بەردی گورچیلە و بۆڕییەکانی میزەڕۆ یەکێکە لە باوترین گرفتە تەندروستییەکان کە زۆرجار بە بێدەنگی دروست دەبێت و بە ئازارێکی توند و لەناکاو نەخۆش ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکات. هەرچەندە زۆرینەی حاڵەتەکان بە شێوازی دەرمانی چارەسەر دەکرێن، بەڵام پشتگوێخستنی دەکرێت گورچیلەکان رووبەڕووی مەترسیی لەکارکەوتن بکاتەوە.
ئامارە پزیشکییەکان دەریدەخەن کە نزیکەی لە ٨٠٪ـی بەردەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ قەبارەیان بچووکە و بە چارەسەری دەرمانی و ڕێنمایی خۆراکی لەناو دەچن، بەڵام لە ٢٠٪ـی حاڵەتەکاندا دەبنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ و گیرانی ڕێڕەوی میز و ئازاردانی گورچیلە، بە جۆرێک کە پێویستیان بە دەستێوەردانی نەشتەرگەری دەبێت.
د. نیهاد ڕەفعەت جەواد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە، میزەڕۆ و پڕۆستات، ئاماژە بەوە دەکات دروستبوونی بەرد دەرەنجامی کۆبوونەوەی چەند هۆکارێکە پێکەوە، نەک تەنها هۆکارێکی تاک.
هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی بەرد:
کەمخواردنەوەی ئاو: نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاوی ڕۆژانە دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی میز و یەکگرتنی خوێ و کانزاکان لەناو ڕێڕەوی میزەڕۆدا، کە سەرەکیترین هۆکاری بەردە.
زیادەڕۆیی لە خواردنی پڕۆتین: ڕۆژانە خواردنی بڕێکی زۆر لە سەرچاوەکانی پرۆتینی وەک (گۆشتی سوور، فاسۆلیا، پەتاتە، نۆک و هاوشێوەکانیان).
تەسکبوونەوە و گیرانی بۆڕیی میز: هەر هۆکارێک کە ڕێڕەوی میزکردن تەسک بکاتەوە دەبێتە هۆی وەستانی میز و خێراتر دروستبوونی بەرد.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەپێی تەمەن:
نیشانەکان بەپێی قەبارەی بەردەکە، شوێنەکەی و تەمەنی تووشبووەکە دەگۆڕێن:
لە منداڵاندا: بە نەمانی ئارەزووی خواردن، سکئێشە و دروستبوونی ئازار لە کاتی میزکردندا دەردەکەوێت.
لە پێگەیشتوواندا: بە ئازارێکی کتوپڕ و توند لە ناوچەی کەلەکە و تەنیشتەکان دەردەکەوێت کە نەخۆش ناچار دەکات بەپەلە سەردانی فریاکەوتن بکات، یان گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ سوور (بوونی خوێن لە میزدا).
حاڵەتی بێنیشانە: هەندێک جار نەخۆشەکە هیچ هەست بە ئازار ناکات و بەردەکە تەنها لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکیی پێشوەختەوە دەدۆزرێتەوە.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن:
بە گوتەی د. نیهاد ڕەفعەت، ئەگەر بەردەکە بچووک بێت و زیانی بە کارئەندامی گورچیلە نەگەیاندبێت، دوای دەستنیشانکردنی وردی حاڵەتەکە، دەرمان بە نەخۆش دەدرێت لەگەڵ ڕێنماییکردنی بۆ خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو و ئەنجامدانی جووڵەی بەردەوام، پاشان دووبارە پشکنین دەکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە دەرچوونی بەردەکە.
لە کاتی گەورەبوونی بەردەکە و زیانگەیاندن بە گورچیلە، پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبرێت. ئێستا پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پزیشکی شێوازی نەشتەرگەرییەکانی گۆڕیوە؛ نەشتەرگەریی کراوە بۆ بەردی گورچیلە کەم بووەتەوە و زۆربەی هەرەزۆری حاڵەتەکان لە ڕێگەی «ئامێری نازوور» و بە شێوازێکی پێشکەوتوو بەبێ برینکاریی گەورە ئەنجام دەدرێن.
لە کۆتاییدا، پزیشکان هۆشداری دەدەن بە کەمکردنەوەی خوێ و سوێری لە ژەمەکاندا، زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەکان و ئاو، هەروەها دەستبەجێ سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ لە کاتی دەرکەوتنی هەر ئازارێکی نائاسایی لە گورچیلە و کۆئەندامی میزەڕۆدا.

