ڕائیب جادر – هەولێر
لە ھەر کۆنگرەیەکی جیھانی ھەنگەوانانی کوردستان بەشداریان کردبێت ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بە دەستھێناوە. عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو لە ئوردن کۆنگرە دەکرێت و ھەنگەوانانی کوردستان بەشدار دەبن. دەشڵێ، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ١٠٠٠ تۆن ھەنگوین بەرھەم ھاتووە.
ھەنگەوانی پیشەیەکە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٠ ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ژمارەی ھەنگەکان لە دنیادا نزیکەی دوو ترلیۆن دەبێت و ساڵانە بە بەھای نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار بەرھەمیان ھەیە کە جگە لە ھەنگوین، ھەنگ پیتاندن بۆ زۆربەی گوڵی میوە و دانەوێڵەکان دەکەن کە بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، ھەنگ ھۆکاری بەرھەمھێنانی میوە و دانەوێڵەیە لە دونیادا.
ھەشت سەد ھەزار ھەنگ و پازدە ھەزار ھەنگەوان ھەن
سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: لە ھەرێمی کوردستان ھەشت سەد ھەزار ھەنگ و پازدە ھەزار ھەنگەوان ھەن، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەی ھەنگەوانان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەم چەندەش بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی حکوومەتی ھەرێم بۆ کەرتی کشتوکاڵ و کاری ھەنگەوانی دەگەڕێتەوە، بەھۆی ئەم ناوبانگە بەربڵاوە و کوالیتییە بەرزەکەیەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە کار دەکات بۆ ھەناردەکردنی ئەم بەرھەمە بۆ دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر و ئیمارات، ئەوەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر کاری ھەنگەوانی بکەن و بژێوی ژیانی ئەوان لەسەر ھەنگ و بەرھەمەکەی بێت.
بەرھەمی ئەمساڵ ھەزار تۆنە
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، گوتیشی: ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگ لە ھەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، لەگەڵ ئەوەش ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان ١٠٠% کواڵێتی باشە و لە ڕیزبەندی یەکەم دایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان شوێنێکی باشە بۆ کاری ھەنگەوانی، بەتایبەتی کوێستانەکان ئەو ناوچانە لە بار و شیاون بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەرھەمھێنانی ھەنگوین دووبەرامبەر بەرزبووەتەوە و ئەمساڵ ڕێژەکە سەرووی ھەزار تۆنە.
ھەنگوینی کوردستان یەکەمی جیھانە
سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، ڕایگەیاند، زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لەبارن بۆ بەخێوکردنی ھەنگ و بەرھەمھێنانی ھەنگوین، کە بە یەکێک لەپڕ بایەخترین بەرھەمەکان دادەنرێت، ھەنگوینی کوردستان بە یەکێک لە ھەنگوینە ھەر باشەکان لە جیھان دادەنرێت، ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار ھەنگوینی کوردستان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا چووە نێو پێشبڕکێی باشترین ھەنگوینی وڵاتان و پلەی یەکەمی بەدەستھێنا، لە ساڵانی ڕابردوودا لە سێ کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی بواری دەستنیشانکردنی باشترین جۆری ھەنگوین، ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، ئەمساڵ لە ناوەڕاستی مانگی ١١ لە ئوردن کۆنگرە دەکرێت و کۆمەڵێک ھەنگەوانی شارەزا و بە توانای کوردستان بەشداری لە کۆنگرەی ھەنگەوانانی وڵاتانی عەرەبی دەکەن، سێ جۆر ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێت، ھەنگوینی شاخاوی کە زۆرترین خواستی لەسەرە لە بازاڕەکان کیلۆی تا سەد ھەزار دینار دەڕوات، ھەنگوینی بە مێو بە شانە و ھەنگوینی دەشت و شوێنە گەرمەکان.

