ئاریان دەرگەلەیی – هەولێر
مایەی خۆشحاڵییە كە بابەتی ژینگە و ژینگەپارێزی لەسەر ئاستی تاك ساڵ لە دوای ساڵ بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە؛ هەرچەندە هێشتا لە ئاستی داواكاری ئێمەی چالاكوانانی ژینگەدا نییە، بەڵام دەكرێت بۆ چەند ساڵی ئایندە كاریگەرییەکی زۆر باشتری بەدوودا بێت.
ئێمە هەمیشە گوتوومانە هۆشیاری تاك و چاودێری و بڕیاری حكومەت تەواوكەری یەكترن بۆ پاراستنی ژینگە، كاتێ تاك هۆشیار بێ و حكومەتیش بڕیاری دروست بدات، ئەوا گومانی تێدا نیە مەترسیە ژینگەییەكان ئەگەر كۆتاییشیان پێ نەیێت لایەنی كەم كەم دەبنەوە.
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین تویژینەوەی خۆیدا كە كۆپییەكی بۆ “هەولێر” ناردووە بە وردنی باسی لەم بابەتە كردووە ، ئەو پیی وایە كە بڕیاری قەدەغەكردنی كەلوپەلی پلاستیك لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەی ئەمساڵ، لەلایەن پارێزگار و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەكە، یەكێكە لە دڵخۆشییە گەورەكانی ئێمە، چونكە ساڵی پێشوو بە نووسینێك تیشكمان خستە سەر مەترسییەكانی بوونی پلاستیك و پاشماوەكان لە ناو ئەم جۆرە كۆبوونەوە جەماوەرییانەدا.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانماندا بۆ گەشەپێدان و دەوڵەمەندكردنی هۆشیاری ژینگەیی، نەخشەڕێگەیەكی گشتگیرمان داڕشتووە كە لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورتی دەكەینەوە بۆ ئەوەی بۆ فیسیڤاڵی ئەمساڵ سەرپەرشتیارانی ئازیز سوودی لێ ببینن و جێبەجێی بكەن.
دیاریكردنی ئامانج و قەدەغەكردنی پلاستیك
فێستیڤاڵی پاییز و هەناری هەڵەبجە وەك نموونەیەكی كردەیی و بەرچاو وەرگیراوە، قەدەغەكردنی تەواوەتی بەكارهێنانی سەرجەم بابەت و كەرەستە پلاستیكییەكان لە ناو فێستیڤاڵەكەدا هەنگاوێكی ئەرێنی نوێیە تاوەكو ئاهەنگەكانمان لە زیانگەیاندن بە سروشت پاك بكەینەوە، ساڵانی پێشوو زیاد لە ٣٠٠هەزار سەردانیكەر سەردانیان كردووە، چاوەڕوان دەكرێ ئەمساڵ بۆ نیو ملیۆن كەس زیاد بكات، كەواتە، ئەگەر بەرنامەیەكی تۆكمە پەیڕەو نەكرێ مەترسییەكان زیاتر دەبن، كە مایەی خۆشحاڵییە، قەدەغەی پلاستیك بڕیاری لێ دراوە.
ئەگەر هەر هاووڵاتییەك تەنها یەك پەرداخ یا بوتڵی پلاستیك بەكار بهێنێ ئەوا ژمارەكەی دەبێتە نزیكەی نیوملیۆن پاشماوە تەنها بۆ ئاوی خواردنەوە.
ئەگەر قاپ و كەوچك، پەرداخی خواردنەوەی چا و ئاو، پەرداخی شەربەت، قاپی میوەكان و چەتاڵ و دەیان جۆری تر بەكار بهێنرێ ئەوە ژمارەكە دەچێتە چەندین ملیۆن پاشماوەی پلاستیك، ئەوە باسی كیسی نایلۆن ناكەین كە ئەویش لەو ڕێژەیە كەمتر نابێ.
ساڵانی پێشوو گرفتی گواستنەوەی پاشماوە یەكێك بوو لە گرفتەكان و بووە هۆی ڕژاندن و بڵاوكردنەوەیان بە ناو پاركەكەدا، ئێمە بۆ ئەمساڵ پێشنیاری بەكارهێنانی درۆنی كشتوكاڵی دەكەین، پێشنیارمان كردووە سوود لە درۆنی كشتوكاڵی یان درۆنی بارهەڵگر وەربگیرێت، تاوەكو لەبری گواستنەوەی دەستی یان بە ئۆتۆمبێل لە ناو جەنجاڵی و قەرەباڵغاییدا، پاشماوەكان لە شوێنە قەرەباڵغەكان ببرێنە دەرەوە، ئەو كاتە پڕۆسەی گواستنەوەكە خێرا تر دەبێ و ئاستەنگی بۆ دروست نابێ.
تەرخانكردنی تیم و چاودێری ژینگەیی زیاتر لەگەڵ دابینكردنی حاویە و سەلەی زیاتر بۆ جیاكردنەوە و كۆكردنەوەی خاشاك، تەنانەت ئەگەر كەلوپەلەكان دۆستی ژینگەش بن دەبێ كۆبكرێنەوە و ببرێنە دەرەوە.
دەكرێ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو، لە ڕێگەی بڵندگۆكان و شاشە گەورەكانی ناو فێستیڤاڵەكەوە بەردەوام ڕێنمایی ژینگەیی بوترێتەوە، شاشەكان بۆ دروشم و ڕێنماییە ژینگەییەكان و پەخشكردنی ڤیدیۆی هۆشیاری بەشێوەیەكی بەردەوام كاریان پێبكرێت، بەردەوام هاووڵاتیان ئاگادار بكرێنەوە كە پاشماوە فڕێ نەدەن و، دەكرێ چەندین كامێرای چاودێرییش دابنرێ بۆ وێنەگرتنی سەرپێچیكەران هەم فرۆشیاران و دووكانداران، هەم سەردانیكەران.
پێشنیاری دانانی پێشبڕكێ و خەڵاتكردنی ئەو فرۆشیارانەی بەشدارییان كردووە، نەبوونەتە هۆكاری پیسكردن و فڕێدانی پاشماوە لە شوێنەكەیان، یا ئەوانەی كە سەرجەم كەلوپەلەكانیان دۆستی ژینگەن.
جەختكردنەوە لەسەر زیادكردنی ڕۆژەكانی فێستیڤاڵ (كە خۆشبەختانە ئەمساڵ ڕۆژێك زیاد كراوە) ڕێكارێكی گرنگە تاوەكو هەموو هاووڵاتییەك بتوانێت بەشداری بكات و ڕێگری لە قەرەباڵغی و جەنجاڵی هاتووچۆ بگرێت، ئەمەش دەرفەتێكە كە سەردانیكەران قەرەباڵغی دروست نەكەن.
دەكرێ لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە، چەندین هۆكاری گواستنەوەی گشتی دابین بكرێ لە دەروازەی شار یا دەرەوەی شار دابنرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ كەمترین ئۆتۆمبیلی تایبەت بێتە ناو شار هەموان دەزانن ساڵانی پێشوو یەكێك لە گرفتە گەورەكان بوونی هەزاران ئۆتۆمبیلی تایبەت بوو كە ئەمەش كێشە و گرفتی دروست كردبوو.
پێویستە هەموو لایەك تێبگەن كاتێك كارگەی ڕیسایكڵ و مردەوەژێمان نییە، پاشماوەكانی فێستیڤاڵێك ـ كە بۆ ٥٠٠هەزار سەردانیكەر لە ماوەی چوار ڕۆژدا پێشبینی دەكرێ، دەگاتە ملیۆنان بۆتڵ، كیسی نایلۆن و كەرەستەی سەفەری ـ زیانی گەورە بە هەوا، خاك، سەرچاوەكانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و، گیانی باڵندە و ئاژەڵەكان دەگەینن و، كاریگەرییە خراپەكانیان تەنانەت لە دەرەوەی شوێنی فێستیڤاڵەكەش بەردەوام دەبن.
ئەم هەنگاوانە تەنها بۆ ناو پارك یان شوێنی فێستیڤاڵێك نین؛ بەڵكو ڕەنگدانەوەی كلتووری ژینگەپارێزی تەواوی كۆمەڵگەكەمانن، ئەگەر ئەم ڕێكارانە ببنە یاسا و نەریت لە سەرجەم چالاكییەكانی تردا، دەتوانین كەمترین زیان بە ژینگە و سروشتی نیشتمانەكەمان بگەیەنین و مۆدێلێكی شایستە و بەردەوام پێشكەش بكەین.

