عارف ڕوشدی
بیرکردنەوەیەکی بەرپرسیارانە و پێویستە لەم کەشە چەقبەستووەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، هەر وەک چۆن هێژا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانەدا جەختی لێ کردووەتەوە و داوا لە پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان دەکات بەرەو تەلاری پەرلەمان ملی ڕێگە بگرنە بەر.
وەک وەڵامدانەوەیەک و مافێکی مەنتیقی بۆ خواستی ڕەوای دەنگدەرانیان، پێویستە پەرلەمانتارانی سەرجەم حزبە سیاسییەکان—کە بە دەنگی خەڵک ئەو پێگە و نازناوەیان پێ بڕاوە—سۆز و پەیمانەکەیان بەجێ بگەینن و چیتر چاوەڕێی فەرمانی نابەجێی حزبەکانیان نەکەن، بەڵکو کوردانە و مەردانە بڕیار بدەن، پەرلەمان کارا بکەنەوە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
چونکە ناحەزان و نەیارانی گەل و وڵاتەکەمان لە بۆسەدان و خوازیارن بە بیانوی تەماوی، زەفەر بە دەستکەوتەکانی خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی خەڵکی کوردستان ببەن.
بە دڵنیاییەوە بەم هەنگاوەیان هەڵوێستێکی مێژوویی تۆمار دەکەن، ڕێزداریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ڕەوایەتیی نوێنەرایەتیکردنی جەماوەر بەدەست دەهێنن. هەروەها دەبنە هاندەرێک بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان دوور بکەونەوە لە خواستی بەرتەسکی کەسی و حزبی، بەمەش کەشی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن ڕەخساوتر دەبێت.

