ئارام کۆشکی – ههولێر
نووسەرەکان هەمیشە ئەو پرسیارە لە خۆیان دەکەن کە بۆ دەنووسن؟ خۆ ئەگەر نووسەرێک ئەو پرسیارە لە خۆی نەکات، ئەوە بەبێ بیرکردنەوە بەناوکەوتووە و پێدەچێت هیچیش بەرهەم نەهێنێت. (لێرەدا مەبەستم لە بەرهەمهێنان نووسینی داهێنەرانەیە). نووسین پانتاییەکە بۆ بیرکردنەوە، فێربوون. نووسەر لەکاتی نووسیندا فێر دەبێت، چونکە ئەوان چەمک فڕێ نادەن، بەڵکو لە چەمکەکان تێدەگەن، ئەوسا بەکاریان دەهێنن. واتە چەمکەکان تەنها ڕەهەندێکی سەرزارەکییان نییە، وەکو ئەوەی هەندێک نووسەر بەوشێوەیە تەفسیری دەکەن. بەڵام چۆن نووسین لە هونەری بیرکردنەوەوە دەبێت بە هونەری بیرنەکردنەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گەلێک سەخت و کێشەدارە و لێرەدا هەوڵ دەدەم بە وەڵامێکی کورت بگەم، چونکە ئێمە لەڕێی بیرکردنەوەوە فێر دەبین و ئەوسا دەنووسین.
بەختیار عەلی لە وتاری “هونەری بیرنەکردنەوە”دا، باس لە جۆرێک لە تایپی نووسەر و ڕۆشنبیر دەکات، کە داوای “حیواری ڕاقی” لە نووسەرێک دەکات بەبێ ئەوەی کتێبەکەی خوێندبێتەوە. ئەو وتارەی ئەم نووسەرە دژ بەو جۆرە بیرنەکردنەوەیە، کە لە زاری ئەوانی ترەوە بڕیار لەسەر تێکست/کتێب دەدەن. بێگومان مێژووی ئەو وتارە لانیکەم بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام دیاردەکە هێشتا بەردەوامی هەیە. لەم ساڵانەی ڕابردوودا تووشی زۆر نووسەر و ڕۆشنبیر بووم، بەبێ ئەوەی کتێبێکیان خوێندبێتەوە هاتوون لەبارەیەوە قسەیان کردووە، یان نووسیویانە، یاخود ڕەخنەیان کردووە، لێرەدا نووسین پانتاییەک نییە بۆ بیرکردنەوە، بەڵکو پانتاییەکە بۆ بیرنەکردنەوە. مرۆڤێک کە بیەوێت بیر بکاتەوە لانیکەم تێکستێک دەخوێنێتەوە ئەوسا لەبارەیەوە دەدوێت، نەک لەسەر بنەمای باسکردنی کەسانی تر ڕەخنە لە تێکستێک بگرێت و دواتریش بیکاتە پرۆژەی نووسین.
نموونەیەکی کۆمیدی هەیە، کە لە شاعیرێکی کوردی دەگێڕنەوە، حەز دەکەم لێرەدا بیخەمەڕوو، چونکە کۆمەک بەم بابەتەی ئێمە دەکات، چیرۆکی شاعیرەکە بەمشێوەیەیە: “جارێک لە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەدا شاعیرێک لەگەڵ چەند شاعیرێکی تردا شیعرێک دەخوێنێتەوە و لە کۆتایی شیعرەکەدا دەڵێت: بەڕێزان ئیلهامی ئەم شیعرەم لە ڕۆمانێکەوە وەرگرتووە، کە فڵان نووسەر خوێندوویەتییەوە و ئەو ڕۆمانەکەی بۆ باس کردووم و من لە ژێر کاریگەریی باسکردنەکەی ئەودا شیعرەکەم نووسیوە.” ڕەنگە نوکتەی وەها کۆمیدی لەنێو پانتایی ڕۆشنبیریی هیچ گەلێکی تردا نەدۆزینەوە، بەڵام ئەمە ڕەهەندێکی ڕیشەیی هەیە لەنێو زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیراندا، بۆیە نابێت سەرزارەکی لێی بڕوانرێت و وەکو نوکتەیەکی ڕاگوزەر سەیری بکەین. چونکە بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران هەن کە تەنها بەرگی کتێبێکیان بینیوە ئیدی دێن و وتارێکی لەبارەوە دەنووسن، یان لەبارەی کارێکی هونەرییەوە دەدوێن کە خۆیان نەیانبینیوە، بەڵکو هاوڕێیەکیان بینەری بووە. ئەمانە نموونەگەلێکن بۆ ئەوەی نووسین وەکو پانتاییەک بۆ بیرنەکردنەوە بەکاردەهێنن، چونکە توانای بیرکردنەوەیان نییە، بەڵام ناوی کۆمەڵێک نووسەر و فەیلەسووف فێربوون بە ڕاست و چەپدا بەکاری دەهێنن، بۆ ئەوەی “هێز” بدەنە نووسینەکانیان، بەڵام لەوە بێئاگان نووسینێک بەرئەنجامی بیرکردنەوە و قووڵبوونەوە نەبێت نابێتە نووسین، بەڵکو تەنها ڕەشکردنەوەی لاپەڕەیە.
ئۆرهان پاموک سەبارەت بە پەیوەندی نووسین و بیرکردنەوە لە کتێبی ڕەنگەکانی تردا گوتەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە و دەنووسێت “کتێب تەنها بە یەک بیر نانووسرێت، لانیکەم بە دوو بیر دەنووسرێت.” پاموک لێرەدا لەوەش دەردەچێت و زیادەیەکی دیکەمان پێشکەش دەکات، کە بڕوای بە یەک بیرکردنەوە هەبێت، بەڵکو نووسین وەکو پرۆسەیەکی فرەبیرکردنەوە دەبینێت. واتە نووسین سەرزەمینی لەدایکبوونی بیرەکانە. بێگومان ئەمە بۆ ڕۆمانیش بەهەمان شێوە دەبینێت. بەڵام دەکرێت بپرسین بۆچی بەشێکی زۆری نووسینی کوردی بێ بیرکردنەوە بەرهەم دێن؟ بۆچی بەشێکی نووسینەکان تەنها هەڵڕشتنی گرێی دەروونین، نەک بیرکردنەوە و کارکردن لەنێو گرێ دەروونییەکاندا.
فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی لەو نووسەرە دەگمەنانەیە، کە کارێکی زۆری لەسەر گرێ دەروونییەکانی مرۆڤ کردووە، بەڵام ئەو تەنها گرێ دەروونییەکانی خۆی نەنووسیوەتەوە، بەڵکو ئەو وەکو دەروونشیکارێک بیری لەو گرێ دەروونیانە کردووەتەوە و لە پانتایی نووسیندا تەوزیفی کردوون. هەر بۆیە فریدرش نیتچە دەڵێت “دۆستۆیڤسكی یەكەم كەسە لە بواری سایكۆلۆژیدا شتێكی فێركردووم.” خوێنەرەکان لە نووسەرە بیرکەرەوەکانەوە فێر دەبن، بەڵام لە نووسەری بیرنەکەرەوەوە، نەک هیچ فیر نابن، بەڵکو لە جیهانی بەرینی خوێندنەوەش دەتۆرێن، یان دەخرێنە نێو چوارچێوە و هزر و بیرکردنەوەیان لە قاڵب دەدرێت. هەر بۆیە کاتێک غادە سەممان لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “پێنووسەکەم بە واتای تەواوی وشە ئازادە.” ئەمە تەوزیفکردنی ئازادی بیرکردنەوەیە، چونکە نووسین بەبێ ئەم ئازادییە ئیدی ئازادی ناوەکی بێت، یان دەرەکی، نووسینێکی ناتەواوە. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین:
نووسەرێک لەبیرکردنەوەدا ئازاد نەبێت، ناتوانێت داهێنان بکات. نووسەرێک بەسەر خۆیدا داخراوبێت، مەحاڵە داهێنان بکات. نووسەرێک بەسەر دونیا و فرەییدا داخرابێت، دیسان ناتوانێت داهێنەرانە بیر بکاتەوە و ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت تەنها هەڵڕشتنی گرێی دەروونییە، نەک تەوزیفکردن و بیرکردنەوەی تێیدا.

