رۆژنامەی ھەولێر

شارەوانیی هەولێر راگەیەنراوێك لەبارەی كڕین و فرۆشتنی زەویی فەرمانبەران بڵاو دەكاتەوە

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر راگەیەنراوێك لەبارەی زەویی فەرمانبەران بڵاو دەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بەو زەوییانە ڕێگەپێدراو نییە تا مامەڵە و رێكارەكان تەواو دەبن.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئاگادارییەكدا رایگەیاند: دوای بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 27ی ئاداری 2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، و دواتر دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە (2٢)ی ساڵی 2024 لە ڕێکەوتی 31ی ئایاری 2024 کە تایبەتە بە مەرج و ڕێکارەکانی دابەشکردن بە شێوەی قۆناغ و تیروپشک، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە:-

1- بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارتەکان ڕێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە. تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و ڕێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت، نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی لەسەر ئەنجام بدرێت. دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، زەویەکە دەبێتە موڵکی سەربەخۆی خۆی و ئەوکات مافی کڕین و فرۆشتنی هەیە.

2- بەداخەوە تێبینی کراوە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەویان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەکانیان هێشتا بە شێوەی کارتە و تۆمار نەکراوە، دەستیان کردووە بە کڕین و فرۆشتن. ئەم کارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاڵوگۆڕکردنی زەوییەکە لەنێوان چەندین دەست، لە کاتێکدا هێشتا هیچ تەرخانکردنێکی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەکراوە. بەپێی ڕێنماییەکان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین.

3- داوا لە گشت فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەکەین خۆیان بە دووربگرن لەمجۆرە مامەڵانە. هەروەها داوا لە سەرجەم نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکەین بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری یاسایی دەبن.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا كە لە کۆی 82 هەزار ناوی فەرمانبەر لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر کە ڕەزامەندییان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا 55 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەویدا و کارکردن لەسەر قۆناغەکانی داهاتووش بەردەوامە.