رۆژنامەی ھەولێر

نھێنییەکی ٧٥ ھەزار ساڵەی ئەشکەوتی شانەدەر ئاشکرا دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پشکنینە وردەکانی سەر ئێسکی شانی نیاندەرتاڵێکی دێرین بە ناوی “شانەدەر A” کە مێژووەکەی بۆ ٧٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بوونی کونێکی بازنەیی بە قەبارەی ١٥ ملیمەتر ئاشکرا کردووە کە بەھۆی پێکرانی بە ڕمێکی دارینی تیژکراوە دروست بووە، شوێنەوارناسانی کامبریج و کوردستان ئەم دۆزینەوەیە بە دێرینترین بەڵگەی بەکارھێنانی چەکی دارین لە پێکدادانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیھاندا ھەژمار دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێمی کوردستان و زانکۆی کامبریجی بەریتانی، بە فەرمی ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیی ھاوبەش و کاریگەریان بڵاوکردەوە، کە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەردەمی پێش مێژوو لە ئەشکەوتی شانەدەردا.
ئەم ڕاگەیەنراوە ھاوبەشە لە چوارچێوەی گرێبەستێکی فەرمی و زانستیی نێوان ھەردوولایە کە چەندین ساڵە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و ھەڵکۆڵینی شوێنەواری لەو ئەشکەوتەدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بەم ھاوکارییە زانستییە، محەممەد لەشکری، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێم، کە چاودێریی پڕۆژەکەی کردووە، ڕایگەیاند: ھاوکارییە درێژخایەن و بەرھەمدارەکەمان لەگەڵ زانکۆی کامبریج و تیمە جیھانییەکەیدا، لە سەرووی ھەموویانەوە دکتۆر ئێما پۆمرۆی و پرۆفیسۆر گرایەم بارکەر بەردەوامە لە دەرخستنی نھێنییە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا.
ھاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئەشکەوتی شانەدەر تەنیا پێگەیەکی شوێنەواری نییە، بەڵکو دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی، ڕەفتارەکان و مێژووی ھاوبەشی مرۆڤایەتی، ئێمە زۆر شانازی بەم ھاوبەشییە دەکەین و پێشوازی لە ھەموو دەستپێشخەرییەک دەکەین کە شوێنەوارە دەوڵەمەندەکانمان بە جیھان بناسێنێت.
لای خۆیەوە، دکتۆر ئێما پۆمرۆی، لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی کامبریج و سەرۆکی تیمی توێژەرانی پڕۆژەکە، جەختی لە گرنگیی دۆزینەوەکە کردەوە و گوتی: کارکردن لە ئەشکەوتی شانەدەر لەژێر چەتری گرێبەستی ھاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران، ئەزموونێکی بێوێنە و پڕ لە دەستکەوتی زانستی بووە. پشتیوانیی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم ڕێگەی پێداوین بگەینە ئەم ئاستە وردەی لێکۆڵینەوە، پاشماوەکانی “شانەدەر A” تیشکێکی نوێ دەخەنە سەر سروشتی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان نیاندەرتاڵەکان، کە تێیدا توندوتیژی و بەزەیی لە یەک کاتدا پێکەوە گرێ دراون.
بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیەی کە لە گۆڤاری بەناوبانگی زانستیی (Scientific Reports) بڵاوکراوەتەوە، کونێکی بازنەیی لەسەر ئێسکی شانی نیاندەرتاڵێکدا دەستنیشان کراوە کە تەمەنی بۆ نزیکەی ٧٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە “شانەدەر A” ناسراوە ئەم دۆزینەوەیە ڕەنگە کۆنترین بەڵگەی ناسراوی تۆمارکراو بێت لەسەر توندوتیژیی کوشندەی نێوان مرۆڤەکان لە ڕێگەی ڕمی دارینی تیژکراوەوە.
بەپێی ڕاگەیەنەراوەکە، ئێسکی شانی ئەم نیاندەرتاڵە، بەھۆی ژینگەی لەباری ئەشکەوتەکەوە لەژێر حەفت مەتر و نیو لە بەرد و پاشماوەدا بە پارێزراوی ماوەتەوە و کونێکی بازنەیی بە تیرەی ١٥ ملیمەتری پێوە دیارە.
شوێنەوارناسان دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەم برینە بەھۆی ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە ھاتووەتە ئاراوە، چونکە سەرەڕمی بەردین یان چەخماخ برینی گۆشەدار و تەخت بەجێدەھێڵن.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم لێدانە کوشندەیە بە مەبەستی پێکانی دڵ ئاراستە کراوە و بووەتە ھۆی مردنی خێرای کەسەکە.
سەرەڕای کۆتاییھاتنی ژیانی بە شێوازێکی توندوتیژ، پاشماوەکانی «شانەدەر A» بەڵگەی دیکەشیان لەخۆگرتووە، لەوانە شکان و لەتبوونی ددانێک و ئاسەواری زەبرێکی توند لە دەموچاویدا، بەڵام پشکنینەکان سەلماندوویانە کە ئەو کەسە دوای ئەو زەبرە قورسە بۆ ماوەی لانیکەم ساڵێک یان زیاتر لە ژیاندا ماوەتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەو مرۆڤە بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، پێویستی بە چاودێری، تیمارکردن و پشتیوانیی بەردەوامی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەکەی بووە، کە نیشانەیەکی حاشاھەڵنەگرە لەسەر بوونی ھاوسۆزی، سۆز و پەیوەندیی قووڵی کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤی نیاندەرتاڵدا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە ھەرێمی کوردستان و زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا، بە پێی ڕێساکانی بڵاوکردنەوەی زانستی، ئەم ھەواڵە مێژووییەیان بە شێوەیەکی ھاوکات بە ھەردوو زمانی کوردی “لە ناوخۆی کوردستان” و زمانی ئینگلیزی ” لە سەرانسەری جیھان” بڵاو کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی ھاوسەنگی و شەفافیەتی زانستی، ھەروەھا جەخت کرایەوە کە پڕۆژەی ھاوبەشی ھەڵکۆڵین لە ئەشکەوتی شانەدەر بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوودا دۆزینەوەی زیاتر لەبارەی شارستانییەتی دێرینی ناوچەکە بخرێنەڕوو.