رۆژنامەی ھەولێر

بە ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی؛ بودجەی کڕینی دەرمان بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێم دابین کرا

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە پاڵپشتی و ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان بۆ تەواوی نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دابین کراوە و بۆشایی کەمیی دەرمان پڕ کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە لێدوانێکدا ڕوونی کردەوە کە بەشێکی کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە چوارچێوەی بودجەی حاکیمەدا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو بڕەی لە بەغداوە دێت سنووردارە و بەشی تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، پشکی سەرەکیی دەرمان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دابین دەکرێت و بە بڕیاری سەرۆکوەزیران توانراوە بودجەی تەواو بۆ هەموو دەڤەرەکان مسۆگەر بکرێت، بەمەش ڕێگری لە دروستبوونی قەیرانی دەرمان کراوە.

سەبارەت بە هەندێک لە کێشەکانی کەمیی دەرمانیش، د. سامان بەرزنجی گوتی: “کەمیی دەرمان تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا دروست دەبێت، وەک دەرمانەکانی پڕۆژەی نیشتمانی، ڤاکسین، دەرمانە بایۆلۆجییەکان و دەرمانە دەگمەنەکان، کە ئەمەش کێشەیەکی گشتییە و لەسەر ئاستی تەواوی عێراق کەمبوونەوەیان هەیە.”