فازڵ میرانی
من تێ دەگەم و حاڵەتەکەشی فام دەکەم و پاساو بۆ ئەو کەسەش دەهێنمەوە، کە ئاگاداری واقیعەکەیە و هەوڵ دەدات بە پێچەوانەی ڕاستییەکانەوە نیشانی بدات؛ چونکە پەڕاوەکانی عێراق بە هەموو ئاڵنگارییەکانیانەوە، ئاڵۆزییەکانیان زیادی کردووە و دووقات بوونەتەوە تەنیا لەبەر یەک هۆکار: ڕووبەڕوونەبوونەوەی زات
سەیری وڵاتانی جیهان بکەن بزانن لە کاتی قەیرانەکاندا چۆن ڕەفتار دەکەن؛ دەبینن تەنانەت لەگەڵ هەندێک شاردنەوەی ڕاستییەکانیشدا، بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆیان هەیە، هەروەها نەرمی لە کارکردن و توانای دانبەخۆداگرتنیان هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی بارودۆخیان.
هەندێک وڵات هەن – کە ژمارەیان کەمە – ڕەوشێکیان بەسەردا زاڵە لە کەسێک دەچێت کە بەدوای کێشەدا دەگەڕێت؛ کەسێک کە بە هزرێکی ئاڵۆز و شێواوەوە ئاراستە دەکرێت، نە نەسیحەتی هیچ خەمخۆرێک قبووڵ دەکات و نە خۆشی دەکاتە ژێر ڕکێفی هیچ سنوورێکەوە کە ڕەفتارەکانی ڕێک بخات.
ناوی ئەم جۆرە وڵاتانە و ڕۆڵیان لە زۆر پرسدا دەردەکەوێت؛ پێگەیان وێڕای ئەوەی کە شڵۆق و لاوازە، لە هەمان کاتدا دەبێتە جێی مامەڵەیەکی بەحەزەر لەلایەن باقی خێزانی نێودەوڵەتییەوە.
سەروەری یەک ڕۆژ نییە و لەسەر یەک ڕۆژیش دانەمەزراوە؛ ئاهەنگگێڕان شتێکە و ئەوەی ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت شتێکی ترە؛ ئەگەر ڕاستی و واقیع بێت ئەوا ئاهەنگگێڕانەکە لەجێی خۆیدایە، ئەگەریش چاوەڕوانکراو بێت ڕووبدات ئەوا غائیبە و نییە، بەڵام ئەگەر پێشەکییەکانی هاتنی ئامادە بن و گومانیان لێ نەکرێت، ئەوا ئەوەش بابەتێکی ترە.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان – وادیارە لە بەختی خراپی سیاسییە لە هەندێک ژینگەدا کە لۆژیک پێش عەقڵی خاوەنەکانی بکەوێت – لەگەڵ ئەوانی تردا لە حەراکی نیشتمانیی عێراقدا، خۆی و ئەوانیش پەرۆشی ڕاستکردنەوەی بڕیاری سیاسیی ناوخۆیی بوون لە عێراقدا، پاشان دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەردووکیان پەرۆش بوون بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسیی ناوخۆیی لەدەست نەدرێت. واتە ئەو قۆناغە سیاسییەی کە لە دروستبوونی عێراقی ئێستاوە درێژ دەبێتەوە، بە دوو قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە: بڕیارێکی تا ڕادەیەک تەواوی ناوخۆیی و پاشان سەروەرییەکی تەواو، بەڵام خواروخێچ، دواتریش بڕیارێک کە ڕێژەیەکی کەم لە سەروەریی ناوخۆیی تێدا ماوەتەوە.
سەروەری تەنیا هێزی سەربازی و تەنیا هەوڵی ئەمنی نییە — کە ئەگەر هەشبن دەبێت بەقەد ئاستی بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندیی گشتی ببن — بەڵکو سەروەری لە کۆمەڵگەیەک دایە کە تووشی کارەسات نەبێتەوە بەهۆی هێزە ناوخۆییەکانەوە کە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان کار دەکەن و دەستوور و یاساکان پێشێل دەکەن، یان بە پاشکۆیەتیی ئارەزوومەندانه یان بەکرێگیراوانە بۆ هێزە هەرێمییەکان کار دەکەن.
سەروەری ڕەگەزێکی ئیعتیباریی دەستکرد نییە، بەڵکوو یان واقیعێکە، یانیش وەهمێکی بازاڕگەرمیی قەرەبووکردنەوەیە و دەیدات بەخەڵک ئەو کەسەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەڕوات و وێنەی ڕووداوێک دەگرێت کە دەکرێت بەئاسانی بەپووچەڵ دابندرێت و وەک ئەوەی هەر نەبووبێت، کە لە بنەڕەتدا بوونی نییە.
ستەمکارییەکی زۆر بەسەر عێراق و گەلانی دا هات، ئەگەر لە ڕابردوودا قۆناغی دوای عوسمانییەکان تا چوونهژوورهوهی بەریتانیا و یەکەم چوونەدەرەوەی ببڕین، دەبینین گەلانی ئێمە بەردەوام وادەیان لەگەڵ دۆڕان و سفرکردنەوەی دامەزراندندا هەبووە؛ لە پاشایەتییەوە بۆ کۆمارییە سەربازییەکان، بۆ کۆمارییە حزبییە تاکڕەوەکان، تا دهگاته کۆماری تازە دامەزراو بەڵام بە دامەزراندنێکی شێوێنراو. لە سادەترین و شێواوترین زیانە کۆمەڵایەتییەکانیشی، ئەو پرسانەن کە ڕاگەیەندراون لەبارەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆڵانەی کە دەبوو ڕێزدار بڕوانرێنە ناوەڕۆکیان، بۆ تۆمەتبارانی تاڵانکاری و (ئیبتزاز)!.
سەروەری ڕەهەند و بازاڕگەرمیی بۆ دەکرا، بەڵام هەڕەشەی داڕمان زۆر بەخێرایی ئامادە بوو لە ڕۆژانی پەلاماردانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)!.
پێگە و جێگەی گەورە بۆ سەروەری دروست کرابوون، بەڵام لەبەردەم تۆپبارانکردنی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیدا تێکچوون و سڕانەوە؛ ئێستا ئێمە لەبەردەم بارودۆخێکی شیکاریی سەیرین بۆ سەروەری، کە دەسەڵات ئیدانەی تۆپبارانەکە دەکات، بەڵام ناوی ئەوە ناهێنێت کە تۆپبارانەکە دەکات! کەچی هەر ئەو لایەنەشە چەمکی سەروەری بەپێی ویستی خۆی دەسەپێنێت بەبێ گوێدانە پێناسەکان و ئەو واقیعەی لە وتاری بەرپرساندا دەگوترێتەوە.
جیاوازییەکی بنەڕەتیی یاسایی هەیە لەنێوان ململانێی پەرلەمانی بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە جەماوەر، لەگەڵ ململانێ بۆ قۆرخکردنی بڕیار. پێش ئەمە و ئەوەش، دەبێت دابنیشین و بیر بڕژێنینە دەرەوەی سیستەمی بازاڕگەرمیی ڕاگەیاندن کە لە سەپاندن و دووبارەکردنەوەی تووتیئاسای وتە گەورەکان دەچێت کە هیچ شوێنێکیان لە واقیعدا نییە.
کێ ئابووریی دەوڵەت بەڕێوە دەبات و چۆن؟ ئەی بارستەی نەقدی و بڕەکەی و توانای کڕین لە کوێن و سەرچاوەی داهات چییە؟
چ هێزێک دەکرێت هەبێت بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی یان وەستاندن لەبەردەم بوونی کێدا؟
ئایا دەوڵەت بە ڕابەرایەتیی سیاسیی دەکرێت لەلایەن هێزی دیاریکراوەوە کە بەرپەرسیار نین لە ئەنجامی بڕیارەکانیان؟ یان دەسەڵات بەپێی بنەمای لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەگەڵ باقی دەسەڵاتەکانی تردا کار دەکات؟ ئایا کارەکانی بە شێوەیەکی دروست ئەنجام دەدات یان تێکەڵاویی سیاسی و نەرمی پێدانی هاوپەیمانێتییەکان بە ئاشکرا و نێهێنی ئامادەییان هەیە؟
سەروەری پرسێکی گەورەیە، ئێمە لەپێناویدا کارمان کرد و ئەوانی تریش لەپێناویدا کاریان کرد، کەچی کەسانێکی تر کاریان کردووە و کار دەکەن بۆ لەناو بردنی یان هێنانی بە شێوەیەک کە هەر شتێک بێت جگە لە سەروەری.
دیسانەوە دەڵێمەوە: لە بەختی خراپی سیاسییە؛ کە لۆژیکی تەندروست پێش عەقڵی زاڵ و باوی سەردەمەکەی بکەوێت.

