رۆژنامەی ھەولێر

ڕاستیی مێژوو لە بەر سێبەری ئاوازدا

ڕزگار خۆشناو
بە بڕوای من، ئاستی ڕۆشنبیریی مرۆڤ بە ژمارەی بڕوانامەکانی ناپێورێت؛ بەڵکو بەو زیرەکی و وردبینییە دەناسێندرێت کە بتوانێت لە پشت پەردەی هەست و لایەنگرییەوە، ڕاستی ببینێت. مێژوو تەنها کۆمەڵێک ساڵ و ناو نییە؛ مێژوو یادەوەریی دڵە، ئەو ئاوێنەیە کە تەنها بە بەڵگە، واقیع و دادپەروەری ڕوون دەمێنێتەوە. ئەگەر بە دەستی خۆمان تەم بخەینە سەر ئەو ئاوێنە، نە تەنها ڕاستی دەشارینەوە، بەڵکو بەشێک لە گیانی خۆیشمان ون دەکەین.
زۆر بە داخەوە، لە ناو مەیدانی هونەردا کەسانێک پەیدا بوون کە بە ناوی خزمەتکردنی هونەر و هونەرمەندەوە دەدوێن، بەڵام لە بنەڕەتدا تەنها خزمەتی خۆیان دەکەن. هونەر بۆ ئەوان پەیژەیەکە بۆ بەرزکردنەوەی ناوی خۆیان و بۆ خۆپیشاندان. بەڵام هونەر، ئەگەر لە ڕاستگۆیی داببڕێت، وەک سازێکی بێژێیە! مێژووی شاری هەولێر شایەتحاڵی ئەوەیە کە حەمە جەزای ڕەحمەتی، لە کاتێکدا سلێمانیی جێ هێشت و ڕووی لە هەولێر کرد، لەگەڵ خۆیدا تەنها خەونێکی هەڵگرتبوو: خەونی ئەوەی دەنگەکەی بگاتە گوێی خەڵک. پێشتر هەوڵی دابوو لە ڕێگەی تیپی سلێمانییەوە گۆرانی تۆمار بکات، بەڵام یارمەتی نەدرابوو؛ بەو پاساوەی کە گوایە دەنگی بەکەڵک نایەت. چەند سەیرە:
هەندێک جار یەک وشەی سارد دەتوانێت دەرگایەک دابخات، بەڵام چارەنووس لە شوێنێکی تر پەنجەرەیەکی بۆ دەکاتەوە. لە هەولێر، حەمە جەزا بە لاساییکردنەوەی هونەرمەندی گەورەی کورد، حەسەن زیرەک، دەستی بە گۆرانیوتن کرد. دەنگەکەی هێشتا خام بوو و ئەزموونی هونەریی زۆری نەبوو؛ بەڵام لە ناو ئەو دەنگە خامەدا تۆمی شتێکی گەورە هەبوو. لە نزیکەی ناوەڕاستی حەفتاکان، کاتێک من هێشتا قوتابیی موزیک بووم لە بەغدا، یەکترمان ناسی. ئەو ناسینە، تەنها دیداری دوو کەس نەبوو؛ سەرەتای هاوبەشیی دوو ڕێگا بوو کە دواتر لە ناو ئاواز، مەقام و یادەوەریدا پێکەوە گرێ دران. یەکەمین بەرهەمی هاوبەشمان کاسێتێک بوو کە لە میانەی ئاهەنگێکی تایبەتدا، لە ماڵی خوالێخۆشبوو عیزەددین وەستا خدر لە گەڕەکی تەیراوە تۆمار کرا؛ ماڵێک کە تەنها چەند هەنگاوێک لە ماڵی باوکی ڕەحمەتیم دوور بوو، بەڵام لە یادەوەریی مندا وەک ماڵی یەکەمین خەونەکان دوور و بەرز ماوەتەوە. ئەو کاسێتە بە ناوی “لێوت خوێنی گەشمە” زۆربەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی لەخۆ دەگرت و من ئامادەم کردبوون؛ ڕەنجبەری برام و خوالێخۆشبوو شەریف جەرجیس بە ئامێری ڕزم بەشدار بوون ئەوانی ترم لە یاد نەماون. لەوێوە کاری هونەریی من و حەمە جەزا دەستی پێکرد. پاشان کاسێتەکانی مەقام و گۆرانییەکان یەک لە دوای یەک هاتن:
“عەشق و ئازادی”، “ناڵەی جودایی”، “بووکی ئازادی”، “خاڵە وەرە”، “ئەمن دەمگوت”، “لە دەستم دێ” و زۆری تر. حەمە جەزا منی لەگەڵ خۆی دەبردە سلێمانی؛ لە ماڵی باوکی ژوورێک هەبوو کە دیوارەکەی بە دیواری مزگەوتەکەی باوکی نووسابوو. لەو ژوورە بچووکەدا، بە ئامێرێکی گروندیگ تی٤٦ دەنگێک تۆمار دەکرا کە دواتر سنووری ماڵ و شار و وڵاتیشی بڕی. هەندێک شوێن بە قەبارە بچووکن، بەڵام بە یادەوەری گەورەن؛ چونکە خەون لەوانەدا پەنا دەگرێت.
هاوینی ساڵی ١٩٧٧، ساڵی دەرچوونم لە پەیمانگای موزیک لە بەغدا، لەگەڵ کۆمەڵێک ژەنیاری هەولێر لە بنکەی شانۆی لادێ، لە تەنیشت سینەما سیروان، مانگێک بەردەوام پڕۆڤەمان کرد بۆ دوو بەرهەم: «دوورم لە یاران» بە دەنگی قادر زیرەک و بە شیعر و ئاوازو دابەشکردنی بەندە «حەزم لێ کردووی» بە هۆنراوەی مەدهۆش و ئاواز و دابەشکردنی بەندە، بە دەنگی محەمەد جەزا. جگە لەوانە، کاسێتی “بیبی خانم”، “کیژی کوردستان” و بەرهەمی زۆری تر دروست بوون؛ هەر یەکێکیان پارچەیەک بوون لە گەنجینەی ئەو سەردەمە. من بۆ حەمە جەزا گرووپێکی تایبەتم بە ناوی “شیلانە” دامەزراند کە پێنج ژەنیاری لەخۆ دەگرت.
لە زۆربەی ئاهەنگەکانی یانەکانی پزیشکان، ئەندازیاران، پارێزەران و مامۆستایانی هەولێر، ئەو تیپەی من سەرپەرشتیم دەکرد بەشدار دەبوو. هەموو گۆرانییەکانمان بە وردی پڕۆڤە دەکردن، تەنانەت بۆ هەندێکیان ئەبووینەکۆڕسیش. من تەنها لە تەنیشت حەمە جەزا نەبووم؛
لە سەرەتای ڕێگادا هاوڕێ، ڕاهێنەر و یارمەتیدەری بووم، و ئەوەش بە شایەتیی هەموو ئەوانەی لەو سەردەمە لەگەڵمان بوون. لە دروستبوونی ناسنامەی گۆرانیبێژێکدا ڕۆڵم هەبوو کە زۆربەی گۆرانییەکانی بە ئاوازی من بوون: لە «حەزم لێ کردووی» تا «باخی شەقڵاوە»، «لایەلایە»، «شیلانە»، «کیژی کوردستان» و زۆری تر. هەروەها گۆرانییەکانی «کەی دێتەوە» و «گلەیی لە کەس ناکەم» و چەندین بەرهەمی دیکەم ئامادە کرد. حەمە جەزا بە هەمان شێوەی یەکەم نەمایەوە؛
گەشەی کرد، شارەزایی زۆری لە مەقام چڕین پەیداکردو گەیشتە ئاستێک کە کەم ئاهەنگ بەبێ بەشداریی ئەو ساز دەکرا. هاوکاریی ئێمە بۆ منیش ئەزموونێکی نوێ و پڕبایەخ بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوی ئەوی زۆر بەرز کردەوە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ژەنیار زۆرجار سەربازێکی ونە؛
دەنگەکەی لە پشت گۆرانییەوە دەبیسترێت، بەڵام ناوی لەسەر زاری کەم کەس دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا، ئەگەر گۆرانیبێژ خۆی ژەنیار نەبێت و تیۆریی موزیک، سۆلفێژ و زانستی موزیک نەزانێت، بەبێ کەسێکی شارەزا ناتوانێت بە ئاسانی بگاتە لووتکە. تەنانەت گۆرانیبێژانی دیکە گلەیییان لە من دەکرد کە گوایە لەبەر حەمە جەزا پشتگوێم خستبوون؛ ئەمەش بەڵگەی ئەوە بوو کە چەندە بە دڵ و گیان خۆم بۆ ئەو هاوکارییە تەرخان کردبوو.
چارەنووس، کە هەمیشە بە نهێنی پەڕەکانی ژیان دەنووسێت، وای داڕشتبوو کە من و حەمە جەزا لە هەمان ساڵ، ١٩٨١، ناچار بین کوردستان جێ بهێڵین. ئەو چووە ڕیزی پێشمەرگە و منیش ڕووم لە هەندەران کرد، دوای ئەوەی ئامادە نەبووم ئاواز بۆ ئۆپەرێتێک لەسەر سەدام دابنێم. ڕێگاکانمان جیا بوونەوە، بەڵام پەیوەندییەک کە بە ڕاستی لە دڵەوە هەڵقوڵابێت، بە دووری و جوگرافیا کۆتایی نایەت! لە ئەورووپا، من و حەمە جەزا جارێکی تر گەیشتینەوە یەک. پێکەوە لە چەندین ئاهەنگ و چاوپێکەوتن لە نەمسا، ئەڵمانیا، دانیمارک و ئینگلتەرا بەشدار بووین. دوا بەرهەمی هاوبەشمان لە ساڵی ٢٠٠٠ لە نەمسا تۆمار کرا. هەر دیدارێکمان وەک گەڕانەوەیەک بوو بۆ ئەو ژوورە بچووکە، بۆ گروندیگە کۆنەکە، بۆ شەوانی پڕ لە پڕۆڤەو ترس لە ڕژێمێک کە لەسەر وشەیەک یەکێکی ئەگرت و ئەشکەنجەی ئەداو زۆر جاریش سزاکەی لە سێدارەدان بوو، مەقام و گۆرانیەکانی حەمە جەزا کە لە زۆربەی ماڵەکانی ئەو سەردەمە ھەبوو، ببوە ھەوێنی بەھێزکردن و مانەوەی ھەستی نەتەوایەتی و خۆڕاگری! ھەزاران گەنجی ھاندان بچنە ڕیزی شۆڕش و ببن بە پێشمەرگە! ئێستا کە بیری لێ ئەکەمەوە موچڕکم بە لەش دادێت! ڕۆژێک، تەواو دە ساڵ پێش کۆچی دواییی، حەمە جەزا تەلەفۆنی بۆ کردم و بە دەنگێک کە بۆنی سەردەمی جارانی لێ دەهات وتی: «حەز دەکەم بە یادی جاران، سی‌دییەکی مەقام تۆمار بکەم؛ وەک کۆتایی حەفتاکان، تەنها بە عوودێک.» لەو کاتەدا من زۆر سەرقاڵ بووم. لە سەنتەرێکی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان وەک دکتۆری موزیک (موزیک‌تێراپی) کارم دەکرد؛ کاتژمێر پێنجی بەیانی هەڵدەستام و پێنج یان شەشی ئێوارەش دەگەڕامەوە ماڵ. بەڵام هەندێک بانگهێشت لە ژیاندا بە کات ناپێورێن؛ بە دڵ وەڵام دەدرێنەوە. پێم وت:
«من لە خزمەتتدام، هەر کاتێک دێیت!» حەمە جەزا کە لە دانیمارک ئەژیا، ھاتە نەمسا و هەفتەیەک لام مایەوە. لە ستۆدیۆیەکی پڕۆفێشناڵی هاوڕێیەکم، کە ئەویش لە هەمان بوار کاری ئەکرد، حەمە ڕۆژێکی تەواو مەقامی چڕی و منیش بە ھەستێکی پر لە بیرەوری و نۆستالژیاو یادی جاران عودم لەگەڵ ژەنی، ئەو ھەستە منی و حەمە جەزای گەڕاندەوە ٣٤ ساڵ پێش ئێستا! زۆر خەمم خوارد کە ئەوە سەردمەی ھەردووکمان ھەڕەتی گەنجیمان بوو ئەو ٢٧ ساڵان و من ٢٤، ئەو کاتەی حەمە جەزا ناوی کوردستان ئەھێنا دیوارەکانی ھۆڵی گەڵ ئەھەژان، ئەو کاتەی پێم وابوو عودەکەم کلاشینکۆفێکە لە دەستم، ئەتوت خەون ئەبینین. بەڵام خەون نەبوو ڕاستیەکی زۆر تاڵ بوو. ھەتاک و میکس و ماستەرینگەکەی تەواو بوو، بووە کاژێر نۆی شەو. بەرهەمەکەی بە دوو کۆپی پێداین، کە خۆی لە دوو سی دی ئەبینیەوە، ئەو ساتە تەنها تۆمارکردنی دەنگ نەبوو؛
تۆمارکردنی پەیمانێکی کۆن بوو، پەیمانی دوو هاوڕێ کە ساڵانێکی زۆرو سنوورێکی چڕ، نەیانتوانی کۆتایی بە پێکەوەکارکردنمان بهێنێت! لەبەر ئەمانە، دادپەروەرانە نییە ناوی کەسێک کە لە دروستبوون و گەشەکردنی هونەرمەندێکدا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، لەگەڵ ناوی کەسانێک دابنرێت کە تەنها بەرهەمێک یان ئاوازێکیان بۆ داناوە. هەر کەسێک دەبێت لەو قۆناغەی ژیانی هونەری ھونەرمەندێکدا بنووسرێت کە ڕۆڵی تێدا هەبووە؛
نە ڕووداوەکان تێکەڵ بکرێن و نە ڕاستییەکان بەپێی ئارەزوو حەزی کەسانێکی نەشارەزا بگۆڕدرێن. لە ژیاننامەی حەمە جەزا لە ویکیپیدیا، تەنانەت بە یەک وشەش باس لە دەستپێکی ژیانی هونەریی ئەو و ڕۆڵی گرنگی بەندە، وەک ڕاهێنەر و مێنتۆر نەکراوە. ئەمە تەنها لابردنی ناوێک نییە؛
سڕینەوەی بەشێکە لە مێژوو. خۆشەویستیی هونەرمەند بەوە نییە تەنها چەپڵەی بۆ لێ بدرێت، خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە، ڕاستیی ژیانی بپارێزرێ، نەک حەزو خواستی کەسێک بێ چونکە ئەوە ئەچێتە خانەی شاردنەوەی ڕاستیەکان و مێژوو نمچە تاوانێکە! نە خۆشەویستیە و نە ڕێزگرتنە لە ھونەر و ھونەرمەندێک کە لە ژیاندا نەماوە!