ئاریان دەرگەلەیی هەولێر
بەهرۆز جەعفەر، بەرپرسی بیرگە (ئینستیوت)ـی مێدیتریانە یە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی (MIRS) كە دامەرزاوەیەكی كوردییە، توێژینەوەیەکی تازەی تایبەت بۆ “هەولێر” ناردووە و بەو ناونیشانە بڵاو کردووەتەوە: “تەڵە و پارادۆكسی نەوتی عێراق؛ ئابووریەکی كرێخۆر لە نێو شۆكە جیۆپۆڵەتیكییەكاندا”؛ ئەو لە سەرەتای بابەتەکەدا نووسیویەتی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، سەرۆكوەزیرانی عێراق “عەلی زەیدی” بە نیۆرك تایمزی وتووە، بە هۆی جەنگی ئێرانەوە، عێراق نزیكەی ٦٠ملیار دۆلار داهاتی نەوتیی لەدەست داوە؛ ماوەی نزیكەی دوو مانگ عێراق هەر سەدا ١٠ـی نەوتەکەی پێ هەناردە دەکرا و، سەدا نەوەدەکەی دیکەی پەنگی دەخواردەوە؛ کێشەکە ئەوەیە (٩٠٪)ی ئابوورییەكەی پشت بەو نەوتە خاوە دەبەستێت كە هەناردەی دەكات.
لە حوزەیرانی ٢٠٢٥، واتە پێش دەستپێكردنی یەكەمین گەڕی بەیەكداكێشانی ئەمریكاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەدەگی بانكی ناوەندیی عێراق سەروو ١١٠ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦دا ئەم یەدەگە گەیشتوە بە كەمتر لە ٦٠ملیار دۆلار! ئەگەرچی كابینە (تەواونەبووەكەی) زەیدی لە ماوەی پێنج مانگی دەستبەكاربوونیدا توانیویەتی لە نێوان جەمسەرگیرییە جیهانییەكان و گرژییە جیۆپۆڵەتیكییەكاندا جۆرێك لە هاوسەنگی درووست بكات، بەڵام هێشتا كێشە گەورەكە ئەوەیە کەشتیە بارهەڵگرە زەبەلاحەکانی نەوتی خاو (VLCC) ڕوو لە بەندەرەكانی بەسرە ناكەن. ئایا ئابووریی نەوتیی عێراق چۆن ڕزگاری دەبێت!؟ كێشە سەرەكییەكانی بەردەم پیشەسازییە هایدرۆكاربۆنییەكان لە كوێدان؟ هەرچۆنێك تەماشای دیمەنەكە دەكەیت، عێراق زیانمەندی گەورەی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیلە لەگەڵ ئێران، بۆچی!؟
تا پرۆسە نەوتییەكان بەردەوامتر دەبن، قەیرانە ئابوورییەكەی كەڵەگەتر دەبێت!
لوغزێك لە ئابوورییە كرێخۆرەکەی (Rentier Economy) عێراقدا هەیە، ئەوە لە هەرێمی كوردستانیش وابوو، تاوەكو پرۆسە نەوتییەكان بەرەو پێشتر دەچوون و دەرهێنانەكان فراوانتر دەبوون، قەیرانی دارایی و سیاسی زیادی دەكرد! لێرەدا ئابوورییەكە هەر بەتەنها پشت بە نەوت دەبەستێت نەك باج و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دابینكردنی دارایی بودجە و داهاتەكانی. ئەگەر عێراق لە گێژاوی هورمزیش ڕزگاری بێت، هێشتا ئابوورییەكەی مەترسی خنكانێكی گەورەی لەسەرە:
لە مانگی حوزەیرانی ئیمساڵەی ٢٠٢٦ـدا، عێراق ٢٤ملیۆن و ٥٠٠هەزار بەرمیل نەوتی بە داشكاندنی (-٢٩) دۆلار فرۆشتووە، كە كۆی گشتیی داهاتەكەی ٧١٩ملیۆن دۆلار بووە. لەكاتێكدا، عێراق مانگانە پێویستی بە نزیکەی ٧ملیار و ٤٠٠ملیۆن دۆلارە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتی (واتە زیاتر لە ٨تریلیۆن دینار). ئەم وڵاتە نزیکەی ٤ملیۆن و ٦٠٠هەزار تەنها فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی هەیە، كە (٦٢٪) یان سەر بە كەرتی سەربازی و ئەمنی و ناوخۆن!
لە تەمووزی ٢٠٢٦ـدا عێراق ٤٩ملیۆن بەرمیلی بە داشكاندنی (-٢٧ دۆلار) فرۆشتوە، زیاتر لە ٣٠ملیۆن بەرمیلی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێوە، داهاتەكەی ١ملیار و ٣٠٠ملیۆن دۆلار بوە. لە مانگی ئابدا ٧٠ملیۆن بەرمیلی بە داشكاندنی (-٢٥) دۆلار فرۆشتوە، كە داهاتەكەی دەكاتە ١ملیار و ٧٠٠ملیۆن دۆلار، لە مانگی ئەیلولیشدا ٧٩ملیۆن و ٥٠٠هەزار بەرمیلی فرۆشتووە بە داشکاندنی (-١٨) داهاتەكەی نزیکەی ٥ملیار دۆلار بوە.
كاتێك ئەمریكا دەڵێت هورمز كراوەتەوە، ئێران دەڵێت داخراوە و، ناوبەناو كەشتییەكی نەوتی دەكرێتە ئامانج، ئیتر وەك جاران كڕیارەكان ڕوو لە بازاڕی نەوتی عێراق ناكەن. بۆیە سۆمۆ هەم بەگشتی داشكاندنەكانی زیاد كردووە و، هەم داشكاندنی تایبەتتری بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی بە چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی و هیندی كردووە، چوونكە ئەوانە یارمەتی دارایی عێراقیان داوە تا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بدات، بەڵام ئەم بابەتەیان ناوناوە وەرگرتنی پارەی پێشوەختەی نەوتەكە لەو كڕیارانە. بۆ نموونە ئێستا لە ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦ـدا، عێراق داشكاندنی بۆ چەند كۆمپانیایەك كردووە بە ڕادەی (-٣٢) دۆلار خوار بازاڕ.
جاران لەسەر چۆنیەتیی بنیادنانی ژێرخانی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق و بەرز ڕاگرتنی ئاسایشی وزە شیكاریی دیكەمان بڵاو كردۆتەوە. لێرەدا، هەوڵ دەدەم كێشە شێرپەنجاوییەكانی كەرتی نەوتیی (نەك وزە بەگشتی) لە عێراق بەگشتی لە چوار خاڵدا چڕ بكەمەوە:
یەكەم: نەبوونی ژێرخانێكی پیشەسازییە نەوتییەكان، بووەتە هۆی نەبوونی بەرهەمە نەوتییەكان. بۆ لێكۆڵەرێكی بیانی دیمەنەكە وا دێتە پێش چاو كە بڕیاربەدەستانی عێراق واتێگەیشتون كە “وزە” هەر بریتییە لە “نەوتی خاو”، دەریدەهێنێنن و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشن؛ با وای دەبنەین وایە، ئێ بەڵام لە نەوتی خاوەوە دەیان پێكهاتەو پیشەسازیی دیكە دەتواندرێت بەرهەم بهێندرێت، وەكو نەفتا، غازی شل، كیرۆسین، بەنزین (بەچەندین كوالێتی جیاواز)، دیزڵ (بەچەندین جۆر و كوالێتی جیا-جیا بۆ پێداویستی جیاجیا)، جێت فیوڵ، ڕۆنە چەوركەرەكان، قیر (بە چەندین كوالێتی جیاجیا وەكو قیری ٦٠/٧٠، قیری ٥٠/٦٠، جانبۆباگ و تادوایی)، ڕۆنە ڕەشەكە (بە VR ناسراوە، ئەوەش سێ جۆری سەرەكی دیكەی هەیە). ئەوەتا هەمووان لەشارەكانی عێراق نۆرە دوور و درێژەكانی هاووڵاتیان دەبینن بۆ وەرگرتنی بەنزین، چوونكە عێراق تا ئێستا ماددە چاككەرەكانی بەنزین وەكو تۆڵۆوین-Toluene و ئیتانۆڵ و میتانۆل لە دەرەوە هاوردە دەكات، ئەو ماددانەش بەهۆی جەنگ و گرژییە ناوچەییەكانەوە زۆر گرانبوون.
دوەم: نەبوونی پیشەسازییە تەحویلیەكان (Manufacturing industries)، لەگەڵ هەبوونی ژێرخانێكی پیشەسازیی بەهێزدا، دەبێت پیشەسازییەكان وەربگێردرێن بۆ ماددەو كاڵای دیكەی نوێ. لێرەدا بە بەكارهێنانی هێزی كار و ئامێر و تەكنەلۆژیا كەرەستەی خاو دەكەنە كاڵای تەواوەتی، یان دوو مادەی جیا تێكەڵ دەكەن و كاڵایەكی نوێی لێ بەرهەم دەهێنن؛ بۆ نموونە لە گازی سرووشتییەوە هەر كارەبا بەرهەم نایەت، بەڵكو دەیان ماددەی كیمیایی دیكە كە نرخی زۆربەیان لەبازاڕەكاندا گرانترە لە گازی سرووشتی خۆی وەكو: پەیینی كیمیایی (Fertilizer)، ئامۆنیا، هایدرۆجین، ماددەی وەكو MTBE بۆ باشتركردنی ئۆكتانی بەنزین، پلاستیك و مادە داپۆشەرەكانی تر و چەندینی دیكە درووست بكرێت. تەنانەت ئەو ڕۆنە ڕەشەی لە كۆتایی پرۆسەی پاڵاوتندا دەمێنێتەوەو دەڕژێت جۆرێكیان كە (VR 2)ـە بۆ دروستكردنی مكیاژ و جوانكاری بەكار دێت، خەیار و كبریت تێكەڵ بكەیت دەبێت بە سابوون و كرێمی دەموچاو و، زۆر نموونەی دیكە، كە لە عێراقدا ئەم گۆڕانكارییە نییە و، ساڵانە ملیارەها دۆلاری ئەم وڵاتە بۆ كڕینی ئەو بەرهەمانە دەچێتە دەرەوە.
سێهەمیان، كێشەی بەهەدەردانی گاز، سووتانی گازی وڵاتەكە لە ختوخۆڕایی بوەتە هۆی ئەوەی ساڵانە ٧ملیار دۆلار لەسەر عێراق بكەوێت، هەم ژینگە پیس دەكات، هەم تادێت و بە تایبەت لەم سەردەمەی زیرەكی دەستكرد و ئۆتۆمبیلی كارەباییدا پێویستی جیهان بە كارەبا زیاد دەكات، كەچی عێراق ساڵانە گازەكەی خۆی دەسووتێنێت و، لە دەرەوە گاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا هاوردە دەكات!
چوارەمیان، هەمەچەشن نەكردنی كەناڵەكانی هەناردەكردنی نەوت (تەنها پشتبەستن بە هورمز كارەساتی ئێستا و ئایندە دەبێت)، ئەمەش بوەتە هۆی داخرانی عێراق نەك هەر لە ڕووی بازاڕی نەوتەوە بەڵكو لە ڕووی دیپلۆماسی و كولتووری و ئاڵۆگۆڕی دیكەیشەوە. هێشتا عێراق لە خەیاڵی ئەوەدا دەژیێت كە دۆلار بدات بە ئێران بە ناوی هاوردەكردنی گازی سرووشتییەوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

