رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان و ئەمەریکا- سووریا دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – سووریا کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئامادەییی حکوومەت بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بە وەبەرهێنەرانی ئەمریکی کردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – سووریا کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان، بە ناوی شاندەکەوە، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و کورتەیەکیشی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ کۆماری سووریا و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی و چالاکیی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئاماژەدان بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، ئامادەییی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە