یاسین قادر بەرزنجی
گەر دەمبینی، وەکو سۆفی چۆن ڕیشم بەرداوەتەوە
حەسرەت،خۆزگەی نەبوو لە دەروونما تواوەتەوە
گەر دەمبینی دەست لە ئەژنۆ سەراپا ڕەشم پۆشیوە
وەک چاوەڕێی سێدارە بم ڕەنگ و ڕوخسارم پەڕیوە
ئەو چەند دێڕە هۆنراوەو ئاوازی کاک حەمە جەزایە بۆ هاوڕێی کۆچکردووی ڕەوانشادی کاک عەلی حاجی سەعە ڕەش، کە نموونەیەکە لە ئاوازی جوان و وەفاداریی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد، کە تا دوا هەناسەی، هونەرو وەفای لەژێر پێڵووی چاوەکانیدا پاراستبوو.
کاکە حەمەی کوڕی حاجی عەلی بەگ، لە خێزانێکی نیشتمانپەروەرو ناسراوی شاری سلێمانییە، گۆرانیبێژ و شاعیر و هونەرمەندێکی هەڵکەوتوو.
پیاوێکی کۆمەڵایەتیی خۆشمەشرەف و زمان شیرین و قسە خۆش و ڕێکپۆش، چەندین ساڵی تەمەنی لە پێشمەرگایەتیدا بردووەتە سەر، ئەو دووانەی هونەرو خەباتی پێکەوە گرێ دابوو.
لەگەڵ تیپە موزییەکانی هونەری هەولێرو سلێمانی و کۆمەڵ بەرهەمی پێشکەش کردووەو لە شاخیش لەگەڵ تیپی مۆسیقای شەهید کارزان بە سروودو گۆرانی بەرهەمی بەرچاوی هەبووە، مەقام و بەستەو سروود بێژێکی کەم وێنە بوو، چەندین ساڵی تەمەنی لە ئەوروپا لە وڵاتی دانیمارک بەسەر بردووە، بەداخەوە نەخۆشی لێی نەگەڕاو دوای مەرگی دوا هەواری بووە گردی سەیوانی شارەکەی.
هونەرمەند کاوە حەمە ساڵح کاتی خۆی وتوویەتی:
[کاکە حەمە هەرگیز لە خەباتی گەلەکەی دانەبڕاوە، وێڕای ئەوەی کە هونەرمەندێکی گەورەو بەرزە، پیاوێکی بەوەفاشە بۆ دۆست و هاوڕێیانی].
کاکە حەمە شیعری شاعیران :
هێمن و قانع و برایم ئەحمەد و موزەفەر نەواب و شێرکۆ بێکەس و شەهید مەلا عەلی و د.شێرکۆ عەبدوڵلای کردووەتە مەقام و گۆرانی.
لەو بەستانەشی کە هەمیشە بە بیستنی دڵخۆشمان دەکەن:
فاتمۆکێ، هانێ گوڵ، هەر بایێ مەیو، هەی لاوە، لەکۆڵانی تەنگەبەرو….تاد.
لەگەڵ هونەرمەندان ڕزگار خۆشناوو وریا ئەحمەدو دلێر ئیبراهیم و ئاراس ئیبراهیم و ئەنوەر قەرەداغی و گۆران ئیبراهیم خەیات و زانا مەحمود هەژار کاری کردووە.
د.عەبدولواحید ئیدریس شەریف کە زۆرترین وتارو توێژینەوەی لەسەر هونەری هونەرمەند نووسیوە دەڵێت :
[حەمە جەزا جیهانێک لە عەشق و نیشتمانپەروەری، سومبلی دەنگی بەرەنگاری و هونەرو هەڵوێست، لە هەر کڵاوڕۆژنەیەکەوە بڕوانیتە ئەو خەرمانێک بەرهەمی ناوازە سەرنجمان ڕادەکێشێ و ئاوێزانی هەست و سۆزمان دەبێ، چونکە چریکەی ئەو دەنگی ئازارەکانی ئێمەیە]. یادت بەخێر کاکە حەمە گیان، هاوڕێ و برای گەورەم، ئەوکەسەی لە دڵەوە خۆشمویستی و بۆ مەرگی ناودەشت هەر لە دڵەوە بۆت گریام، هەمیشە یادت بەخێر دەنگە بەسۆزەکەی کوردستان، کاکە حەمە گیان.

