حەسەن حەمەد ئاندێکی
فیلمی کاتی پڕبینەر (Primetime) چیرۆکی ڕۆژنامەنووسێکی تەلەڤیزیۆنی دەگێڕێتەوە کە قووڵ دەبێتەوە لە جیهانی تاوان و لێکۆڵینەوەکاندا، ئەمەش بینەر ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەکاتەوە: میدیا تا کوێ ئامادەیە بۆ سەرکەوتن و راکێشکردنی بینەری زیاتر، پێشبڕکێ بکات؟
ڕووداوەکانی فیلمەکە کەشێکی دراماتیکیان هەیە، دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای ساڵانی دووهەزارەکان و سەردەمی گەرمەی بەرنامەکانی ڕۆژنامەوانیی تەلەڤیزیۆنی. کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە بە شێوەیەکی خەیاڵی لە ژیانی ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوەوە ئیلهامی وەرگرتووە. لەنێو کڕۆکی چیرۆکەکەدا، هەوڵدان بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکان لە هەمان کاتدا دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ناوبانگ و کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر لەسەر شاشەکان. فیلمەکە سنووری نێوان گواستنەوەی هەواڵی ڕاستەقینە، نمایشی تەلەڤیزیۆنی و یاریپێکردن بە هەستی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ڕووداوەکان کەشێکی پڕ لە پەستان و نائارامی دروست دەکەن و ئەوە نیشان دەدەن؛ کاتێک هەوڵی گەیشتن بە ڕاستییەکان لەگەڵ بازاڕی میدیا و کێبڕکێی کەناڵەکاندا تێکەڵ دەبێت، چۆن دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی.
فیلمەکە بە شێوەیەکی تایبەت ئەو پرسە هەستیارە دەورووژێنێت: کاتێک ڕووداوێکی ڕاستەقینەی تاوانکاری دەگۆڕدرێت بۆ ماددەیەکی میدیایی پڕبینەر بۆ کات بەسەربردن، بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندن چی لێ دێت؟
ئەم بەرهەمە سینەماییە بە شێوەیەکی پڕ لە گرێوگۆڵ، سنووری نێوان هەواڵ، نمایشی تاوان و رەوشتی میدیایی دەخاتە بەرچاوی بینەر و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ئەم تێکەڵبوونە لەسەر کۆمەڵگە نیشان دەدات.
سەرچاوە:
https://www.comicbasics.com/tag/primetime-film/
https://a24films.com/films/primetime

