رۆژنامەی ھەولێر

دوای ١٠٠ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڕوانین و خوێندنەوەیەکی ئەدەبی بۆ دەقە شیعری (وەسیەت) ی ئەسیری

ئـــــــــــــــــــاری ئــــــــــــــــــــــــــــــــــاغۆک
هەندێ بەرهەمی ئەدەبی شیعر بەتایبەتی، کاتێ لەدایک دەبێ تەنیا بۆ ئەوکات و ئەو سەردەم نانوسرێ، بەڵکو وەک ئاوێنەیەک لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو سەیر دەکرێ و خۆی لەسەردەمێکی زیندوو دەبینێتەوە، گەلێ جار شیعر لە بابەتێکی دیاریکراو تێدەپەڕێت دەبێتە دۆزێکی گەورەیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەقی مەزن، بەمەزنی لەدایک دەبێ و هەر بەمەزنیش دەمێنێتەوە، چونکە خۆی لە ڕەهەندێکی گەورەی نەتەوەیی دەبینێتەوە، ئیدی ئەم جۆرە دەقانە لە مێژووی ئەدەبی کوردی دا بە نەمری و جوانی پێناس دەکرێن، کە کات و شوێن و سنوورەکانی دەبڕن لە ڕۆحێکی نیشتیمانپەروەرییەوە خەمی خاک و نەتەوەیی لێ بەدی دەکرێت، بۆیە دوای ژیانئاوایی شاعیریش دەقی زیندوو هەر بە زیندوویی لە دڵی مێژوودا وەک پەیامێک بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە.
یەکێک لەو دەقە زیندووانە، بەرهەمێک و شاکارێکی شاعیری گەورەی کورد سەید عەبدولخالق کەرکوکی (ئەسیری) یە، بە ناونیشانی (وەسیەت)
لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر نوسراوە، بەڵام بۆ سەردەمی ئەمڕۆ، بەتایبەتی یەکگرتنی هێزی کوردستان هاوگونجاوە. بۆیە وەک ئەمانەتێکی (مێژوویی – ئەدەبی – ڕۆژنامەوانی) ڕوانین و خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ ناوەڕۆکی ئەم دەقە دەکەین.

*سەرچاوەی دەق لە دووبەڵگەنامەی زیندوودا
دەقی وەسیەت لە ساڵی ١٩٢٧ لە ژمارە ١ گۆڤاری (پەیژە) لە نووسینی شاعیری گەورەی کورد سەید عەبدولخالق کەرکوکی ناسراو بە (ئەسیری) بڵاوبۆتەوە، ئەو کات وەک خەمێکی گەورەی نیشیمان، ئەم شیعرەی نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە.
مامۆستا مومتاز حەیدەریش لە ڕوانگەی پەرۆشی و خەمخۆری و دڵسۆزی بۆ زیندووکردنەوەی ئەرشیفی نەتەوەیی و ڕۆژنامەوانی، بۆ خستنە ڕووی دنیای ئەدەب، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە گەشەکانی مێژووی ئەدەبی کوردی و زیندوو کردنەوەی شاکارە مێژووییەکان، لە کۆبەرهەمی (زادەی تەمەن، ڕەوسەی قەڵەمەکەم) لە بەرگی ژمارە ١٣ ناوەڕۆکی گۆڤارەکەی بڵاوکردۆتەوەو لە لاپەڕە ٩٩-١٠٠ لەساڵی ٢٠١٨ سەرلەنوێ ئەو دەقەی شاعیر (ئەسیری) بڵاوکردۆتەوە.
ئێستاش بەبۆنەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک خەونی وەسیەتەکەی ئەسیری، بە گەڕانەوە و باگڕاوند بۆ ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر کە شاعیر پێشبینی دامەزراندنی سوپای کوردی کردووە، لێرەدا ناوەڕۆکی دەق و ڕوانینێکی ئەدەبی دەخەینەڕوو.

*خستەڕووی دەق
وەسیەت بێ ئەگەر مردم وەرە سەر قەبرەکەم قالە
بڵێ ئاواتەکەت پێکهات هەڵسە بێرەدەر خاڵە
کە بوویتە زابتی قەتعە و باوکی عەسکەری کوردی
لەبەر هیچ ئەزیەت و جەورێ نەکەی ئۆف و نەکەی ناڵە
بەخۆت و عەسکەر و قەتعەت لەسەر قەبرم بکەن تەعلیم
ئومێدم وایە ئیحیابم لەبەر شادی بەو حاڵە
ووکو خاڵت بە ئەی ڕۆڵە خەریکی کاری میللەتت بە
ئەوەی سەرفی ئەکا خاڵت لەڕێی قەومت سەر و ماڵە
موجەهەزبە بە علم و حوسن ئەخڵاق و سەخا و دین
لە ئازایی وەهابە پێت بڵێن وەک ڕۆستەمی زاڵە
شەریفە ئەو کەسەی مەعروزی باران غەم و دەردە
لە ڕێگای میللەتی کوژراو لەژێر خاکە کفن ئاڵە
کەسێ میللەت پەرستیکا مەلوول و مات و غەمناکە
زەعیف و چاوی نم ناکە چ ئەندامێ وەکو دالە
عەیزە ئەو کەسەی کۆشش بکا بۆ هاوزمانی خۆی
ئەگەر چی عەیشی تەڵخە بێ مورادە عاجزە بەدبەختە کەم حاڵە
شەهیدی میللەتم تەسلیم خاکم کەن گەلی کوردی
بپۆشی خاکی سەرقەبرم بە ڕیحان و گوڵ و لالە
لە ڕێگەی میللەتت هەرچت بەسەربێت خۆشە ئەی ڕۆڵە
لەسەدری سەفحەی تاریخ ئەنووسرێ سورەتت قالە.

*ڕوانینێکی ئەدەبی
لە دەسپێکدا شاعیر بە ووشەی (وەسیەت) دەست پێ دەکات، بێگومان ئەمەش ئاماژەدانە بە خەون و پێ داگری دوای مردن، چونکە بە درێژایی تەمەنی شیعری، شاعیر هەمیشە لە نێو خەون و خەمی نیشتیمان و نەتەوەو خاک دا هەناسە شیعرییەکانی دەربڕیوە، بۆیە وەک ئەمانەتێکی ئەدەبی و نیشتیمانی، گرێکوێرەی وەسیەتی دوای مردنیشی دەخاتەڕوو، داوا دەکات لەسەر گۆڕەکەی ئیعلانی ئاواتی شاعیر بکرێ، لێرەدا ڕاستەوخۆ نهێنی وەسیەتەکەی ئاشکرا دەکات، ئەویش دروستبوونی سوپایەک کە بە ( عەسکەری کوردی) ناوی دەبات، ئەمەش ئاماژەدانە بە سوپا و هێزی کوردی.
کە چوونە سەر قەبری، (ئەو) ی خەمخۆری نیشتیمان خۆی لە نێو بازنەی شادی بدۆزێتەوە، ئەم شادیەش سرینەوەی خەونی چاوەڕوانیە، ئەوەتا لە نێو گۆڕیش پەیامی زەمەنی زیندوویی خۆی چەشنی وەسیەت دووپاتدەکاتەوە وەک ئەو خەریکی کاری میللەت، هەروەک هەمیشەیی سەر و ماڵی لە ڕێی میللەت سەرفی دەکا، ئەمەش گوزارشتە لەوەی شاعیر هەمیشە وەک پێشەنگی قوربانی بۆ خاک و میللەت ژیانی خۆی تەرخانکردوە.
ڕەهەندێکی قوڵی ئەم دەقە شیعرییە لەوەدایە، ئەوەتا شاعیر دوای خەمی خاک و نیشتیمان، ئینجا دێتە سەر لایەنەکانی دیکە( علم – ئەخلاق – دین ) ئەم دێرە گەورەترین مانا هەڵدەگرێ، کە نیشتیمان وەک کلیل و کۆدی سەرجەم بوارەکانی دیکەی ژین و ژیان لە خۆدەگرێ، هەر لە درێژەی هەناسەی وەسیەت دا، شاعیر داوا دەکا لەکاتی هێز و سوپای نیشتیمانی ئەوا ( ئازایەتی ) دەبێتە ناسنامەی نەتەوەیی، پاشان کەسێک لە نێو غەم و دەرد دا بێت، ئەوا جێگای شانازییە، گەر لە پێناو میللەت و دۆزی نەتەوە گیان لەدەست بدات، ئەوا لە ژێر خاکیش کفن ئاڵە.
ئەم دێرە لە لوتکەی فۆڕمی ئازایەتی و گیانفیدایی خۆی دەدۆزێتەوە کە شاعیر بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان دەریبڕیوە، چونکە میللەت پەرستی، مرۆی میرخاس و بەتواناو وورەبەرزی دەوێ لەگەڵ ئەوەش دا بەردەوام بە ڕوخساری مەلوول و مات و خەمناک دەبینرێت، ئەم دێرەش تەواوکاری دێرەکانی دیکەیە، کە بە وێنەیەکی جوانی هونەری لێکیبەستاوەتەوە، ئەوەتا لە هەموو حالەتەکاندا چاوی وەک (دالە)، ئەمەش گوزارشتێکی جوانی ئەدەبی و هونەرییە، دوای ئەو پێناسە پڕ لە هەڵوێستانەی کەسی نیشتیمان پەروەر و عەسکەری دڵسۆز، ئیدی ئەو کەسانە دەبنە عەزیزی میللەت چونکە بۆ هاوزمانی خۆی کۆشش دەکا.
ئەم چنینە جوانەی شاعیر لوتکەی وێنەیەکی ئەدەبی بەرگریگاری بە فۆڕمی شیعرەکە بەخشیوە، ئەگەر چی ژین و ژیان و مەودای تەمەنی پڕ لە ناسۆری و ناخۆشی و نائومێدی بووە، بەڵام ئومێد و شادی و خۆری نوێ بۆ نەوەی ئاییندە هەر بەدی دەکرێ، بۆیە گەر لەو هێز و سوپایە شەهیدیش بێ لای ئاساییە، چونکە تەسلیم بەو خاکە پیرۆزە دەبێ کە بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد قوربانی بۆ داوە.
دواجار شاعیر وێنەیەکی پڕ لە جوانی نیشان خوێنەر دەدات، ئەویش پۆشینی قەبرەکەی بە ڕەیحان و گوڵ و لالە، ئەمە ڕاستەوخۆ وێنەیەکی کەلتووری و ڕەسانەیەتی میللەتێک نیشان دەدات، کە هەمیشە حەزی لە گوڵ و گوڵزار و جوانییە، لە دوایین دێردا (ئەسیری) گەورەترین پەیامی وەسیەت دووپاتدەکاتەوە، ئەویش نیشاندانی ئەو تابلۆ فرە ڕەنگەیە کە بەدرێژایی مێژوو هەوڵی بۆ دەرێ کە ئامۆژگارییەکە بەدرێژایی سەد ساڵەی نووسینی ئەم دەقە، نەوە دوای نەوە شانازی پێ دەکات و مێژوو هەمیشە بە شانازییەوە باسی دەکات ئەوەتا لەدوا دێردا دەڵێت:
لە ڕێگەی میللەتت هەرچت بەسەر بێت خۆشە ئەی ڕۆڵە
لەسەدری سەفحەی تاریخ ئەنووسرێ سورەتت قالە.