رۆژنامەی ھەولێر

“چیڕۆکی کاهوو” تازەترین کتێبی هاروکی موراکامی

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

تازەترین کتێبی نووسەری جیهانی (هاروکی موراکامی – Haruki Murakami)، بە ناوونیشانی (چیڕۆکی کاهوو – The Tale of Kaho) لە وڵاتتی ژاپۆن چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە درێژە کە لەم ماوەیەدا سەرنجێکیی زۆری ئارەزوومەندانی بەرهەمەکانی موراکامی بۆلای خۆی راکێشابوو، یەکەم ڕۆمانیەتی کە ژن لە چەقی گێڕانەوەکەیدایە. ڕۆمانی «چیڕۆکی کاهو»، شانزەمین بەرهەمی ئەدەبیی هاروکی موراکامییە کە ڕێکەوتی ٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ لە ژاپۆن بڵاوکرایەوە.

 

چیڕۆکێکی نوێ.. لە ناوێکی نوێ
«چیڕۆکی کاهوو»، ڕۆمانێکی ٣٥٢ پەڕەییە و لەبارەی ژنێکی ٢٦ ساڵانە بە ناوی کاهوو کە نووسەری کتێبی وێنەیی منداڵانە. ئەم ڕۆمانە چوار چیڕۆکی کورتی پێکەوەبەستراوە کە یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٤ و بە زنجیرەیی لە گۆڤاری ئەدەبیی (شینچۆ – Shincho) بڵاوکرانەوە. چیڕۆکەکە لە زمانی کاهووەوە دەست پێ دەکات کاتێک لە یەکێک لە ژووانەکانیدا تووشی پیاوێکی گەندەڵ و خراپەکار دەبێت بە ناوی (ساهارا)، پیاوێک کە چێژ لەوە وەردەگرێت بە ژنان بڵێت ناشیرین.
«چیڕۆکی کاهوو» کە نوێترین بەرهەمی هاروکی موراکامییە، وێنەیەکی ڕوون لە دوو کەسایەتی پێشکەش دەکات: ژنێکی جەحێڵ و باوەڕمەند بە دونیای سۆزداریی ئاڵۆز، و پیاوێکی دژەژن و چاوباشقاڵ و ئازاردەر. موراکامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (نیو یۆرکەر – The New Yorker) لە ساڵی ٢٠٢٤، باسی ئەگەری درێژکردنەوەی ئەم چیڕۆکەی کردبوو، و ئێستا کە ئەم چیرۆکە گۆڕاوە بۆ ڕۆمانێکی تەواو و درێژ، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە خوێنەران دەبێت چ چاوەڕوانییەکیان لێی هەبێت؟

جیاوازیی «چیڕۆکی کاهوو» لەگەڵ بەرهەمەکانی تری موراکامی
«چیڕۆکی کاهوو» یەکەم ڕۆمانی درێژی موراکامییە دوای بڵاوکردنەوەی (شار و دیوارە ناسەقامگیرەکانی – The City and Its Uncertain Walls). دەزگای چاپ و پەخشی شینچۆ کە چاپەری کتێبەکانی موراکامییە، ڕایگەیاندووە: «چیڕۆکی کاهوو» یەکەم ڕۆمانی درێژی ئەم نووسەرەیە کە تەنها یەک کەسایەتیی ژن لە چەقی گێڕانەوەکەوەیدایە. پێشتریش موراکامی لە چیڕۆکە کورتەکانیدا ژنانی وەک کەسایەتیی سەرەکی بەکارهێناوە و لە ڕۆمانی سێ بەرگیی (کیو ٨٤١ – 1Q84)یشیدا یەکێک لە دوو کەسایەتییە سەرەکییەکەی چیڕۆکەکە، ژنە. تەنانەت دەشکرێت ناوونیشانی ئەم ڕۆمانەی نیشانەیەک بێت بۆ گۆڕانکاری لە ڕوانگەی ئەدەبیی موراکامی. سوودوەرگرتن لە پێکهاتەی «چیڕۆک…» بیرخەرەوەی ڕۆمانە کلاسیکییەکانی سەردەمی (هێ ئان – Heian)ی ژاپۆنە، وەک (چیڕۆکی گێنجی – The Tale of Genji).
موراکامی کە تەمەنی ٧٧ ساڵە، چەندین ساڵە بەهۆی وێنای کەسایەتیی ژنەکانی نێو ڕۆمان و چیرۆکەکانی، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە. ڕەخنەگران بەوە تۆمەتباری دەکەن ژنان بچووک دەکاتەوە بۆ کەسایەتییەکی تاک ڕەهەند یان تەنها وەک ئۆبژەی سێکسی دەیانخاتەڕوو. ناوبراو لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠٤ سەبارەت بە کەسایەتیی ژنەکانی نێو ڕۆمانەکانی دەڵێت: «لە چیڕۆکەکانمدا، ژنان نێوەندگیرن. پەیامهێنەرانی ئەو جیهانەن کە لە ڕێگادایە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئەوان بەردەوام بەرەو کەسایەتییە سەرەکییەکانی پیاوەکان دێن، نەک ئەوەی پیاوەکان بچێن بۆلای لای ئەوان.»
موراکامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (نیویۆرک تایمز – The New York Times)، نووسین لە گۆشەنیگای ژنەوە بە ئەزموونێکی نامۆ بەڵام سرووشتیش ناو دەبات و ددان بەوەدا دەنێت بۆ خوڵقاندنی ئەم کەسایەتییە، گۆڕاوە بۆ خودی ئەو. هەروەها گوتوویەتی ئەم ڕۆمانە بە بەراورد بە بەرهەمەکانی پێشووی، تۆنێکی هیوابەخشتری هەیە. ئەم نووسەرە وردەکاریی زۆری چیڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەبارەت بە کەسایەتییە سەرەکییەکەی گوتی: «کاهو کچێکی تەواو ئاساییە، نە زۆر جوانە و نە زۆر ژیر، بەڵام ڕووداوی سەیر و سەمەرەی زۆری لە دەورووبەر ڕوودەدەن.»

موراکامی.. نووسەرێکی داهێنەری ژاپۆنی
هاروکی موراکامی نووسەرێکە کە لە بەرهەمەکانیدا دابڕان و پرسە دووبارەبووەوەکان زۆر دەبینرێن. بە بڵاوبوونەوەی «چیڕۆکی کاهوو»، ژمارەی ڕۆمانەکانی هاروکی موراکامی لە ٤٧ ساڵ تەمەنی ئەدەبیی خۆیدا، گەیشتە ١٦ ڕۆمان. بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە ٥٠ زمانی زیندووی دونیا وەرگێڕدراون و لەسەر هەندێکیان فیلمی سینەماییش دروست کراوە.
فیلمی (ئۆتۆمبێلەکەم لێبخوڕە – Drive My Car) لە دەرهێنانی (ڕیوسوکه هاماگووچی – Ryusuke Hamaguchi) کە ساڵی ٢٠٢١ دورست کراوە، یەکێکە لەو نموونە هەرە نوێیانەی دونیای سینەما کە لەسەر یەکێک لە کورتەچیڕۆکەکانی موراکامی، بە هەمان ناوونیشان دروست کراوە. لە ناوبانگترین کتێبەکانی دەکرێت ئاماژە بە (دارستانی نەرویجی – Norwegian Wood)، (مێژووی باڵندەی قورمیشی – The Wind-Up Bird Chronicle)، (کافکا لە ڕۆخ دەریا – Kafka on the Shore) و (کیو ٨٤١) بکرێت.

 

پەراوێز:
– کاهوو: خاس
– (سەردەمی هێ ئان – Heian Period) لە مێژووی ژاپۆن، دەکەوێتە نێوان ساڵانی ٧٩٤ تا ١١٨٥ی زایینی و بە زێڕینترین سەردەمی گەشەسەندنی ئەدەب و هونەر لەو ژاپۆن هەژمار دەکرێت. ئەم سەردەمە تایبەتمەند بوو بە ئارامی، پێشکەوتنی فەرهەنگی و بەتایبەت ڕۆڵگێڕانی سەرەکیی ژنان لە نووسین و داهێنانی ئەدەبیدا. لەو سەردەمەدا، پاشایان و دەسەڵاتداران زیاتر سەرقاڵی سیاسەت و خوێندنەوەی زمانەکانی تر (وەک چینی) بوون، بەڵام ژنانی دەربار دەرفەتیان بۆ ڕەخسا تا بە زمانی ژاپۆنی بنووسن. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شێوازێکی تایبەت لە ئەدەب کە تیشکی دەخستە سەر ژیانی سۆزداری، جوانییناسی، سروشت، فەلسەفەی ژیان، و ڕووداوەکانی ناو کۆشک و دەربار.
– (چیڕۆکی گێنجی – The Tale of Genji)، لە لایەن ژنێکەوە بە ناوی (موراساکی شیکیبوو – Murasaki Shikibu) لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ی زایینی نووسراوە. زۆر جار ئەم کتێبە وەک یەکەم ڕۆمانی ڕۆمانسی یان یەکەم ڕۆمانی مۆدێرن لە جیهاندا ناودەبرێت، چونکە یەکەمجار بوو لە مێژوودا کتێبێک شێوازێکی چیرۆکگێڕانەوەی درێژ و ئاڵۆزی هەبێت کە تێیدا قووڵایی دەروونیی کەسایەتییەکان و کاریگەریی کات و بەخت لەسەر ژیانیان نیشان بدات. ئێستا کە موراکامی هاوشێوەی سەردەمی هێ ئان و کتێبی «چیڕۆکی گێنجی»، لە ناوونیشانی ڕۆمانە نوێیەکەیدا وشەی «چیڕۆک»ی بەکارهێناوە، ڕەخنەگران پێیان وایە مەبەستی موراکامیش هەمان بەکارهێنانی شێوازە کلاسیک و مێژووییەکەی جارانە و بوونی ژنێک لە چەقی گێڕانەوەکەش تەواو ئەم ڕوانگەیە بەڕاست دەگەڕێنێت.

سەرچاوە: گاردین