بە سەرۆکایەتی د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ بواری ڕێگاوبان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی و ئەندازیاران و کارمەندانی وەزارەت، بەشدارییان کرد لە چوارەمین کۆنفرانسی ناوچەیی ئاسیای ناوەڕاستی رێکخراوی نێودەوڵەتی ڕێگاوبان (IRF) کرد.
کۆنفرانسەکە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و تیشک دەخاتە سەر تازەترین تەکنەلۆجیای ڕێگاوبان و ئەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان دەبنەوە. هەروەها باس لە تازەترین کەرستەی بەکارھێنراو لە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان، تەکنەلۆجیای تازەی زیرەکیی دەستکرد، و بابەتی باش بەڕێوەبردنی هاتووچۆ و دابینکردنی سەلامەتی بۆ بەکارهێنانی ڕێگاوبانەکاندا دەکرێت. وەفدی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە تاوتوێکردنی تەوەرە سەرەکیەکاندا بەشداربوون کە چەندین بابەتی زانستی ئەندازیاریی ڕێگاوبان، و چۆنیەتی پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگاوبانەکان و بەستنەوەیان بە یەکترەوە لەڕووی نێودەوڵەتیەوە هەروەها پێوەری جۆراوجۆر بۆ بواری سەلامەتی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان باسی لێوەکرا، هەروەها ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی لە بواری ڕێگاوبان بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و بە کوالێتیی بەرز لە پڕۆژەکاندا جێبەجێ بكرێن.
هاوکات، وەفدی وەزارەت بەشداریی کرد لە خولێکی تایبەت بە گرێبەستی هەڵسەنگاندنی کاریگەریی پڕۆژەکان PBC، کە جۆرێکی تازەیە لە جێبەجێکردن بۆ بواری پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و چاککردنەوەیان و لە جیهاندا وەک مۆدێلێکی نوێ بۆ کارکردن بەکار دەهێنرێت، و ئەم خولەش بە ئەندامانی وەفدی وەزارەت درا کە بەشدارییان تێدا کرد.
کۆنفرانسەکە نوێنەری زیاتر لە 35 وڵاتی جیهانی لەخۆ گرتبوو، کە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون. شایانی ئاماژەپێدانە، لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا، وەفدی وەزارەت وەک نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتاری وەزارەتی پێشکەش کرد.

