رۆژنامەی ھەولێر

کـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــورد و دەریـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــا!

خوسرەو جاف
سەرەتا، کورد زادەی ناو زنجیرەشاخی زاگرۆس بووە و تا بە ئەمڕۆش، کە سەدەی بیست و یەکەمە، هەروا بووە و هەروا ژیاوە؛ ژینگەیەکی شاخاویی پر لە ئاو، دار و درەخت و لەوەرگای بەربڵاوی جۆراوجۆر. لە مێژوودا چەندین جار پێش هاتووە لەلایەن هێرشبەرانی لە ئێمە بەهێزتر وڵاتمان داگیر کراوە. ئێستاش، ئەوە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم گوزەراوە و هێشتا وڵاتی ئێمەی کورد کراوەتە چوار بەشەوە، هەریەکە لەو بەشانەش خۆیان بە خاوەنی سەر و مالمان دەزانن.
کوردستانی ئەوسا و ئێستای ئێمەی کورد لە دەریاوە دوور بووە، دەتوانم بڵێم بە تێکڕا کورد لە نزیکەوە دەریای نەدیوە. لە چیرۆکی خۆماڵیشدا کەم جار باس لە دەریا کراوە، چونکە ئێمەی کورد لەمێژە میللەتێکی شاخاوی بووین و لە شاخدا ژیاوین، بەتایبەت لە زنجیرەشاخی زاگرۆسدا ژیانمان بردووەتە سەر. من وەک کوردێک لە ساڵی ١٩٦٦دا بۆ یەکەمین جار دەریام دی. بەڕاستی کە لە نزیکەوە دانیشتم، بە گیانلەبەرێکی زەبەلاح هاتە بەر چاوم. ئەو شەوە تا بەیانی بەندە لە لێواری دەریا دوور نەکەوتمەوە و بیرم لە لرفە و هاژەی شەپۆلەکانی و گیانلەبەرانی ناو قووڵاییەکەی دەکردەوە.
باشە ئایا کابرایەک کە لە دوورگەیەکدا یاخود لێواری دەریادا هاتۆتە دونیاوە، داخۆ ئەوە چۆن بیر لە ژیانی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لەناو شاخە ئاڵۆزەکاندا، یان سارای کاکی بە کاکیدا هاتۆنەتە دونیاوە؟ دەبێت لەو ڕووەوە چۆنچۆنی بیر بکاتەوە؟ دەی ئەوە حاشاهەڵنەگرە، دەریا بۆ ئەو میللەتانەی شاخاوین بە گیانلەبەرێکی ڕازدار دەزانرێت، یا هەر نەبێت پر لە ڕازی هەڵنەهێنراوە.
بەندە بازنەی ئەم باسە بچووکتر دەکەمەوە و دێمە سەر باسی عەشیرەتی پان و پۆڕی جاف و دەریا و ئاو. وەک زانراوە، تا سەد ساڵ لەمەوبەر زۆربەی زۆری ئەم عەشیرەتە کۆچەر بوونە؛ زستان لە گەرمیان و شێروانە و بناری قەڵا مەزنەکەی حەمە پاشای جاف بوون. ئەوەش ئاشکرایە ئەم عەشیرەتە گەورەیە دوژمنی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ بوونە و تەواوی ژیانیان مەڕوماڵات و بەرزەوڵاخ بەخێوکردن بووە (واتە ئەسپ و ماین). بۆ نموونە تەنیا مەحموود پاشای جاف، وەک مڵکی شەخسی، هەزار ئەسپ و ماینی هەبووە. ئەمڕۆکەش ئەسپی جاف یەکێکە لە ڕەگەزە ناسراوەکانی دونیای ئەسپ، کە لە باری خوو و خولیاوە بە ئەسپێکی بەهێز، بەتوانا، ماندوونه‌ناس، خۆشقەبارە و خاوەن هەیکەل ناسراوە. لە بیرمە هەتاوەکو موحەممەد ڕەزا شای ئێران لە پێش ڕووخانیشی بە چەند ساڵ، لە (سەردار جاف)ی مورافیقی تایبەتی دەربارەی ئەسپی سپیی جاف پرس و جۆی کردبوو. ئەو پاشایە زۆر لە ڕەگەزی ئەسپە جۆراوجۆرەکانی لە تەویلە تایبەتییەکەیدا کۆ کردبۆوە، بەڵام ئەسپی سپیی جافی تیادا نەبوو. سەردار جاف ئەسپێکی نایابی جافی پێشکەش کرد و خرایە لیستی ڕەگەزەکانی ترەوە.
جاف تێکڕا لە ئاژەڵداری بەو لاوە کار و کاسبییەکی تریان نەزانیوە، ناوە ناوەش تاڵان بڕۆیان کردووە. تا دابینکردنی سنووری نێوان ئێران و دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقی ١٩٢٠، جافی کۆچڕەو دانیان بەو سنوورەدا نەناوە و ساڵانە لەو هاتووچۆیەدا بە ملیۆنەها مەڕ و ئاژەڵەوە لە گەرمیان و کوێستاندا بوون، هەمیشەش ببوونە مایەی گرفت و کێشە بۆ خەڵکە نیشتەجێبووەکەی چەپ و ڕاست. ساڵانە ئەو کۆچ و بارە لە قزرباتەوە (سەعدییە)، واتە بناری حەمرینەوە کە بە موڵکی حەمە پاشای جاف دەژمێردرا، دەستی پێ دەکرد تا دەوروبەری سنە و سابڵاخ.
دەمەوێت بڕێک ڕاز و نهێنیی عەشیرەتەکەم (کە جافن) وەک باس بخەمە بەر چاوتان، بەتایبەتی دەربارەی (ئاو، ڕووبار، باران). لەبەر ئەوەی ئەم عەشیرەتەی ئێمە ئاژەڵ و مەڕوماڵاتدار بوونە و لە قووڵایی مێژووەوە کۆچەر بوون، گرفتی ژیانی کۆچەری تایبەتمەندیی خۆی هەبووە؛ بەتایبەتی ترس و تۆقینیان لە بارانی بەخوڕ بووە. زۆر پێش هاتووە ژمارەیەکی زۆری مەڕوماڵاتیان لافاوی بارانی بەخوڕ بردوویەتی و تووشی زەرەر و زیانی گەورە بوونەتەوە. بنواڕە ئەم وتە بەناوبانگەی ناو جاف کە دەربارەی ڕووباری سیروان وتوویانە؛ وەک زانراوە ڕووباری سیروان لە چەندین جۆگەلە و کانیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوەی سەرەکیی پێکهاتووە. ئەو ڕێڕەوە دوور و درێژەی ڕووباری سیروان تا دامێنەکانی زنجیرەشاخی حەمرین، زۆرتر هەر بە دەڤەرێکدا سەرەوخوار بووە و هاوین و زستان زۆر لە ڕێگای جافدا بووە.
یەکەم: لە ئاو ترساون.
دووەم: بەتایبەتی لە ڕووباری سیروان ترساون، بۆیە لەمێژەوە دەربارەی سیروان وتوویانە: «سیروان لێشت نەدەم هەر دەمبەی؟».
نموونەیەکی تری ترس و تۆقینی جاف لە باران و لافاو: واباو بوو خێڵێکی جاف دەیانەوێت هەوارگە بگوێزنەوە، ئاسمان هەور دایدەگرێت و نمەنمە باران دەست پێ دەکات. ئیتر ئەوە خێڵ خەریکی کۆچ و بارن، سەرخێڵ ڕوو دەکاتە ئاسمان و بە دەنگی بەرز دەڵێت: «وە قورئانی حەق ناڕۆین و ناگوێزینەوە!»، لە پشتی خۆشییەوە بە دەست ئاماژە بۆ بەقیەی خێڵەکەی دەکات و دەڵێت: «بە دوو لا بڕۆن با نەبینرێن!».
ئەگەر ورد ببیتەوە لە کوردستانی گەورەدا، تەنیا دوو ئاوی زۆر هەن: یەکەمیان گۆلی زریبارە کە لە نزیک شاری مەریوانە و لە ڕێڕەوی گەرمیان و کوێستانی جافی کۆچەردایە؛ دووەمیان دەریاچەی وانە کە شاری وان لە کوردستانی باکوردایە. ترس و سەرسامیی کورد دەربارەی دەریا زۆرتر لەوەدایە کە کەم کورد تا بە ئێستا دەریای دیوە.