سهههند كۆیی
مەراسیمی کۆچباربوون و ماڵاوایی و سەرەخۆشی لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی پڕ لە شکۆ و لێوانلێو لە بەها و ڕێزێکی ناوازە بووە. چونکە پرسە لە ڕابردوودا تەنیا بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی سادە نەبووە، بەڵکو وەک پەیماننامەیەکی بەکۆمەڵی مێژوویی سەیر کراوە بۆ هاوبەشیکردنی ڕاستەقینەی خەمەکان و هێورکردنەوەی باری دەروونی بنەماڵەی کۆچکردوان و دەربڕینی هاوسۆزییەکی بێگەرد. کەچی لەم سەردەمەی دواییدا، لە سایەی تەشەنەسەندنی بێسەروبەریی میدیایی، دەستدرێژییەکی ئاشکرا و بەردەوام دەبینرێت بۆ سەر ئەم تایبەتمەندێتی و پیرۆزییە؛ بە جۆرێک کە ناوەندەکانی تازیەباری لە هێمنیی کۆست و گریانەوە گۆڕدراون بۆ گۆڕەپانی ململانێی ڕاگەیاندن و ڕاوکردنی لێدوان و ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی بێوەخت. ئەم دۆخە شێوازی فەرهەنگی و ڕەسەنایەتی ئەم نەریتە دێرینەی تێکداوە و سیمایەکی نامۆ و نەشیاوی بەم ئەرکە مرۆییە بەخشیوە.
مایکی چاوەڕوان و پرسیاری نامۆ لە سەرەخۆشیدا
هەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا، چ پیاو بێت یان ئافرەت، کاتێک بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەرکێکی ویژدانی ڕوو لە شوێنەکانی سەرەخۆشی دەکات ــ ئیتر لەناو هۆڵەکان و پەرستگاکان و یان خێوەت و چادرەکانی تازیەباریدا بێت ــ پێویستە لەو ڕاستییە تێبگات کە ژمارەیەک لە کارمەندانی ڕاگەیاندن و پەیامنێران، بە ئامێر و لۆگۆ و مایکی جۆراوجۆرەوە لەو دەروازانەدا مەودایان گرتووە و چاوەڕوانن؛ تا تەنیا دەستیان بە هەر جۆرە لێدوان و دیمانەیەکی کتوپڕ و بێئامادەکاری بگات و پێگەی میدیایی خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن. تەنانەت ئەوەی جێی سەرنج و ڕەخنەیە، ئەوەیە کە زۆرجار پرسیارەکان بە تەواوی لە کەشی خەمناک و ماتەمینی دوورن؛ بابەتگەلێکی وەک مەتەڵ، هۆنراوە، پلانەکانی ڕووناکی، پرسە ئاڵۆز و گرژەکانی سیاسەت، لێکەوتەکانی جەنگ، کێشەی دارایی و دواکەوتنی بژێوی و مووچە دەورووژێنن. لەوەش ناخۆشتر، هەندێک جار ململانێ خێزانییەکانی خودی کۆچکردوو یان هۆکارە تایبەتییەکانی مردنەکەی دەکەنە مژار. ئەم ڕەفتارانە لە کاتێکدایە کە لە فەرهەنگی کوردا ڕێزی کۆچکردووان زۆر لە زیندووەکان زیاترە، کەچی زۆرجار پرسیاری سەیر لەسەر لافاو و وشکەساڵی و پارەی دزراو دەکرێت کە زیاتر لە کایە و قۆشمەیی دەچێت نەک هاوسۆزی بۆ خاوەن کۆستەکە.
تەڵەی مایك لە شۆکی خەمدا
لە فەرهەنگی کوردەواریدا، ڕاگرتنی حورمەتی ماتەمینی بەهایەکی پیرۆزە؛ هەرچەندە ئەم جۆرە ڕەفتار و لێدوانە میدیاییانە لە ڕووی یاسای ڕۆژنامەگەری یان یاسا گشتییەکانەوە بە ڕوونی ڕێگرییان لێ نەکراوە و سزا بۆ ئەنجامدەرانیان دیاری نەکراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی پێشکەوتنی جڤاکی و ئادابی گشتیدا ناگونجێن. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەو هاوڵاتییهی یان بەرپرسەی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ماڵەکەی هاتووەتە دەرەوە، مرۆڤە و خاوەن هەستە؛ ئەو کەسە لەوانەیە لەو چرکەساتەدا لەژێر کاریگەری شۆکی خەمەکە، کەشی تازیەبارییەکە، یان شڵەژانی دەروونی و نەبوونی خۆئامادەکردنی پێشوەختەدا بێت، بۆیە کاتێک لەپڕ مایکی دەخرێتە بەردەم، لێدوانێک یان ڕایەک دەردەبڕێت کە لەوانەیە دواتر کاتێک سەیری دەکاتەوە، خۆشی بڕوای پێی نەبێت یان بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بیرکردنەوە و ڕای ڕاستەقینەی خۆیدا نەگونجێت. چونکە پەلەپەلکردن لە وەرگرتنی لێدوان لە شوێنی هاوخەمیدا، کاتی بیرکردنەوەی لێ دەستێنێتەوە و دەبێتە هۆی دەربڕینی وتەیەک کە نە خزمەت بە پەیامی ڕاستەقینەی کەسەکە دەکات، نە لەگەڵ پیرۆزیی ئەو سەرەخۆشییەشدا دەگونجێت. ههر بۆیه، پاراستنی بەها مرۆییەکان پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵتر هەیە بۆ جۆری بەرپرسیارێتییەکان؛ لێرەدا ناونانی پەیامنێرە بەڕێزەکانیش وەک لایەنێکی کێشەکە گرنگە. چونکە ئەوانیش وەک کارمەند کەوتوونەتە نێوان بەرداشی جێبەجێکردنی فەرمانی توندی سەرەوەی کەناڵ و دەزگاکانیان، لەگەڵ ئاسانیی دەستکەوتنی لێدوان لەو بۆنانەدا کە زۆرترین بەرپرس لە یەک کاتدا تێیدا ئامادەن. گومانم نییە کە زۆرێک لەو پەیامنێرانە لە ناخی خۆیاندا بەم دۆخە ناڕێکوپێکە ڕازی نین و هەست بە نائاسودەیی دەکەن کاتێک دەبینن بەردەم کڵێسا و مزگەوتەکان کراونەتە مەیدانی ڕاوکردنی هەواڵی گەرم؛ بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ناچاری و کێبرکێی بێسەروبەری نێوان میدیاکان و پابەندبوونی دارایی، بەتایبەت بۆ ئەو گەنجە پەیامنێرانەی کە بە شێوازی پارچەکی: (فریلانس)، یان بە گرێبەستی کاتی کار دەکەن، ناچاریان دەکات کە بە هەر نرخێک بێت بابەت و لێدوان بۆ دەزگاکانیان ببەنەوە تا پێگەی کارەکەیان بپارێزن.
پیرۆزیی ماتەم و هۆشیاریی جڤاکی
چاککردنی ئەم دۆخە پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون هەیە؛ لەبەر ئەوە، هیچ عەیب و کەمکوڕی و شەرمزاربوونێک لەوەدا نییە کاتێک هاوڵاتییەک، ڕۆشنبیرێک یان بەرپرسێک دوای دەرچوونی لە هۆڵی پرسە و دەربڕینی هاوخەمییەکەی، بە ڕوونی و بە بوێرییەوە بە ڕاگەیاندنەکان بڵێت کە ئێرە شوێنی لێدوانی سیاسی، دارایی و حزبی نییە و ئامادە نییە قسە بکات. هەروەها ئەم ڕێسایە بۆ خانمانیش هەر دروستە؛ کاتێک لەژێر خێوەت یان هۆڵەکانی پرسەی ژناندا مایکیان بۆ ڕادەگیرێت، دەبێت بە توندی و بە شێوازێکی شارستانی ڕەتی بکەنەوە و بڵێن: ئێرە جێگەی ماتەمە نەک هۆڵی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی. ئەم ڕەفتارە هەڵەیە دەبێت ڕاستەوخۆ لەلایەن هەمووانەوە ڕابگیرێت؛ ئەگەرچی ڕاستییەکی تاڵیش هەیە کە هەندێک کەس خۆیان زۆر ئارەزووی دەرکەوتنی میدیایی دەکەن و بە هەر جۆرێک بێت قسەی خۆیان دەکەن، کە ئەمەش خولانەوەیەکی بێهوودەیە لە بازنەیەکی بەتاڵدا. لە کۆتاییدا، پاراستنی ڕێز، مۆڕاڵ و شکۆی مەراسیمەکانی سەرەخۆشی و ماتەمینی، ئەرکێکی سەرانسەری و هاوبەشی تەواوی کۆمەڵگەیە؛ لە هاوڵاتیی ئاساییەوە تا دەگاتە میدیاکاران، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەندیکاکان و بەرپرسانی حکومی. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە هەمووان بەیەکەوە و بە هۆشیارییەکی بەرزەوە، سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێین و چیتر ڕێگە نەدەین پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و کەناڵە ئاسمانییەکان، پیرۆزیی خەم، فرمێسک و پەژارەی قووڵی خەڵکی ماتەمبار بکەنە قوربانیی بەدەستهێنانی بینەر و لایک و سەرنجی خەڵکی؛ لەبری ئەوە، با ڕێز لە کۆچکردووەکانمان بگرین و کاتی تازیەباری تەنیا بۆ هاوسۆزی و نزا و ئارامیی ڕوحی تەرخان بکەین، نەک بۆ شاشە ساردەکانی ڕاگەیاندن.

