رۆژنامەی ھەولێر

ژیانێکی شیعریی لەنێو “دەنگی هاتنی بەیانی”دا

ئارام کۆشکی – هەولێر

 

گوتەیەکی گەلێک سەرانجڕاکێشم لە گوتارێکی “ئالان بادیۆ”دا خوێندەوە سەبارەت بە شیعر هەیە، کە بۆ من جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردن بوو. بادیۆ لەوێدا دەنووسێت “شیعر ئەو شتە دەنووسێت، کە دەرنابڕدرێت.” نازانم ئەم گوتەیە هی بادیۆ خۆیەتی، یان وەریگرتووە و لەو گوتارەدا بەکاری هێناوە، بەڵام هەمیشە لاموابووە شیعری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە بتوانین بیڵێین، بەڵکو شیعر ئەو شتەیە کە ناتوانین بیڵێین “بە زمانی ئاخاوتن” ناوترێت، بۆیە دەبێتە وشە و دەنووسرێت. سەرنجی گەلێک شیعری شاعیرە ناودارەکانی جیهانمداوە، هەستم بەم جۆرە لە ڕێسا کردووە، ڕێسایەک کە زۆر ناوەکییە بۆ شیعرنووسین. واتە ئەگەر مەبەستێک بە وتارێک، یان لە هەرجۆرە ژانرێکی دیکەدا جێگەی ببێتەوە پێویست ناکات بکرێتە شیعر، چونکە شیعر ئەوکاتە دێتە سەر شانۆی ئەدەبیات، کە هیچ کام لە ژانرەکانی تر لەوێ نەبن، خۆ ئەگەر ژانرەکانی تریش بێنە سەر شانۆکە، ئەوا بە داوەتی شیعر دێن. بێگومان ئەمە هەڵنانی بێ بنەمای شیعر نییە، بەڵکو پیشاندانی جەوهەری ڕاستەقینەی شیعرە، جەوهەرێک هیچ شتێک کاری لێ ناکات و ناتوانێت لە شکۆی کەم بکاتەوە.

زۆرجار دەڵێن شاعیرەکان دەیانەوێت لە شیعردا خۆیان بنووسنەوە، یان شیعر وەکو خودگەراییترین ژانر هەژمار دەکەن، بەڵام کەمن ئەو شاعیرانەی ئەو توانایەیان هەیە و دەسەڵاتیان بەسەر شیعردا دەشکێت تا بیکەنە پەناگەیەکی خودگەرایی. زۆرێک لە شاعیرانی کورد کاتێک لە شیعرەکانیاندا باسی خۆیان کردووە، لە شیعر دەچوون و شیعر بووتە قوربانی، یان تەنها هەست و سۆزیان نووسیوەتەوە، کە ئەمە شتێکە لە شیعر کەمتر. لەم نێوانەدا کەم شاعیر هەیە شیعری نەکردبێتە قوربانی خودسەنتەری لە دەقە شیعرییەکانیدا، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە توابێتەوە، یان بەشێک لە ژیاننامەی بە شیعر نووسیبێتەوە.
دەشێ بپرسین لە شیعری کلاسکی کوردیدا ئایا دوو نامە ناودارەکەی نالی و سالم دەچنە ئەو خانەیەوە و دەشێ وەکو شیعر خودگەرایی ناویان بەرین، بێگومان ساغکردنەوەی ئەمە سەختە و پێویستی بە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، یان ئایا دەشێ ئەزموونی دوو گەشتەکەی گۆران بۆ قەرەداغ و هەورامان لە شیعریی نوێدا وەکو دوو ئەزموون سەیر بکەین، کە شاعیر لە خودگەرایی نزیک دەبێتەوە و باسی گەشتی خۆی دەکات، بەڵام گۆران ئەوەندەی وێنەسازی دەوروبەرە دەکێشێت، هێندە خودگەرییانە ئەم دوو دەقەی نەینووسیوە. لای گۆران خود ئاوێتەی دەرەوە دەبێت، بەڵام ئێمە بەدوای ئاوێتەبوونی خودەوەین لەنێو شیعر خۆیدا. لای شێرکۆ بێکەس ئەو ئەزموونە لە قەسیدی “خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک”دا ئاستێکی تر وەردەگرێت و شێرکۆ سەرتر لە گۆران دەڕوات و خود ئاوێتەی تەواوی دەقەکە دەکات، بەجۆرێک خودگەریی ڕەنگدانەوەی لە تەواوی دەقەکەدا هەیە و من وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتوو دەیبینم، بەڵام لەوێشدا شێرکۆ وەکو شاعیرێکی نەتەوەیی خەمی نەتەوە زاڵە بەسەر خودگەراییدا و خود لەنێو خەمە نەتەوەییەکاندا کاڵتر دەردەکەوێت، یان دروستترە بڵێم خود لەوێدا چەند دێتە پێشەوە هێندە زیاتر دەچێتە دواوە و لە کۆدا خود لەنێو نەتەوەدا دەتوێنرێتەوە.
کاتێک لەم ئەزموونانە دەپەڕینەوە بەرەو ئەزموونی بەختیار عەلی، ئەم شاعیرە لە قەسیدەی “نیشتمان”دا، کە ساڵی 1983 نووسیویەتی بەر ئەزموونێکی خودگەریانە دەکەوین، کە لەوێشدا بەشێک لە ژیانی شاعیر تا تەمەنی 23 ساڵی نووسراوەتەوە و شاعیر لەوێدا وێنای خودێک لەنێو دۆخی نیشتمانێکی هەلاهەلادا دەکات، خودێک کە هەم شەیدای نیشتمانە، هەم نیگەرانە لە نیشتمان، قەسیدەکە کارکردنە لەسەر پەیوەندی خود بە نیشتمانەوە، کە لاموایە یەکێکە لەو دەقە گرنگانەی شیعریی نوێی کوردی، کە فەرامۆش کراوە و دیوە پەنهانەکانی کەشف نەکراوە.
بێگومان لەنێو ئەدەبی کوردیدا گەلێک ئەزموونی دیکە شیعر خودگەریانە هەیە، بەڵام من ئەم پێشەکییەم لەپێناو ئەوەدا بوو، کە پێشینەیەک لە کارکردن لەم بوارە بخەمەڕوو تا بگەمە نوێترین تێکستی شیعریی خودگەرییانە، کە تێکستێکی “دڵشاد عەبدوڵڵا”یە بەناونیشانی “دەنگی هاتنی بەیانی”، کە تێکستێکە هەم جیاوازە لەو نموونە شیعریانەی پێشووتر خستمانەڕوو و هەم هەموو ئەو دەقانەی دیکەی ئەم شاعیرە تێدەپەڕێنێت، کە پێشتر وەکو تێکستی خودگەرییانە نووسیوەیەتی و لەم تێکستە نوێیەدا، کە لە دوتوێی کتێبێکی “185” لاپەڕەییدا چاپ کراوە، نووسینەوەی ئەزموونێکی خودگەریانە، یان ژیاننامەیی شاعیر خۆیەتی، بەڵام بە هەناسەی شیعریی و لە ژێر ئاسمانی شیعرییەتدا، خود دەدوێت و ژیننامەی خۆی دەنووسێتەوە.
ئەگەر شیعر نزیکترین و خودگەراییترین ژانر بێت لە مرۆڤەوە، بە بەراورد بە ژانرەکانی دیکە، ئەوا ژانرەکانی دیکە چەندە هەوڵ بدەن ناتوانن هێندەی شیعر نزیک بن، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە، کە شیعر ناتوانێت مەوداش وەربگرێت. شیعر ئەو ژانرەیە، کە ئازادی تەواو دەداتە شاعیر کە تا دوائاست هەم نزیک بێت هەم دوور، بەڵام ئەمە لە ژانرەکانی تردا بەو ڕەهایی و ئازادییە بێسنوورەوە بەردەست نییە.
دەشێ هەر ئەمەش بێت یەکێک لەو هۆکارانەی منی بە شیعرەوە پەیوەستتر کردووە، لەچاو ژانرەکانی تر. لەکاتی خوێندنەوەی شیعردا ئەو ئازادییە ئەزموون دەکەم، کە شاعیرەکە لەشیعرەکەیدا پەیڕەوی کردووە. درک بە بەشێکی ئەو جیهانە دەکەم، کە شاعیرەکە بۆی ئامادەکردووم و خۆیشم لەگەڵیدا گەشتێکی نوێ دەست پێ دەکەم. لێرەوەیە کە بە ئەفسوونی شیعر ئاشنابوویت، زەحمەتە بتوانی دەستبەرداری بیت، چونکە دەبێتە میوانی هەمیشەییت و تۆش لەنێو جیهانەکەی ئەودا دەیتوێیتەوە.
دڵشاد عەبدوڵڵا لەم دەقە نوێیەدا گەشتە خودگەرییەکەی هەر لەسەرەتای دەقەکەوە دەست پێ دەکات کە لە “شەممەیەکدا” لە دایکبووە” لە لەدایکبوونەوە بەرەو منداڵی و نەوجەوانی و گەنجی بە هەناسەی شیعری دەقەکە گەشە دەکات و دەگاتە یەکەم ڕسکانی شیعرە و هاوکات یەکەم ئەو شتانەی لەبارەی ئەزموونی خۆیەوە بیخاتەڕوو و دەڵێت “شیعرم منداڵی شاری بوو، جورئەتی منداڵی لادێی نەبوو/ بەسەر پشتی ڕووتی ئەسپەوە غارغارێن بکات.” لێرەدا شاعیر هەم لەبارەی ئەزموونی خۆیەوە دەدوێت، کە زمانی شیعریی لەدایکبووی شارە، هاوکات دەیەوێت ئەوەش بەیان بکات کە زمانی شیعری شار سنووردارە و توانای یاخیبوونی کەمترە لە زمانی شیعریی لادێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات وێڕای سنوورداری و ئەو سنوورانەی بۆی کێشرابوون بەڵام دەڵێت “شیعر نەیدەویست بچێتە قەفەزەوە.” هاوکات باس لە داهێنانی زمانێکی نوێی شیعریش دەکات، کە ئەمە ئەرکی هەموو شاعیرێکی داهێنەرە و لەوێدا بە وێنەیەکی شیعریی زۆر جوان گوزارشتی لێ کردووە و دەڵێت “زمانێکمان داهێنا لە پەکی گیا بەسەر کەستەکی ڕەقەوە.” لێرەدا پێداگرانە ئەوە دەخاتەڕوو کە زمانێکی تایبەتی شیعریی بۆ خۆی چێ کردووە.
کتێب لە ژیانی نووسەران و شاعیراندا جێگە و پێگەیەکی گرنگی هەیە. ئەمە بۆ ئەم شاعیرەش وەهایە. من لە بەرهەمەکانییەوە هەستم بەو گەشتانەی کردووە کە لەگەڵ وشە و کتێبدا کردوونی و لەوێوە دەستی داوەتە پێنووس و وشە لە هزرییەوە تکاوە. لە جێگەیەکی ئەم دەقەدا دەڵێت: “کتێب دەلیلی کتێبە بۆ خوێندنەوە، هەرچەندی دەخوێنمەوە لیستەکە درێژتر دەبێت.” ئەم ڕستەیە تەنها خوێنەرە بەسەلیقەکان تێی دەگەن، ئەوانەی ڕۆحیان ئاوێتەی کتێب و وشە بووە. خوێنەری جیدی هەرچەندە بخوێنێتەوە ژمارەی کتێبە خوێندراوەکانی کەم نابێتەوە ئەمە نهێنییەکی گەلێک سەیر و سەرسوڕێنەرە، وەکو ئەوەی هەر کتێبێک جۆرێک لە داوەتنامە بێت بۆ کتێبێکی دیکە و بۆ جیهانێکی دیکە. ئەگەر هەر کتێبێک بە جیهانێک وێنا بکەین، ئەوا هەر کتێبە و داوەتمان دەکات بۆ جیهانێکی دیکە، یان چەند جیهانێکی دیکە. لەمەشدا ئەم شاعیرە زۆر بە وردی گوزارشتی لەم حاڵەتە کردووە.
ئۆرهان پاموک لە جێگەیەکدا باس لەوە دەکات نووسەر نابێت دەستی لە دڕاندنی تێکستی خۆیدا بلەرزێت. دڵشاد لە جێگەیەکی دیکەی ئەم خودنووسینەوەیەدا بە وردی گوزارشتی لەمە کردووە و دەنووسێت “زیاتر لەوەی دەینووسم، بەدڵم نەبێ دەیدڕێنم.” ئەمە ڕێسایەکی بنەڕەتی هەر نووسەرێکە بیەوێت جیاواز و داهێنەرانە بنووسێت. لە پاشتریشدا دەنووسێت “دەرەقەتی کودەتا نەهاتم، بەڵام هاتم وەک بەر لەخۆم نەمنووسی.” نووسین/شیعر هونەری دووبارەکردنەوە و لاسایکردنەوەی ئەوانی تر نییە، من هەمیشە بڕوام وابووە و ڕێزی ئەو ئەزموونانەم گرتووە، کە خاوەنی ڕێچکەی تایبەتی خۆیان بوون، بەشێکیانم چێژ نەکردووە، بەڵام ڕێزی ئەو جیاواز نووسینەم گرتووە. بێگومان ئەگەر ئەو جیاوازنووسینە لە وشیارییەوە بێت و مەعریفەی لەپشتەوە بووبێت، نەک جۆرێک لە ساختەگەرایی بووبێت. ئەزموونی دڵشاد عەبدوڵڵا؛ ئەزموونێکی جیاوازی شیعرییە، ئەگەرچی نەتوانین هەمووى چێژ بکەین، بەڵام درکی ئەوەم هەیە، کە هەر هەنگاوێکی بە وشیارییەوە کاری لەسەر دەکات.
دەنگی هاتنی بەیانی؛ لای من دەقێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەقێکە زیاتر لەوەی خودنووسینەوە بێت، بەڵکو وێناکردنی ژیانی شیعریی شاعیرە. هاوکات دەتوانم بڵێم جۆرێک لە تێپەڕکردنی ئەو ئەزموونەی پێشووی شاعیرە، یان دروستترە بڵێم ئەم شاعیرە لێرەدا خاڵێکی نوێی بۆ سەر ئەزموونە شیعرییەکەی و ئەو دەقانەشی زیاد کردووە کە پێشتر وەکو دەقی خودگەرایی نووسیویەتی، ئەو خاڵەش ون نەکردنی شیعریەتە لەم دەقە درێژەدا، ناڵێم لە هیچ جێگەیەک کاڵ نەبووەتەوە، بەڵام لەبەشێکی زۆری دەقەکەدا هەناسەی شیعریی گەلێک زاڵە و شیعر نەبووەتە قوربانی.

دەستخۆشی بۆ دڵشاد عەبدوڵڵای شاعیر و ئەو جیهانە خودگەرییەی لەم دەقەدا ئەفراندوویەتی. هاوکات دەستخۆشی بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ چاپکردنی بەم بەرهەمە.