ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢٦، لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای لق لە شاری ڕانیە، کۆڕێکی گفتوگۆئامێزی بە ناونیشانی (ڕەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ گرفت و چارەسەر) بۆ د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ساز کرد.
کۆڕەکە بە ئامادەبوونی کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١، ژمارەیەک لە ئەندامانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، کارگێڕان و هەڤاڵانی لق، بەرپرسانی لیژنە ناوچەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیرانی سنووری لقی ١١ بەڕێوە چوو.
لە میانی کۆڕەکەدا، د. سالار عوسمان تیشکی خستە سەر دوا گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، و بە وردی شیکردنەوەی بۆ ئاستەنگ و گرفتە سیاسی، ئابووری و جەماوەرییەکان کرد. هەروەها ڕوانگە و ستراتیژی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی تەبایی لە کایەی سیاسی و خزمەتکردنی زیاتری جەماوەر خستە ڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، د. سالار عوسمان جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی کادیرانی پارتی کردەوە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و ئۆرگانی، و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان حزب و جەماوەر لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لە کۆتاییدا دەرگای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا واڵا کرا، و ئامادەبووان بە سەرنج و پرسیارەکانیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

