ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لە کاتێکدا جیهان لە مانگی ئۆکتۆبەری پەمەییدا هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک چڕ دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەسەر ڕاستییەکی زێڕین دەکەنەوە: دەستنیشانکردنی پێشوەختە کلیلی بنبڕکردنی نەخۆشییەکەیە. شێرپەنجەی مەمک بەهۆی گەشەی ناسرووشتی و لەکۆنترۆڵدەرچووی خانەکانەوە دروست دەبێت، بەڵام چاودێریی بەردەوام و پشکنینی خۆیی لەلایەن خانمان خۆیانەوە، دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە بەر لەوەی بگاتە قۆناغی مەترسیدار.
د. سامیە جەلال فەقێ ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و نەخۆشییەکانی مەمک، سەرنج دەخاتە سەر ڕەهەندێکی گرنگی دڵنیایی و دەڵێت: «زۆربەی هەرە زۆری ئەو گرێیانەی لە مەمکدا دەردەکەون بێمەترسین و دروستبوونی گرێ مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ بوونی شێرپەنجە. سەرەڕای ئەوەش، بۆ پاراستنی سەلامەتی، پێویستە خانمان بە تەواوی ئاشنای نیشانەکان بن و لەگەڵ تێبینیکردنی هەر نیشانەیەکدا دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەن، تاکوو لە ڕێگەی پشکنینی کلینیکی، سۆنار، تیشکی مامۆگرام، یان پشکنینی خوێن و تاقیگەییەوە هۆکارەکەی یەکلایی بکرێتەوە.»
دیارترین و باوترین نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک بریتین لە:
• دروستبوونی گرێ یان ڕەقبوون لە مەمک یان بن باڵدا
• هەڵئاوسانی تەواو یان بەشێک لە مەمک
• تێکچوون، چرچبوون، یان چوونەناوەوەی پێستی مەمک
• سووربوونەوە، گۆڕانی ڕەنگ، یان ئەستووربوونی پێستی مەمک
• چوونەناوەوەی گۆی مەمک یاخود هەستکردن بە ئازار تێیدا
• دەردانی هەر شلە و دەردراوێک لە گۆی مەمکەوە بێجگە لە شیر
• هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە قەبارە و شێوەی مەمکدا
• بوونی ئازارێکی بەردەوام لە مەمک یان بەشێکیدا
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم نیشانانە مەرج نییە هەمیشە شێرپەنجە بن و لە کۆمەڵێک حاڵەتی بێزیانی دیکەشدا سەرهەڵدەدەن؛ لەگەڵ ئەوەشدا، دروستبوونی هەر گومانێک پێویستی بە هەڵسەنگاندنی خێرای پزیشکی هەیە.
هەنگاوەکانی خۆپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسی:
• پاراستنی کێشێکی تەندروست و هاوسەنگ
• ئەنجامدانی بەردەوامی وەرزش و چالاکیی جەستەیی
• هاندانی شیرپێدانی سروشتی بە کۆرپە
• وازهێنان لە جگەرەکێشان و کێشانی نێرگەلە
• دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان
• کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دەرمان و حەبی هۆڕمۆنی بۆ ماوەی درێژخایەن
• خۆبەدوورگرتن لە بەرکەوتنی ناپێویست بە تیشک

