێن دەگرێت، پێش ئەوەی زیانی قەرەبوونەکراوەی پێ بگات. خوێنەچۆڕەی مێشک یەکێکە لە مەترسیدارترین حاڵەتە فریاگوزارییە تەندروستییەکان؛ کاتێک یەکێک لە خوێنبەرە سەرەکییەکان دەتەقێت، ڕۆیشتنی خوێن بۆ خانەکانی مێشک دەوەستێت و ئەگەر لە ماوەی چوار بۆ شەش خولەکدا چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی مردنی بەشێک لە خانە دەمارییەکان و پەردەی مێشک.
د. شوان شێروان عەلی ئەمین، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک، فەقەرات و دەمارەکان، تیشک دەخاتە سەر گرنگترین هۆکارەکان، نیشانە هۆشداریدەرەکان و ڕێکارەکانی خۆپاراستن لەم حاڵەتە کوتوپڕە.
هۆکارە سەرەکییەکانی پچڕانی خوێنبەرەکانی مێشک
بە گوتەی د. شوان شێروان، خوێنەچۆڕەی مێشک لە ئەنجامی چەند گرفتێکی تەندروستییەوە سەرهەڵدەدات، لەوانە:
• بەرزیی پەستانی خوێن (فشاری خوێن) بە شێوەیەکی بەردەوام.
• لاوازی یان نائاسایی لە دیواری خوێنبەرەکاندا؛ وەک پەیدایشتی پفکەی خوێنبەر (Aneurysm).
• بەکارهێنانی دەرمانی دژەمەیینی خوێن بەبێ چاودێریی پزیشکی.
• نەخۆشی و گرفتەکانی مەیینی خوێن.
• بوونی گرێ لە مێشکدا.
نیشانە مەترسیدارەکان کە نابێت پشتگوێ بخرێن
نیشانەکانی خوێنەچۆڕەی مێشک زۆرجار بە شێوەیەکی لەناکاو دەردەکەون، گرنگترینیان:
• سەرئێشەیەکی لەناکاو و ئێجگار توند؛ کە پێشتر نەخۆش ئەزموونی نەکردبێت.
• سڕبوون، بێهێزی، یان ئیفلیجی لەناکاو لە دەم، دەست، یان قاچدا (زۆرجار لە یەک لای جەستەدا).
•تێکچوونی کوتوپڕی قسەکردن یان تێنەگەیشتن لە قسەی دەوروبەر.
• لەدەستدانی بینین یان تاریکبوونی چاوەکان بۆ ماوەیەکی کاتی.
• هێڵنجدان و ڕشانەوە.
• لەدەستدانی هاوسەنگیی جەستە، سەرلێشێواوی و بوورانەوە.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن
چارەسەری ئەم حاڵەتە فریاگوزارییە پەیوەستە بە شوێن، هۆکار و قەبارەی خوێنەچۆڕەکە:
1. کردنی نەشتەرگەریی کوتوپڕ: لە کاتێکدا خوێنەچۆڕەکە فراوان بێت یان پەستانی سەر مێشک زیادی کردبێت، نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت بۆ ڕزگارکردنی مێشک لە پەستان و ڕاگرتنی خوێنەچۆڕەکە.
2. چارەسەری دەرمانی و چاودێریی چڕ:
• بەکارهێنانی دەرمان بۆ دابەزاندنی خێرای پەستانی خوێن.
• دەرمانەکانی کەمکردنەوەی ئاوسانی مێشک (وەک کۆرتیزۆن).
• دەرمانی دژەگەشکە بۆ ڕێگەگرتن لە تێکچوونی کارەبای مێشک.
چۆن مەترسیی تووشبوون کەم بکەینەوە؟
پێشگیری هەمیشە باشترین چارەسەرە. بۆ پاراستنی مێشک لەم مەترسییە، پێویستە ئەم ڕێنماییانە پەیڕەو بکرێن:
• کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن: نزیکەی ٨٠٪ی تووشبووان پێشینەی بەرزیی پەستانی خوێنیان هەیە؛ بۆیە کۆنترۆڵکردنی بەردەوام هۆکاری سەرەکییە بۆ ڕێگری.
• دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان: بەتایبەت کۆکاین، کە مەترسیی تەقینی خوێنبەرەکان چەند هێندە زیاد دەکات.
• ڕێکارەکانی سەلامەتی لە ڕووداوەکاندا: بەستنی کڵاوی پارێزەر لە کاتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل و پایسکیل و، بەستنی پشتێنی سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێل بۆ دوورکەوتنەوە لە زەبری توندی سەر.
• چارەسەری پێشوەختە: ئەگەر کێشەی زگماکی یان نائاسایی لە دیواری خوێنبەرەکاندا هەبێت، ڕاوێژ و نەشتەرگەریی پێشوەختە لە خوێنەچۆڕەی لەناکاو دەتپارێزێت.

