ڕائیب جادر – هەولێر
سەرەڕای قەیرانە داراییەکان و ئەو دۆخە ناھەموارەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بۆتەوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی پەروەردەدا نەوەستاوەن، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو قوتابخانەی نوێ کرانەوە و بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی دانرا.
لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی گەورە لە سۆران دانرا، ئەوەش بۆ کۆتایی ھێنانە بە خوێندنی ناو کەرەڤانە، ھاوکات لە ڕواندز و دەروازەی گوندی باڵەکیان بە ھاوکاری و ھاوبەشی خێرخوازان دوو قوتابخانەی نوێ کرانەوە.
قوتابخانە نوێیەکە ١٨ پۆلییە و بەناوی فەرسەت سۆفی کراوە و بەگوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردە جێبەجێ دەکرێت.
ھاووڵاتییانیش دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێم دەکەن کە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پڕۆژەکانیش لە ھەموو سێکتەرەکان جێبەجێ کراون، بەھیواشن ئەو قوتابخانەی بەردی بناغەی بۆ دانراوە لە کاتی خۆیدا تەواو بکرێت بۆ ئەوەی قوتابییان لە خوێندنی ناو کەرەڤانە ڕزگار بن.
لە ڕواندزیش قوتابخانەیەک لەسەر ئەرکی خێرخوازێک دروست کراوە، چیڕۆکی ئەم بەخشەرە جیاوازە، نە بازرگانە و نە وەبەرھێنەر، بەڵکو ئەو میراتەی لە باوکی بۆ ماوەتەوە خستووەتە خزمەتی کەرتی پەروەردە بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی نۆ پۆلی.
ھەر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە دەروازەی زارگەلی لە گوندی باڵەکیان، ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەکی دیکەی نۆ پۆلی بەڕێوەچوو، کە ئەویش لەسەر ئەرکی بەخشەرێک دروست کراوە.

