رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیار زێباری : حکوومەتی سووریا دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و کۆنترۆڵی دۆخی وڵات

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

تەلەڤزیۆنی ئەلحوڕە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق بڵاو کردەوە کە بووە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان، زێباری باس لە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ دەکات لە پەیوەندی لەگەڵ سووریا و دۆخی ئەو وڵاتە لەسەردەمی ئەحمەد شەرع و پێی وایە شەرع ڕوانگەیەکی زۆر ئەرێنی بەرامبەر عێراق هەیە و دەیەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات.

وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کردووە کە کە بە سەردانێکی نهێنی بۆ دیمەشق چووە و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا، دیداری کردووە.
زیباری لە بەرنامەی “کاتژمێری بەغدا”ی کەناڵەکە ستایشی سیستەمی نوێی سووریا دەکا و پێی وایە سیستەمە جێگیرتر بووە، جۆرێک متمانەی لە ناوخۆ هێناوەتە کایەوە و لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی سنوورەکانیشی کردووە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ عێراق زۆر باش کردووە.
ئەو سیاسەتمەدارە نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەندێک لە عێراقییەکان لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق و بارودۆخی تەناهیی سووریا بە کەم بایەخ دانا و گوتی ئەو بۆشاییە تەناهییانەی کە دەکرا کەسانێک لێی کەڵک وەربگرن، چیتر بوونیان نییە. حکومەتی سووریا پشتگیرییەکی بەهێزی ئەمریکا، تورکیا، وڵاتانی کەنداو، وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و کۆنترۆڵی دۆخی وڵات.
وەک زێباری باسی کردووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دیداری کردووە. گفتوگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی سووریا و عێراق بوون و هەردوو لایەن هەوڵیان داوە ڕێگایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان سووریا و حکوومەتی عێراق بدۆزنەوە.
ئەو باسی لەوە کرد کە خۆی و ژمارەیەک لە لایەنە عێراقییەکان ڕۆڵیان لە کردنەوەی ڕێگای گفتوگۆ و نزیکبوونەوە لە سووریا هەبووە. کاتێک گەڕاوەتەوە عیراق ئەحمەد شەرع کۆمەڵێک پەیامی بۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناردووە.
وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق باسی گەشتەکەی بۆ سووریا دەکات و دەڵێت لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە نهێنی کرا و بۆیەش ڕانەگەیەنرا. ئەو بۆچوون و تێڕوانینەکانی شەرعی بەرامبەر عێراق بە باش و ئەرێنی هەژمار کردووە و دەڵیت سەرجەم گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەو ڕوون و دۆستانە بوون.
زێباری نایشارێتەوە ڕاستە ئەحمەد شەرع پاشخانێکی جیهادی هەیە و لە عێراق شەڕی کردووە و عێراق لەو باشتر دەناسێت و بۆی دەرکەوتووە ڕوانگەکانی بەرامبەر عێراق باش و ئەرێنین. وا لە سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا تێگەیشتووە کە پێی وایە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەبێت تەنیا بە پەیوەندییە ئەمنییەکان و پرسی سەربازی و پاراستنی سنوور بچووک نەکرێنەوە، بەڵکو دەکرێ لە ڕووی بازرگانی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و سەرجەم سێکتەرەکان بەهێز بکرێن.
شەرع بە زێباری گوتووە “براکانمان لە عێراقن نیگەرانن، بەڵام ئێمە نیگەران نین. ئێمە ئێستا سیستەمێکی نوێ و گۆڕانێکمان بەسەر هاتووە و دەمانەوێت لە ئەزموونی ئێوە کەڵک وەربگرین.”
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکە زێباری تیشکی خستووەتە سەر دواین سەردانی زەیدی و شەرع بۆ ئەمریکا و ئاماژەی داوە کە دوای دیدارێکی باش لە نیویۆرک لەنێوان شەرع و زەیدی، کەشوهەوای پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا باشتر بووە و سەرۆک کۆماری کاتیی سووریاش حەزی لە فراوانکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ عێراقە.
لە کۆتاییدا باسی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان عێراق وسووریا کردووە و دەڵێت لە ساڵی ٢٠٠٨ عێراق هەوڵێکی زۆری دا پڕۆژەی گواستنەوەی نەوتی عێراق بە خاکی سووریا چالاک بکات بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار ئەمە سەری نەگرت.
پێویستە بگوترێ هۆشیار زێباری لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە دوای ڕزگاریی عێراق تا ساڵی ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی عێراق بوو.