ئێوارهی ئهمرۆ چوارشهممه 14.10.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردار ئیسماعیل بەرێوەبەری گشتی وەرزش، زافر ئەمیر سەرۆکی فیدراسێۆنی شەترەنجی عێراق، د. دڵزار حەمە سالح سهرۆكی یانەی شەترەنجی خانزاد، یاریزان و ههواداران، پاڵەوانێتیی پێش كۆتایی شەترەنجی عێراق A ـی ئاستی تەمەنە جیاوازهکان، بە بەشداریی یاریزانانی کوڕ و کچ لە شاری هەولێر بهرێوهچوو.
ئەم پاڵەوانێتییە لەلایەن یەکێتیی شەترەنجی عێراقەوە، بە هاوئاهەنگیی یانەی شەترەنجی خانزاد، بەڕێوە دەبرێت و یانە و یاریزانانی بەشداربوو لە شارە جیاوازەکانی عێراقەوە تێیدا بەشداری دەکەن.
لەو پاڵەوانێتییەدا، کە لە یانەی خانزاد بەڕێوە دەچێت، نزیکەی 80 یاریزانی کوڕ و کچ لە تەمەنە جیاوازەکان کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی لە کەشێکی وەرزشی و ڕکابەرییەکی یاریزانانەدا تواناکانی خۆیان پیشان بدەن. پاڵەوانێتییەکە بە سیستەمی سویسری و لە نۆ ڕاونددا بەڕێوە دەچێت.
بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانێتییە لە هەولێر، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە وەرزشی شەترەنج و پەرەپێدانی توانای یاریزانانی گەنج و دروستکردنی دەرفەتی ڕکابەریی وەرزشی لە نێوان یاریزانانی شارە جیاوازەکانی عێراقدایە.
شایانی باسە، یانەی خانزاد یانەیەکی تایبەتمەندە بە یاری شەترەنج لە شاری هەولێر، لە ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە و لە بواری پەرەپێدانی یاری شەترەنج و پشتگیریکردنی یاریزاناندا چالاکی دەکات. هاوكات خاوەنی پرۆژەی نیشتیمانی خوێندنی شەترەنجە لە قوتابخانەکانی پەروەردەو یانەیەکی دیارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە.

