رۆژنامەی ھەولێر

خاکێک و سێ ڕوانگە کوردستان لە ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکاندا

وەرگێڕان:
د. سەرباز عزیز وەرتی*

کتێبی خاکێک و سێ ڕوانگە کوردستان لە ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکاندا، کە بەرهەمی شەونخونی و ماندوبونی وەرگێڕانی زیاتر لە دوو ساڵە، لە زمانی ڕوسییەوە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی سۆرانی لە لایەن (د. سەرباز عزیز وەرتی)یەوە ئامادە و وەرگێڕانی بۆ کراوە، بەچاپ گەیشت و کەوتە بەر دیدی خوێنەران، جێگەی ئاماژەیە لە شەش بەش و چەندین تەوەرە و قەبارەی ٢٧٤ لاپەڕە لە خۆ دەگرێت.
پرسی کورد تا ئێستا وەک یەکێک لە هەرە پرسە هەستیارەکانی سیاسەتی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. خوێنەر لێرەدا تەنها ڕاستییەکی وشک و بێ گیان نابینێت، بەڵکو بە وەسفێکی زیندووی ژیانی ڕۆژانە، هەر لە شێوازی دروستکردنی ڕەشماڵەوە؛ تا دەگاتە ووردەکاریی بیروباوەڕە ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان ئاشنا دەبێت.
ئەم پەرتووکە بەتەنها گێڕانەوەیەکی مێژوویی سادە نییە، بەڵکو توێژینەوە و گەشتێکی بەڵگەنامەییە، بۆ قووڵایی ئەو ڕاستیانەی کە ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکان ئاوێتەیەک لە زانیارییە بێوێنەکان دەربارەی ژیان، کەلتور و خەباتی سیاسی گەلی کورد و ڕەسەنایەتییان دەخەنەڕوو. ئەم بەرهەمە تیشکدەخاتە سەر کار و ئەرشیفی سێ توێژەری ناوداری ڕوس: (یوری کارتسۆڤ، ڤاسیلی نیکییتین و مارگەریتە ڕودێنکۆ)، کە تێڕوانین و جیهانبینیان وەک بەردی بناغەی زمانەوانیی و ئەتنۆگرافیای کوردی لەسەر ئاستی جیهان دێتە هەژمار.
کوردستان؛ کە دەکەوێتە سەر خاڵی یەکتربڕی ئیمپراتۆرییەتە مەزنەکان و دەوڵەتە هاوچەرخەکانی وەک: ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، بۆ ماوەی چەندین سەدە بۆ زۆرێک لە توێژەرانی ڕۆژئاوا وەک خاڵێکی نادیار مابووەوە، بەڵام قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتناسی ڕوسی، کە لە ڕوانگەکانی بایەخی زانستی و بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئیمپراتۆرییەت، دواتریش یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەخولایەوە، کۆمەڵێک زانیاری و داتای بێوێنەی کۆکردەوە، کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەم کتێبەدا بە خوێنەران ئاشنا دەکرێنەوە. ئەو سێ ڕوانگەیەی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، ڕەهەندە جیاوازەکانی بوونی کورد دەگرنەوە، ئەوانیش:
ڕوانگەی سەربازی-ستراتیژی و جوگرافی: (یوری کارتسۆڤ)، وەک ئەفسەرێکی ئەرکانی گشتی و دیپلۆماتکارێکی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، وەسفێکی وردی بۆ جوگرافیای ناوچەکە، هەروەها پێکهاتەی هۆز و توانا سەربازییەکانی کردووە؛
ڕوانگەی دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی-کەلتوری: (ڤاسیلی نیکییتین) کە کونسوڵی پێشووی ڕوسیا بووە لە ئێران، هەروەها بە باوکی کوردناسی ناسراوە، بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە ناو کورد ژیاوە، شیکردنەوەی بۆ دەروونناسیی گەل، داب و نەریت، پێگەی ژن لە کۆمەڵگە، ئایین، دانیشتووان، سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و …تاد، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کردووە. کارەکەی “ڤەسیلی” وەک پردێک لە نێوان ژیانی خێڵەکی نەریتی و یەکەم هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت وەک “کۆماری مەهاباد و پەیمانی سیڤەر” دادەندرێت؛
ڕوانگەی ئەکادیمی و ئەدەبی (مارگەریتە ڕودێنکۆ): زانایەکی دیاری سەردەمی سۆڤییەت بوو، تەواوی ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستنووسە کوردییەکان لە گەنجینەکانی لێنینگراد (سانت پترسبۆرگی ئەمڕۆ) تەرخانکردووە. ئەو گەنجینەی ڕۆحی کوردمان بۆ دەردەخات، لە ئەفسانە دێرینەکانەوە تاوەکو بەرهەمەکانی “ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران” نیشانیدەدات کە کورد تەنها جەنگاوەری ئازا نین، بەڵکو گەلێکن خاوەن کەلتورێکی باڵا و میراتێکی ئەدەبیی دەوڵەمەندن.
ئەم کتێبە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو پاراستنی ناسنامەی گەلی کورد. ئەم بەرهەمە ئاراستەی مێژوونووسان، ڕۆژهەڵاتناسان، سیاسەتمەداران، ئەکادیمیستان، کوردناسان و هەموو ئەو کەسانە کراوە کە دەیانەوێت لە ڕۆحی ڕاستەقینەی کوردستان تێبگەن، ئەو خاکەی کە سەرەڕای سنوور و جەنگەکان، بۆ ماوەی هەزاران ساڵ ڕەسەنایەتیی خۆی پاراستووە. هەروەها بایەخی بەڵگەنامەیی زانیاریی زۆر ورد و دەگمەن لەخۆدەگرێت دەربارەی دابەشبوونی خێڵەکان، زمانی کوردی و باری ئابووریی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا.
لەم پەرتووکەدا سەرەڕای ئەوەی وەک وەرگێڕێک، زۆر بە ئامانەتەوە وەرگێڕان بۆ دەق و دەستەواژە و وشەکان لە ڕوسییەوە بۆ زمانی شیرینی کوردی کراوە، و سودی زۆریش لە تەکنەلۆجیا وەرگیراوە، بەڵام تێبینیش لەسەر نوسینەکانییان هەبووە، وەلێ بیروبۆچوونی وەرگێڕ بەهیچ جۆرێک تێکەڵ نەکراوە، جگە لەو ڕونکردنەوانەی کە لە شێوەی پاراوێز وەک ئامادەکارێک و ڕوونکردنەوەیەکی زێدەتر بۆ تێگەیشتنی خوێنەران کراوە. لە کۆتایی پەرتوکەکەدا هەرسێ نوسەری کتێبەکان ناسێندراون، هەروەها وێنەکانیشییان لەسەر بەرگی دواوە ئاماژەی پێدراوە، هاوکات لەگەڵ ناونیشان و ناونانی ئەم پەرتوکە بەناوی (خاکێک و سێ ڕوانگە) یەکانگیرە.
ئەم وەرگێڕانە لە شەش بەش پێکهاتووە، بەشێوەیەکی گشتی ناوەڕۆکی وەرگێڕانەکە باسی: (ناسنامە، شوێنی جوگرافی، پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان، مێژوو و ڕەچەڵەک، ژمارەی دانیشتوان، دابەشبوونی کوردستان، ڕاپەڕینەکان، تایبەتمەندی کەسایەتی تاکی کورد، پێگەی ژن، شێوازی ژیان، ئایین، پەیماننامەکان، بزووتنەوە نەتەوەییەکان، فەرهەنگ و وێژە، زمان و زار، دیرۆک، خێڵەکان، ڕەچەڵەکی کورد، ناوی کوردستان، ئاژەڵداری، ڕاوکردن، کشتوکاڵ و دروێنە، کوێستان و گەرمێن، ئابووری، هۆشیاری نەتەوەیی، جەنگ و جیهاد، چیرۆک، حیکایەت و هۆنراوە، داب و نەریت، شارەستانییەت، فۆلکلۆر، سیسەتەمی دەرەبەگایەتی، سیاسەت و جیۆپۆلەتیک و …تاد) دەکات.
وەرگێڕ لە کۆتاییدا، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ، سوپاس و پێزانینی بێ پایان ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسایەتی و لایەنانە بکات، کە لە قۆناغە جیاجیاکانی وەرگێڕان، پێداچوونەوەی زمانەوانیی، نەخشەسازی، چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەدا، بە هەر جۆرێک بێت هاوکار و پشتیوان بوون بە تایبەت (د. نوزاد یحیی باجگر). پرۆسەی وەرگێڕان بەهۆی سروشتە ئاڵۆز و فرەڕەهەندەکەیەوە، هەمیشە ئەگەری ناتەواوی تێدا بەدی دەکرێت، هەربۆیە بەرپرسیارێتی هەر هەڵە و کەموکوڕییەک دەخاتە ئەستۆی خۆی، چونکە بێخەوشی و تەواوەتی تەنها شایستەی زاتی پەروەردگارە.

* وەرگێڕ جگە لە توێژنەوە زانستییەکانی لە پسپۆڕی خۆی و چەندان نوسین لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، خاوەنی ئەم پەرتوکانەشە:
1 – پەرتوکی وەرگێڕاوی جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن، ٢٠٢١؛
2 – خاوەنی پەرتوکی پێداگۆجی مامۆستا، ٢٠٢٥؛
3 – پەرتوکی وەرگێڕاوی خاکێک و سێ ڕوانگە کوردستان لە ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسە ڕوسەکاندا، ٢٠٢٦.