بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان سەبارەت بە دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان بەڕێوەچوو.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ورد بوو بۆ دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی پۆلیس، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی لیژنەی چاکسازیدا.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وێڕای جەختکردنەوە لە گواستنەوەی پڕۆژەکە لە قۆناخی گفتوگۆ و تیۆرییەوە بۆ قۆناخی کرداری و جێبەجێکردن، گفتوگۆ لەسەر دوو خاڵی لە پێشینەی پڕۆژەکە کرا کە بریتیە لە گۆڕانکاری لە پڕۆگرام و پەیکەری ئەکادیمیاکانی پۆلیس لە هەولێر و سلێمانی، هەروەها دەستبەکاربوونی چوار بنکە نموونەییەکە لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر گرنگی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە قۆناخی داهاتووی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و جەختی لەسەر پاراستنی رۆڵی کارای ئافرەتان لە کەرتی پۆلیسی کوردستان له چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازیدا کردەوە بە دابینکردنی دەرفەتی گونجاو بۆ بەدیارخستنی تواناکانیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێنمایی و راسپاردەی پێویست ئاراستەی لیژنەی باڵا و لیژنەی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی چاکسازی کرا، بۆ خێراترکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکانی پڕۆژەکە.

