یاسین قادر بەرزنجی
کاک ئاوات ناوێکی دیارو نووسەرو وەرگێڕێکی خاوەن ئەزموون و فرە بەرهەمە، بە کتێبە ناوازەکانی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە.
دەتوانم بڵێم لە ڕیزی پێشەوەی وەرگێڕانی کورددایە، ئەو لە ئینگلیزی و عەرەبییەوە کتێبی گرنگی کردووەتە کوردی و خاوەنی ژمارەیەکی زۆرە لە کتێبی چاپکراو لە بوارەکانی فەلسەفەو فیکرو دەروونناسیدا.
تا ئێستا ٩٦ کتێبی چاپکراوی هەیەو ٨ ی تریشی لەژێر چاپدان و چەندین کتێبی تریشی لە ئایندەدا ڕوناکی دەبینن.
کتێبەکانی ئەم وەرگێڕە کارامەیە بوونەتە ژێدەری بەنرخ بۆ خوێنەرو توێژەران، لێرەدا ناوی بەشێکیان دەبەین.
لە نووسەری ناسراوەوە فالح عەبدولجەبار هەردوو کتێبی:
*دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی، ٢٠٠١
*سیماکانی خورافە لە بیری سیاسیی عەرەبیدا، ٢٠٠٥
هەر سێ کتێبەکەی کرایس گرووپ لەمەڕ کوردو عێراق:
*سەرەتاکانی جەنگێک کە خەریکە لە کەرکوک هەڵدەگیرسێ، ٢٠٠٧
*تورکیاو کوردانی عێراق. ململانێ یان هاوکاری، ٢٠٠٨
*عێراق لەسەر زەمینەی مۆلەق، ٢٠٠٩
هەروەها چەندین کتێبی بایەخداری وەکو:
*لێکدانەوەی خەونەکان، سیجمۆند فرۆید، ٢٠٠٣
*یادەوەرییە سیاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید (١٨٤٢-١٩٢٨) کە زۆربەی موسوڵمانان بە دوا خەلیفەی تەواوی موسوڵمانانی دەزانن
*جیهانی میشیل فۆکۆ،٢٠٠١
*ئاین و کەسێتی، ٢٠٠٠
*ڕوناکبیرو دەسەڵات، ٢٠٠٢
*فایدۆن، ئەفلاتوون، ٢٠٠٣
*پێکەنین و بیرچوونەوە، میلان کۆندێرا، ٢٠٠٣
*ئیرهاب و دیموکراسی، چۆمسکی، ٢٠٠٤
*تیرۆریزم، پروس هۆفمان، ٢٠٠٥
*شارستانێتی و نیگەرانییەکانی، فرۆید، ٢٠٠٠٥
*پەیمانی کۆمەڵایەتی، ڕۆسۆ، ٢٠٠٥
*فەرهەنگی هەڵبژاردن، ئامادەکردن، ٢٠١٢
*سۆکرات، سی دەبلیو تایلەر، ٢٠١٤
*سۆفیست، ئەفلاتون، ٢٠١٥
*ڕەگ و ڕیشەی سیستمی سیاسی، فۆکۆ یاما، ٢٠١٦
*دەروازەی ڕۊژنامەوانیی بنکۆڵکاریی، سامان نووح، ٢٠١٩
*هۆمیرۆس، باربارا گراسیۆزی،٢٠٢٢
*محەمەد، جۆناسان براون، ٢٠٢٤
نووسەرو وەرگێڕ کاک ئازاد بەرزنجی سەبارەت بەکاک ئاوات دەڵێت:
[ئاوات ئەحمەد سوڵتان یەکێکە لە نووسەرو وەرگێڕە ناسراوەکان کە بە درێژایی چەند دەیەیەکی ڕابردوو بەرهەمی هەبووە، ئەو عەرەبی زانێکی باشەو لە ئینگلیزیشەوە چەند کارێکی گرنگی لە بوارەکانی فەلسەفەو ڕەخنەی فیکری و دەروونشیکاریدا وەرگێڕاوە، یەکێک لەو کارە باشانەی دیالۆگەکانی ئەفلاتوونە، جگە لە دەیان کاری تر کە جێگای ستایش و دەستخۆشین].
هەر درەوشاوە بیت ناوە جوان و بەنرخەکەی نێو کتێبخانەی کوردی، هاوڕێی دێرین و ئازیزم کاک ئاوات.

