سەردارئەکرەم – بەریتانیا
من و هاوڕێ هندییەکەم کە ناوی ڕاجایە لە کۆگایەکدا کارمان دەکرد. ڕۆژێکی پایز لە دەرەوە بارانێکی نەرم دەباری و لە ناوەوە دەنگی موزیکی هندی بە ئارامی لە مۆبایلەکەی ڕاجاوە دەهات. ڕۆژانە گفتوگۆمان لەسەر دابونەریت و هونەر و زۆر لێکچوونی نێوان هیندستان و کوردستان هەیە. ڕۆژێک لەسەر میوزیک و، ڕۆژی دواتر لەسەر سەما و، ڕۆژێکی تر لەسەر ئەوەی چۆن هونەر دەتوانێت مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتر نزیک بکاتەوە. بەڵام ڕۆژێک ڕاجا بە شێوەیەکی جیاواز وتی: «ئەمڕۆ دەمەوێت شتێکت بۆ بگێڕمەوە کە هەموو ئەو بابەتانەی پێشوو لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە؛ چیرۆکی سینەمای هیندستان. »
من پێم وابوو مەبەستی تەنها بۆڵیۆد (Bollywood)ـە، چونکە ئەو ناوە زۆرتر لە هەر ناوێکی دیکە بەر گوێی خەڵک دەکەوێت.
ڕاجا پێکەنی و وتی بۆڵیۆد بەشێکی زۆر گرنگە، بەڵام سینەمای هیندستان تەنها بۆڵیۆد نییە. ئەگەر دەتەوێت مێژووی ڕاستیی سینەمای وڵاتەکەم بزانیت، دەبێت بزانیت هیندستان وەک گۆرانییەکی چەنددەنگییە؛ هەر زمانێک دەنگێکی تایبەتی هەیە، بەڵام هەموو دەنگەکان لە یەک کۆراڵدا کۆ دەبنەوە.
ڕاجا بۆی ڕوون کردمەوە کە سینەما لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا گەیشتە هیندستان. لە ساڵی ١٨٩٦دا فیلمەکانی براکانی لومێر لە بۆمبای پیشان دران و خەڵک بۆ یەکەم جار وێنەی جووڵاویان لەسەر شاشە بینی. ئەو ڕووداوە لە سەرەتادا وەک شتێکێکی نوێ بوو، بەڵام هەر زوو هەندێک هونەرمەندی هیندی تێگەیشتن کە ئەم هوونەرە دەتوانێت چیرۆکەکانی خۆیان بگێڕێتەوە، نەک تەنها چیرۆکی بیانی.
ڕاجا بە ئارامی وتی: «ئێمە سەرەتا تەنها بینەر بووین، دواتر بووین بە چیرۆکگێڕ. دادرسا فەلکە یەکێک بوو لەو کەسانەی باوەڕی بە توانای سینەمای هیندی هەبوو.» پاشان باسی فیلمی (Raja Harishchandra)ـی کرد کە ساڵی ١٩١٣ بەرهەم هێنراوە و بە گشتی وەک یەکەم فیلمی تەواوی هیندی دادەنرێت. فیلمەکە بێدەنگ بوو، بەڵام وەنەبێ چیرۆکی نەبێ؛ بە پێچەوانەوە، بە وێنە و کردار و دەربڕینی ڕوخسار، چیرۆکێکی ئایینی و ئەفسانەییی بۆ بینەر دەگێڕایەوە.
ڕاجا وتی: «لەو کاتەدا سینەما تەنها تەکنەلۆژیا نەبوو؛ بۆ ئێمە بوو بە پردێک لە نێوان ئەفسانەی کۆن و ژیانی نوێ. خەڵک لەسەر شاشەدا خۆی دەبینی، زمان و باوەڕ و چیرۆکەکانی خۆی دەبینی. ئەو وشانەی ڕاجا وای کرد من تێبگەم کە بۆچی سینەمای هیندی هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ موزیک و سەمادا هەبووە. ئەوانە دوو شتی زیادکراو بە فیلم نەبوون؛ بەڵکوو بەشێک بوون لە شێوازی گێڕانەوەی چیرۆک.
کاتێک قسەمان گەیشتە ساڵی ١٩٣١، ڕاجا دەنگی خۆی بەرزتر کرد. وتی: «ئێستا دەگەینە ساتێک کە سینەما دەستی کرد بە قسەکردن»؛ مەبەستی فیلمی (Alam Ara) بوو، کە بە دەرهێنانی ئەردەشیر ئێرانی وەک یەکەم فیلمی دەنگداری هیندستان ناسرا. هاتنی دەنگ گۆڕانێکی گەورە بوو، چونکە لەو ساتەوە زمانی فیلم، گفتوگۆ، گۆرانی و دەنگی ئەکتەر بوون بە بناغەی ناسنامەی نوێی سینەما.
ڕاجا بەردەوام بوو لە قسەکردنەکەی؛ دەزانی ئەم سینەما نوێیە ناوی تر و پیشەسازییی تری بۆ دروست کرد؛ وەکو سینەمای هندی لە مۆمبای، سینەمای تامیلی لە تامیل نادو، سینەمای تەلگویی، سینەمای مالایالامی لە کرالا و سینەمای کەنەدی لە کارناتاکا. هەر یەکەیان بە زمانی خۆی چیرۆک دەگێڕێتەوە و بینەری خۆی هەیە و ئەگەر پێت باش بێت باسی مێژووی هەموویانت بۆ دەکەم.
منیش سەرێکم بۆ لەقاند و خۆشحاڵی خۆمم نیشان دا؛ هەر لەوکاتەدا بیرۆکەیەکم بۆ هات، ئەم بابەتە ئامادە بکەم بۆ ڕۆژنامە.
ئینجا پرسیارم کرد: «ئەی ناوی (Bollywood) لە کوێوە هاتووە؟» ڕاجا وتی: «ئەمە ناوێکی سادەیە، بەڵام مێژوویەکی درێژی هەیە. بۆڵیۆد لە تێکەڵکردنی بۆمبای (Bombay) و هۆڵیۆد (Hollywood) دروست بووە. بۆمبای ناوی کۆنی مۆمبای و هۆڵیۆدیش ناوی ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی فیلمە لە ئەمریکا.
ئەڵبەت ڕاجا هۆشدارییەکی گرنگی دا؛ بۆڵیۆد بە هەموو سینەمای هیندستان ناگوترێت. ئەمە ناوی پیشەسازیی فیلمی زمانی هندییە کە بنکەکەی لە مۆمبایە.
بەڵام ڕاجا وتی نابێت بە دڵنیایی بگوترێت یەک کەس لە یەک ڕۆژدا ئەم وشەیەی دروست کردووە؛ چونکە سەرچاوەکان لەسەر سەرەتای وردی بەکارهێنانی ناوەکە هاوڕا نین.
ڕاجا لەسەر مۆمبای زۆر قسەی کرد. وتی: «مۆمبای تەنها شارێک نییە کە ستۆدیۆی تێدا بێت. ئەو شارەیە کە بازرگانی، کۆچ، زمان و خەیاڵ لە یەک شوێندا کۆ دەکاتەوە.» بە هۆی ئەوەی مۆمبای بەندەر و ناوەندی بازرگانی بووە، پارە و تەکنەلۆژیا و کەسانی جۆراوجۆر بۆی کۆ دەبوونەوە. ئەم فرەکەلتوورییە یاریدەی فیلمسازەکانی هندی دا کە چیرۆکێک بۆ بینەرانی ناوچە و زمانە جیاوازەکان دروست بکەن.
لە دەهەی ١٩٣٠ و ١٩٤٠دا ستۆدیۆکان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا. (Bombay Talkies) و دامەزراوە هاوشێوەکان، فیلمسازییان لە کاری تاکەکەسییەوە گۆڕی و کردیانە پیشەسازییەکی ڕێکخراو. نووسەر، دەرهێنەر، وێنەگر، مۆسیقار، ئەکتەر و تەکنیکەوان بوون بە یەک تیم؛ ڕاجا وتی: “سینەما تەنها ئەو ئەکتەرە نییە لە پێش کامێرا دەوەستێت؛ پشت هەر دیمەنێک دەیان کەس کار دەکەن.”
کاتێک گفتوگۆکەمان گەیشتە دوای سەربەخۆیی هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧، ڕاجا دەستی کرد بە باسکردنی سەردەمی زێڕینی سینەمای هندی. لە دەهەی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، دەرهێنەرانی وەک راج کاپور، گورو دەت و بیمال ڕۆی فیلمیان دروست کرد کە تێیدا خۆشەویستی و موزیک تەنها بۆ خۆشکردنی بینەر نەبوون؛ بەڵکوو هەژاری، نادادپەروەری، کۆچ، ناسنامە و ژیانی خەڵکی ئاسایییان دەخستە ڕوو.
ڕاجا باسی راج کاپوری کرد کە فیلمی (Awaara) و (Shree 420)ـەکەی لە دەرەوەی هیندستانیشدا ناسراون. وتی: «لە یەکێتیی سۆڤیەتدا خەڵک راج کاپور و فیلمەکانیان بە دڵ خۆش دەویست. ئەوان لە چیرۆکی هەژاری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی فیلمەکاندا خۆیان دەدۆزییەوە».
من پرسیارم کرد: «بۆچی گۆرانی و سەما لە بۆڵیۆددا ئەوەندە گرنگن؟» ڕاجا وەڵامی دایەوە: «چونکە لە کەلتووری هیندیدا، چیرۆک زۆرجار بە تەنها وشە ناگوازرێتەوە. هەست دەنگ و ریتم و جووڵەش دەگوازرێتەوە. » لە فیلمی بۆڵیۆددا گۆرانی دەتوانێت خۆشەویستی، خەم، ترس یان هیوا پیشان بدات. سەما دەتوانێت پەیوەندیی نێوان کاراکتەرەکان ڕوون بکاتەوە. بۆیە پشت هەر گۆرانییەکی فیلم، کۆمەڵێک پیشە هەیە؛ موزیکدان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و، لێوبزوێنی (playback) و ڕێکخەری سەما و دەیان کەسی دیکە.
ڕاجا وتی: «هەندێک کەس پێیان وایە ئەگەر فیلمێکی هندی گۆرانی و سەمای تێدا بێت، ئەوا تەنها خۆشگوزەرانییە. بەڵام ئەمە هەموو ڕاستییەکە نییە. گۆرانی زمانێکی دیکەیە بۆ گێڕانەوە. » ئەو پاشان باسی ئەوەی کرد کە بۆڵیۆد هەمیشە تەنها سینەمای بازاڕی نەبووە. لە مۆمبای ڕەوتێکی دیکەش گەشەی کردووە کە بە «سینەمای هاوتا» ناسراوە و گرنگی بە ڕاستیی کۆمەڵایەتی و بابەتی سیاسی دەدات. دامەزرانی (Film Institute of India) لە ساڵی ١٩٦١ و (National Film Archive) لە ساڵی ١٩٦٤، یارمەتییان دا بە فێرکردن و پاراستنی مێژووی سینەما.
لە هەمان کاتدا، سنووری نێوان پیشەسازییە هندییەکان کەمتر بووە. فیلمە تامیلی و تەلگویی و مالایالامییەکان بە ژێرنووس و دۆبلاژ دەگەنە بازاڕی فراوان و، فیلمسازانی زمانە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر کار دەکەن. ڕاجا وتی: «ئێستا سینەمای هیندستان دەچێتە ناو قۆناغێک کە هەر زمانێک دەتوانێت چیرۆکێکی ناوخۆیی بگێڕێت و بینەری جیهانی بدۆزێتەوە.
کاتێک سەیری کاتژمێرەکەی دەستمم کرد، من هێشتا بیرم بە لای قسەکانی ڕاجاوە بوو. پێش ئەو گفتوگۆیە بۆڵیۆد بۆ من تەنها ناوی فیلمی هندی و ئەستێرە و گۆرانی بوو. بەڵام ڕاجا نیشانی دام کە پشت ئەو ناوە مێژوویەکی درێژ هەیە؛ مێژووی کۆچ و شار، زمان و ناسنامە، خەون و بازاڕ، هونەر و سیاست.
ڕاجا لە کاتی ڕۆیشتن وتی: «ئەگەر دەتەوێت سینەمای هیندستان بناسیت من هەموویت پێ دەناسێنم، تەنها فیلمەکان مەبینە؛ گوێ لە گۆرانییەکان بگرە، سەمایان ببینە، وشەکانیان تێبگە و بزانە کام کۆمەڵگەیەک لە پشت ئەو چیرۆکەوە قسە دەکات.
منیش وتم حەز دەکەم هەمووی پێ بناسێنیت؛ لەو ڕۆژەوە هەر کاتێک گۆرانییەکی هندی دەبیسم یان دیمەنێکی بۆڵیۆد دەبینم، بیر لە وتەکەی ڕاجا دەکەمەوە؛ سینەما تەنها وێنەیەک نییە کە لەسەر شاشە دەجووڵێت؛ سینەما بیرەوەرییە، زمانە، موزیکە، سەمایە و گفتوگۆیەکی بەردەوامە لە نێوان خەڵک و مێژووکەیاندا؛ بۆڵیۆد لە مۆمبایەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام چیرۆکەکەی لە سنووری شار و وڵات تێپەڕیوە و بووە بە دەنگێک کە لە زۆر شوێنی جیهاندا دەبیسرێت و سینەماکانی تریشتان پێ دەناسێنم.

