رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی كوردستان کەرتی گەشتوگوزاری بووژاندووەتەوە ساڵانە ٥ ملیۆن گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان

دیمەنی دڵڕفێنی سرووشت و بەرزبوونەوەی کواڵێتی خزمەتگوزارییەکان ھەرێمی کوردستانی کردووەتە دوورگەیەکی سەرەکی بۆ ھەزاران گەشتیار لە سەرانسەری عێراق و جیھان، گەشەسەندی ئەم کەرتە تەنیا لە جوانکاری سرووشتدا کورت نابێتەوە، بووەتە بزوێنەرێکی بەھێزی ئابووری لە سنوورەکە، ئێستا ژمارەی شوێنە گەشتیارییەکان ٣١٠٠ شوێنی تێپەڕاندووە، ساڵانە بە ڕێژەی ١٠% پڕۆژەی نوێ لە ناوچە جیاوازەکان دروست دەکرێن، ئەوەش دەرگای بژێوی بە سەر سەدان گەنجی ناوچەکە کردووتەوە و ھەلی کاری زۆریشی ڕەخساندووە.

حکوومەتی ھەرێمی کورستان لە کارنامەی کارکردنی خۆیدا گەشتوگوزاری لە ڕیزی کشتوکاڵ و پیشەسازی داناوە، گەشتوگوزار یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داھاتی جیھان، ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن گەشتیار بە جیھاندا گەشت دەکەن، زیاتر لە ترلیۆنێک و ٤٠٠ ملیار دۆلار داھاتی بۆ وڵاتانی گەشتیاریی جیھان ھەیە کە ١١%ی ئابووریی جیھان پێکدەھێنێت و زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن ھەلی کار دابین دەکات.
ڕێکخراوی جیھانیی گەشتوگوزاری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٩ بڕیاری یادکرنەوەی ساڵانەی گەشتوگوزاری دا، لە ساڵی ١٩٨٠وە تاوەکو ئەمڕۆ ھەموو ساڵێک لە ٢٧ی ئەیلوولدا ئەم یادە بە لۆگۆ و بە دروشمی جیاواز دەکرێتەوە.
ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیۆن گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ‌کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، بەرنامەڕێژی و پلانی ستراتیژی داڕشتووە بۆ ئەوەی حکوومەت وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات پشت بە کەرتی گەشتیاریی ببەستێت.
حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە و پلانی ھەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ٢٠ ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا، لەم چوارچێوەیەدا، چەندان پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم، لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
کەرتی گەشتیاری یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام پێویستی بە پەڕەپێدانی زیاتر و مارکێتینە بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار ڕٍوو لە ناوچە گەشتیارییەکان بکەن، پێشوەچوونی ئەو شوێنانە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە سەرنجی ملیۆنان گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستانی ڕاکێشاوە، ئەو دڵخۆشن بەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ساڵانە لەو سێکتەرە دەکرێن، ئەوەش بووە ھۆکار کە ھەرێمی کوردستان ببێتە بژاردەی یەکەم بۆ بەسەربردنی کاتە خۆشەکانی خۆیان.
ھەرێمی کوردستان سێ جۆر گەشتیاری ھەیە، ئەوانیش گەشتیارانی ناوخۆیین کە لە ناوچەیەکەوە ڕوو لە ناوچەیەکی دیکە دەکەن بە مەبەستی گەشتکردن. جۆری دووەم گەشتیاری عێراقین کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن و گەشت بۆ ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کورستان دەکەن، ئەم جۆرەیان زیاتر لە وەرزی ھاوین و پشووەکاندا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. ھەرچی جۆری سێیەمە، بریتییە لە گەشتیاری بیانی، ئەم جۆرەیان زیاتر لە وڵاتانی دراوسێ، عەرەبی، ئەوروپی و وڵاتانی دیکەی جیھانەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ھەرێمی کوردستان چەندین فاکتەری گرنگی ھەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار، گرنگترینیان، سەقامگیری دۆخی ئەمنی، سروشتی سەرنجڕاکێش، مامەڵەی گونجاوی ھاووڵاتییان لەگەڵ گەشتیاران و ئاسانکارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەشت کردن. نەبیل محەممەد، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئێمە لە بەغداوە ھاتووین بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری دھۆک، شوێنی زۆر خۆش ھەن، وەکو ئاشەوا، گەلی شێرانە، سەرسنگ و سولاڤ، لەو شوێنانە کەشوھەوایەکی زۆر خۆش ھەیە، خزمەتگوزاری ھەیە و شوێنە گەشتیارییەکانیش زۆر خاوێن و باشن.
زەھرا عەلاوی، گەشتیارێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کوردستان پێشکەوتنی باشی بەخۆوە بینیوە، خزمەتگوزارییەکانیش وەکو پێویستن، ڕێگەوبانەکانیش زۆر خۆشن و ھیچ کێشەیەک نییە، لەگەڵ ئەوەی ئەمن و ئەمان ھەیە، خەڵکی ھەرێمی کوردستان میوان دۆستن، ھەموو ئەوانە ھۆکارن کە زیاتر گەشتیار ڕوو لەو شوێنانە بکەن.
بۆ پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزار و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری حکوومەتی ھەرێم ئاسانکاری باشی بۆ وەبەرھێنەران کردووە، ئەوەش بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران بەگوێرەی ستاندارتە نێودەوڵەتییەکان.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە کابینەی نۆیەم یەکێک لە سێکتەرە سەرەکییەکان سێکتەری گەشتوگوزار بووە، ئەمەش وای کردووە لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم زیاتر ڕەنگ بداتەوە و جۆرێک لە بەرپرسیاریەتیش بەسەر دامەزراوەکان دابەش بکات، ھەوڵدەدەین سێکتەری گەشتوگوزار ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات و ببێت بە ڕەھەندێکی نیشتمانی بۆ ئەوەی گەشتوگوزار پێش بخەین، ئەمە وای کرد گەشتوگوزار وەک سەرچاوەیەکی گرنگ پشتی پێبەستین، لەسەر ئەم بنەمایەش بەرنامەی گەشتوگوزاریمان لەبارەی سێکتەرە جیاوازەکان داناوە، لەبارەی بە بازاڕکردنی کەرتی گەشتگوزاریش لە ڕووی میدیایی و بەستنەوەی کەرتەکە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پێشانگە نێودوڵەتییەکان بۆ نمایشکردنی کار و چالاکییەکانمان کاری باشمان کردووە، لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش وا دەکات ژێرخانی کەرتی گەشتیاری بەرەو باشتر بچێت.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە ٥ ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی ٧ ملیار و نیو ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دراون، چالاکییە گەشتیارییەکان فڕەچەشن کراون، جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار پەڕەیان پێدراوە، لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چەندین چالاکی و فێستیڤاڵی جیاواز دەکرێن، بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پەیوەست بە ژمارەی بنکە گەشتیارییەکان ٣١٠٠ شوێن و بنکە و پێگەی گەشتیاری ھەن کە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن، لەمانە ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، نزیکەی ھەزار ڕیستورانت و کافتریای گەشتیاری، زیاتر لە ٥٠ گوندی گەشتیاری، لە ئێستادا لە ھەر شەوێکدا ھەرێمی کوردستان توانای لە خۆگرتنی ١٠٠ ھەزار گەشتیاری ھەیە، لەم وەرزەی ساڵ ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیاری و شوێنە مێژووەکانی کوردستانیان دەکرد، بە ئاوەدانی و ئارامی و جوانی کوردستان سەرسام بوون.

ڕائیب جادر – هە‌ولێر