رۆژنامەی ھەولێر

پێشنیازێک هەیە کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان ناچاربکرێن قیست و پارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگرن

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

دابەزاندنی بەهای دینار و گۆڕینی بەهای سەد دۆلاری ئەمریکی لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراق لە سەد و سی هەزار دینارەوە بۆ سەد و پەنجا هەزار دینار کاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕەکان و ئەگەر ئەم کاریگەرییانە بە تایبەتی لەسەر نرخی خۆراک و پێویستییەکان بەهێمنی ڕووبدەن و دوای چەند مانگێک خەڵک بە تەواوی هەست بە هەڵاوسان و گرانتربوونی شتومەک بکەن ئەوا بۆ ئەوانەی بە دۆلار لە خانووی کرێدا دەژین یان بە دۆلار قیستی زەوی و خانوو یان هەر کەرستە و پێداویستییەکی دیکەیان لەسەرە، خێرا کاریگەرییەکان دەردەکەون.

بۆ زیادبوونی هەر دوو جۆری هێدی و خێرای نرخ باسی چەند نموونەیەک دەکەین. بۆ نموونە جۆرێکی تایبەتی لە برنج لە هەرێمی کوردستان هەیە کە فەردەیەکی دە کیلۆیی بە بیست هەزار دینار دەفرۆشرێت. وەک ئاشکرایە ئەو بازرگانەی برنجەکەی لە وڵاتی هیندستان هاوردە کردووە هەر سەد دۆلاری بە سەد و سی و یەک هەزار دینار لە بانکی ناوەندی کڕیوە و چووە برنجەکەی پێ کڕیوە و دوای خستنەسەری قازانج بۆ هەر فەردەیەک بە بیست هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتی. ئێستا هەمان بازرگان بانکی ناوەندی بە سەد و پەنجاو و یەک هەزار دینار دۆلاری پێ دەفرۆشێت، کەوایە دەبێت لانی کەم لەسەدا دەی نرخەکە بەرز بکاتەوە و فەردەی برنج بگەیەنێتە بیست و دوو هەزار دینار ئەوجا هەمان قازانجی جاران دەکات.
بازرگانەکە لانی کەم بەشی سێ مانگی دیکە برنجی بە نرخی جاران هاوردە کردووە و ئەگەر ویژدانی هەبێت ئەوا تا سێ مانگی دیکە نابێت نرخ زیاد بکات بەڵام کاتێک برنجەکەی لە کۆگە تەواو دەبێت و برنجی نوێ بە نرخی نوێ شوێنی دەگرێتەوە هیچ چارەیەکی نییە جگەلەوەی کە نرخی برنج بەرز بکاتەوە.
ئەم پڕۆسەیە لە گۆڕانکارییەکانی نرخی شتومەک بۆ زۆربەی پێویستییەکان دروستە و کاریگەرییەکان و بەرزبوونەوەی نرخ کتوپڕ ڕوونادەن.
بەڵام بۆ کەسێک کە بۆ نموونە شوقەیەکی بە کرێ گرتووە و دەبێت مانگانە چوارسەد دۆلار بدات ئەوا ئەگەر جاران بە نرخی ئازاد لە خوار سەد و پەنجا هەزار دۆلاری دەکڕی و دواتر دەیدایە خاوەن ماڵ ئەم جارە دەبێت بە زیاتر لە سەد و شەست و حەوت هەزار دینار بیکڕێت و بیداتە خاوەن ماڵ کەوایە لە هەر سەد دۆلار لانی کەم دەبێت حەڤدە هەزار دیناری زیاتر بدات و لە چوارسەد دۆلارەکە مانگانە خەرجییەکانی شەست و هەشت هەزار دینار بەرز دەکاتەوە.
ئەمە بۆ کەسێک کە خانوو و شوقەی کڕیوە یان بۆ کەسێک کە بە قیست مۆبایل یان لاپتۆبێکی کڕیوە بە هەمان شێوە تێچوو و خەرجییەکانی بۆ زیاد دەکات.
هەموو ئەو کەسانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە و مانگانە قیست دەدەن، زیانی داراییان بەرکەوتووە چونکە ناچارن قیستی مانگانەی یەکەکان بە دۆلار بدەن.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پێشنیازێک بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە و تێیدا داوا بکات سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان ناچاربکرێن قیست و پارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار وەربگرن.
دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەکە خۆی گوتوویەتی لە پێشنیازەکەدا داوا دەکەن بەهایەکی دیاریکراو دابنرێ و سەرجەم قیستەکان بەو بەهایە بدرێنەوە.

ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییەی دەستەی وەبەرهێنان سەر بگرێت مافی خۆیەتی هەوڵی هاوشێوە و پێشنیازی دیکە بۆ ئەو کرێچییانەش کە بە دۆلار لە کرێدان یان ئەو خێزانانەی بە دۆلار قیستی کەرستەی ناوماڵ و مۆبایل و شتی دیکەیان لەسەرە هەمان ئاسانکاری بکرێت و قیستەکان لەسەر بنەمای پێدانی دینار هاوسەنگ بکرێن.