رۆژنامەی ھەولێر

شاعیرێک لە ماڵی پڕ لە تەنهایی و ئێوارانی بێڕەنگیدا ئەوینی شیعر و بێدەنگی دەهۆنێتەوە

ئازاد پێنجوێنی
لە پشت پەنجەرەی ناو وێستگەی وشەکانی تەنیاییی شاعیرێکەوە بە بێدەنگی وەستاوین و درەوشانەوەی خۆر بەدی دەکەین، لە ڕەهەندی چامەی نەوتراو و نوێگەریەکانیدا بە لالەزار و زنار و نزاری پێدەشتی کێو و ئاوایی شاد دەبین، شاعیر ئالودەی هەندێ بەڵێنی خانمە و، ئیشراقی ئەشقیش دەیهەوێ باوەش بکات بە زەین و پێنووسەکەی شاعیردا.
سەلامی شاعیر ماڵی ئەندێشەی تەژیە لە وشەی نەوتراو و ڕیتمی مۆزیک و وێنەنمای ڕەنگکردنی ژیان، خۆیشیان لەنێو چاوەڕوانیەکەی (گۆدۆ)دا پڕن لە تەنیایی.
سەلام سەعید مەولوود ساڵانێکە بە شیعرەکانی، تەنهاییەکەی مرۆڤ و خەیاڵی ئەفسووناوی و ئەوین و ئەوینزادە، ئەشق و یاران و هاودەمانی ڕاڤە دەکات؛ سەلام لەنێوان شیعر و ئەشق و ڕەخنەی کۆمەڵگەدا پردێکی ڕاگر و ژینێکی ئەفسووناویی بنیاد ناوە. شیعرەکانی ئاوێنەیەکی تیوارن بۆ ڕۆحیەتی ئەشق و نەتەوە و ژیانێکی جاویدان. هەرکۆپلەیەکی تابلۆیەکی جوانن کە هەقیقەتی ڕەهای ئەوین و پێکەوە ژیانمان بۆ بەرجەستە دەکات و، لەنێو قەسیدە و لاپەڕە ناخ سپیەکانیدا دڵبەرەکەی دەبینین، ئا لەو ماڵە چۆڵ و بێچرپەدا بەرامبەر خەیاڵی شاعیر سەما دەکات.
شاعیر بە ئاراستەی ترووسکەی چرایەکی هەڵواسراودا هەنگاو دەنێ و سەرگوزشتە و وێنەکان کۆ دەکاتەوە، ماڵەکەی پڕە لە بێدەنگی، هەمیشە لەداڵغەدایە و پەڵپەی گریانی ناکاتە قورساییی سەبووریەکەی سەردڵی، بەردەوامە لە شیعرهۆنینەوە و ئێمەی پێ ژیر دەکاتەوە و ژیانمان پێ دەناسێنێت.
بەردەوام لە بەردەم ترووسکاییی ئەو چرایەدا سەرقاڵی نووسینەوەی خۆیەتی، تا لە ڕێگەی وجودی شیعرەکانیەوە ئێمەش بگەین بە خۆمان، ئەو هەمیشە وایە بە ئاراستەی سبەینانێ چاوی لە بەرەبەیانە؛ ئاخر نیشتمانی ئەو شیعرکانیەتی، ماڵە تەنیاکەی دەروازەی ئارامشی ڕستەکانیەتی، وەک هەمیشە لە بەردەم پەنجەرەی خەونێکی دووردا دەنگی پێی دڵبەری بەرگوێ دەکەوێت؛ لە تەنیایی یاخی دەبێ، پشتی دەکاتە ترووسکایی چراکە و بەجارێ خەیاڵەکانی دەکەوێتە ژێر خاکی دڵی شیعرەکانیەوە، لە پیاسەکردنی ناو ژوورە تەنهاییەکەی بەردەوامە و بەڵێنەکان لە شوێنپێ ونەکاندا دەدۆزێتەوە، ئەو نایەوێ بە هیچەوە خەریک بێ و هیچ بچنێتەوە، ئەو شیعرمان بۆ دەنووسێت و ئێمە لە هیچەوە دەکات بە کائینێکی باڵا، شاعیر زۆر بە خەیاڵێکی ئەفسووناوی شیعر دەنووسێت وادەکات وێنەکان تەڵخ نەبن و تەمەن پڕ نەبێ لە خەم و خەونی ناخۆش، ئێوارەیەکی هێمنە، بەڵام پەردەپۆشە لە حوزن بۆ شاعیر و دڵخۆشی بۆ ئێمە؛ کارەساتە و، دەبێ کارێک بکەین ئەمە ڕوو نەدات؛ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە نووسینەوەی خۆی، چونکە تەنهایی دەیکوژێت و ئێمەش بێ شیعر دەبین و دواجاریش هیوایەکی نەلەبنهاتوو بۆ نووسینەوەی ئێمە و دڵبەرەکەی، دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
شاعیر نابێ هیچی لێ بێت؛ ئاخر مێژوو نیازیەتی بیکاتە کوڕی خۆی و ئێمەش خەنی بکات بەدیار قەسیدەیەکی لەدایکبوویەوە و هەستەکانیشمان بکاتە زەرووریەت بۆ ژیانێکی ڕەنگاوڕەنگ.
ئەم ماڵە تەنهاییە بۆ سەلام سەعید مەولوودی شاعیر زۆر باشە و بۆ ئێمەش باشتر؛ ئاخر گەر وانەبێ ئەم هەموو وشە جوان و پەیڤە نازدارە لە کوێوە دێتە بوون، ئەی چی بکەین بۆ ئەوەی لە چاوەڕوانیماندا مەرگ نەنێژین؟
ناچارین دڵبەری لێ دوور بخەینەوە.
توخوا نەیەیت دڵبەر! بگەڕێرەوە ئەو دەبێ تەنها بێت؛ ئەرخەیان بە سەلام ملی ڕێگای گرتۆتە بەر، بەدواتەوەیە وەک سایە و سێبەر؛
مەجنوون‌ئاسای ئەوینی تۆیە و ئێمەش شەیدای ئاوەزی فراوانی
دە توخوا تۆش ڕەحمێ بکە بە حاڵی ئێمە و مەیە بۆ لای، با هەر تەنها بێت.
ئەی نازانی گەر تۆ هاتیت لە دەیان شیعری هاوشێوەی وردەبارانی خاک و ناخە خووساوەکەمان بێبەش دەبین!
ئاخر ئەو هەر تۆ و شیعر شک دەبات، تا خەمەکانی خۆی و تەنیاییشی پێ ساڕێژ بکات؛ ئێمەش تەنیا شیعرەکانی شک دەبەین تا بتوانین رێک خۆمان بین و تەنیاش نەبین.
دڵبەرگیان بێخەم بە ئەو ناڕوات، بۆ هەرکوێ بڕوات دێتەوە ماڵە چۆڵەکەی، چونکە تەنهایی قیبلەی ئەوە و جێژوانی شیعرەکانی و ئەوینە دوورەکەیەتی.
سوپاس کە پاییز هات و تۆ نەهاتیت بۆ لای، پێویست بە تۆ ناکات، ئەو شیعری لایلایۆکەی هەموومانی پڕ کردووە لە جوانی، تکایە وەرزەکانی کەش نەیەیت با ئەو سێ وەرزەش بێبەش نەبین لە ڕوئیای جوان و خەونی فڕین تەک شیعرەکانیدا.
ئەوەتا بەئاشکرا هەرچی وشە و دەستەواژەی شیعرە باڵاکانیەتی داویەتی بەتۆ تەنها چاوەکانی تۆی دەوێ، پێویست ناکات چاویشی بدەیتێ، چونکە لەو ماڵە چۆڵەیدا هەزاران ماڵی دڵی کردووە بە گوڵەجۆی چەپککراو.
تکایە ببە بە جەلاد ڕووی لێ وەرگێڕە و هیچ هەستت بۆی نەبێ، با هەر بەئازار بێ و چاوەڕێت بێ؛ ئەوکات شیعری کەمان بۆ دەخوڵقێنێ و لە جامی شیعرەکانی و داهێنانی پەیڤەکانی سەرمەستمان دەکات بە سروشت.
بهێڵە با تەنیاتر بێ چونکە تا تەنیا بێ وەک (شەباهەنگ)ـی تەنیا ئیلهام و چریکە و ئاوازی شیعرەکانی لە ناوازەییدا و لە سووچی نیگاکانماندا جێ ئەگرێ و هەزاران کەناری ویستیان خوێندن دەبێ.
سەلامی شاعیر شەقامەکانی لەکۆڵ گرتوەو هەموو تەنهاییەکانی لەنێو پەرتوکی ماڵێک پڕ لەتەنهایی داناوەو ڕۆژانە دەیان جار تەقولباب لە دەرگای چاوەڕوانیمان دەدات تا شاد ببین بە بەریسکانەوەی مانگ.
سەلام سەعید مەولوود مرۆڤێکە وەک هەمیشە لەچاوەڕوانیدایە و بەتەنها باوەشی کردووە بە ئێوارەدا.
هەڵبەت شیعرەکانی سەلام هەمیشە بۆن و بەرامی لێزانی و هەنگاوی جاویدانی لە زەمەنی چاوەڕوانیەکانیدا درک پێدەکرێ
بۆیە ئێمە لەچاوەڕوانی گۆدۆیا نابین لەچاوەڕوانی شاعیرێکی بەئەزمونداین تا لە سایەی شیعرەکانیدا بگەین بەکەماڵی هێوربونەوەی عەقڵمان.
هەرچەندە شاعیر ناوەوەی سارایەکی وشک هەڵاتو خۆشبەختی هیچ وجودی نیە چەشنی ساراکەی هەناوی تەنهاییەکەی بۆیە لە شیعرێکیدا جوان دەڵێ:
ڕۆژانە ئەم جەستە ماندووەم پەلکێش دەکەم و سێبەری سنەوبەری پارکەکەم دەکەمە ژوان، کەچی قەت نەتتوانی تەنهاییم تاوتوێ کەیت.
لە ماڵەوە تەنها، لەناو خۆمدا تەنها؛ لە دەریشەوە هەر تەنها ئەی باشە کەی لە چیرۆکەکانی ژیانم ئەگەی.
سەلام هەر شیعرێکی وەک درەختێکی هەمیشە کەسک و ساباتی ژین و ژیانە و تەواوی کێڵگەی دڵەکانە کە خاڵی نابن لە تۆمی وشەکانی و شەتڵگە و نەمامی لێواری ڕستە و هەناوی باخچەیەک لە کۆپلەکانی و، فرمێسکی چاوی شیعرەکانی کە دەکەونە بەرپێی خاک، بەخێرایی چرۆ دەکەن و گەورە دەبن و دەبنە هۆی لەدایکبوونی شیعرێکی نوێ؛ دەبنە خۆراکی هەست و نەستی مێشک و چەشنی ئاوازی مۆزیک نۆتەی ژیان دەنووسنەوە، بەو جۆرە شاعیریش بێ دڵبەر و بێ مۆزیک ڕۆژ نیە هەموو خۆزگەکانی هەڵنەوەرێ و تەنهایەکانی زیاتر نەبێ کە شەویش دادێ لەنێو تاریکی گۆشەی ژورە تەنیایەکەیدا ئاخ و چاوەڕوانیەکان کۆ دەکاتەوە و دەیان کاتە ملوانکە شیعر و دەیکاتە گەردنی مرۆڤایەتی.
من تەواو هەست بەم شاعیرە دەکەم بۆیە خۆم خزاندە پەرتوکە تازەکەی کە ماڵێک پڕ لەتەنهاییە.
ئاشکرایە لە ڕوخساری شیعرەکانیدا ئەوە بەدی دەکەم کە هەناویان چۆن سووتاوە؛ مەگەر هەر ئەو وشە جوانانەی ناخی بتوانێ ببنە باران و خامۆشی کەن ئەو گڕ و کڵپەیەی کە بیر و چاوەڕوانیی شاعیریان تەنیوە.
بەوەشەوە زۆر دڵخۆشین خۆشبەختانە ماتریاڵی هەگبەکەی پڕ پڕن لە داهێنان، دیدەنی، بێدەنگی، سەبووریی دڵەکان.
چەندە نایابە کەمترین کات لە سووچێکی چاخانەی شەعب هەموو سپێدەیەک چاومان پێی دەکەوێ و فێرمان دەکات کە ژیان لە بەرگێکی تردا چۆن ئەگوزەرێت.
شاعیر خۆی لە تەنهاییدا بیر دەکاتەوە و دەنووسێت و خەم دەخوات و لە چاوەڕوانییەکی بێکۆتاییدایە بەڵام ناهێڵێ ئێمە هەست بە تەنهایی بکەین، چونکە هەرکات سەلامی شاعیر وون دەبێ و دەچێتەوە ماڵە تەنهاکەی ئەوا چەندین سەبەتە پەژارەی ناو وجودی خەڵکی دەدات بە کۆڵیدا و لە زەینیدا دەیکاتە جوانترین قەسیدە و لەم زەمەنە ئاڵۆزەدا لە هەموو سۆنگەیەکی چۆڕاو لە خوێن، ئازارەکان دەنووسێتەوە. سەلامی شاعیر گوڵستانمان بۆ دروست دەکات و گوڵە شیعرەکان دەکاتە هەتوان، ئێمە زامەکانی دەبینین چونکە ئازارەکانی زۆرن تەنیایی خەریکە دەیکوژێت کەچی سەدان شیعری جوان ڕەوانە دەکات لەتەنیشت کلوە بەفرەکانی ئێوارانی پاییزیدا، ئاخر زەمەنێکە بۆ شاعیر و بۆ یارانی؛ نە باران ئەتوانێ زەوی تەڕ بکات، نە کۆچی باڵندەکان دەتوانن ئەم هەراوزەنایە هێور کەنەوە؛ ئەرێ تۆ بڵێی فرسەتێکی تر مابێ بۆ خەندە؟ بەڵێ کاکی شاعیر ماوە لە سایەی شیعرەکانتەوە؛ هێشتا ماوە و بۆ مەگەر هەناسە شیعریەکانت نیە دەیچرپێنی بە هەناسەماندا‌، ئەی مەگەر کۆپلەکانت نیە ناهێڵێ ڕەشەبای نامرادی ببێتە تۆز و بچێتە چاومانەوە، ئەرخەیان بە و هەست بە تەنهایی مەکە، چونکە ئێمە لە تەک دڵنیایی ژیریتەوە، پاڵمان داوەتەوە بە چڵ و لقوپۆپی شیعرە کەسکەکانتەوە.
دوا پەیامیشم بۆ خوێندنەوەی (ماڵێک پڕ لە تەنهایی)، ئەمەیە:
توخوا نەیەیت دڵبەر! دەستم دامێنتە دڵبەر! نە بەیانی نە ئێوارە، نە شەوانی تێڕامانی بەدیار ئەستێرەکانیەوە نەیەیت! با خوێنیشی لێ بچۆڕێ، با چەندین سەبەتە خەمی هەڵگرتبێ، با ئاخت بۆ هەڵکێشێ، نەیەیت؛ چونکە هەرخەمێکی سەبەتەیەک شیعری لێ دەچۆڕێ و دەیکاتە دیاری بۆ ئاوەزمان. کە تۆ نەیەیت زیاتر تێڕادەمێنێ و بیر دەکاتەوە و گۆشەگیر دەبێت؛ دەچێتەوە بەردەم ترووسکاییی چراکە و، شیعری تازەی لێ هەڵدەچۆڕێ.