رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم حەمە سەعید مستەفا

یاسین قادر بەرزنجی
لای ئێمەی شانۆکارو ئەندامی سەرەتای حەفتایەکانی سەدەی ڕابردووی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی، دواتر بووە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، بە کۆمەڵمان دەووت (ماڵە باوان)، چونکە یەکەم لایەنی هونەری بوو کە مۆڵەتی فەرمیی هەبوو، لە کۆمەڵەوە زۆربەی تیپ و گروپە شانۆیی و موزیکییەکان درووست بوون.
یەکێک لە ئەندامە سەرەکی و دیارەکانی کۆمەڵ هونەرمەند حەمە سەعید مستەفایە، کە ئامادەبوونی بەرچاوی هەبووە لە گەلێک کاری شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی و فیلمەکاندا.
کاکە حەمە بە خەسڵەتە جوانەکانی و ئیلتیزامە هونەرییەکەی و لەخۆبردوویی خۆیەوە بووەتە خۆشەویستی ناوەندە شانۆییەکەو هەمیشە لای دۆست و ئازیزانی ڕێزدارو سەنگینە.
ئەو ساڵی ١٩٧٤ لە ئۆردوگای سەریاسی نزیک شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەم جار چووەتە سەر شانۆو لەگەڵ تیپی شانۆی شۆڕشدا بەشداریی لە هەردوو شانۆگەریی (بۆردومانی شاری هەڵەبجە)و (کەرکووکی داگیرکراو)دا کردووە کە لە دەرهێنانی مامۆستا تەها خەلیل بوون، پاشان لە یەکەمین میهرەجانی شۆڕشی کوردستاندا لە حاجی هۆمەران نمایش کراونەتەوە.
ساڵی ١٩٧٦ بووەتە ئەندامی کۆمەڵ و لە گەلێک لە بەرهەمە بەرچاوەکاندا ئەکتەر بووە، لەوانە:
*کاوەی ئاسنگەر ١٩٧٦
*قایل بوون ١٩٧٨
*شەوکەت ناگەڕێتەوە ١٩٧٩
*گەڕانەوەیەکی کتوپڕ ١٩٨٠
*تەنەکە١٩٨٢
*سەلەی نانکەر ١٩٨٣
*گوڵاڵە ١٩٨٤
*کابرا سەیرەکە ١٩٨٥
*باڵندەی دەریا ١٩٨٩
*گینگڵ ١٩٨٩
*گەلە گورگ ١٩٨٩
*حەمەدۆک ١٩٩٢
*ئوتێلی ئاخر زەمان ١٩٩٦
*ڕێساو لە ڕێسا دەرچوون ٢٠٠٤ (لە ئەسفەهان نمایشکراوە)
*شەریف پاشا ٢٠٠٦
*برایمۆک ٢٠١١
*پیلان ٢٠١٣
هەڵبەت دەرهێنەرانی ئەو نمایشانە بریتی بوون لە: تەها خەلیل، شەماڵ عەبە ڕەش، عەبدول حەمە جوان، ئەحمەد سالار، کامەران ڕەووف، ئاکۆ عەزیز، شەفیق محەمەد، سدیق عەزیز، بەڕێز مەجید، شەماڵ فەهمی، نەجم هۆگرو ئاشتی کەمال.
لە درامای تەلەفزیۆنیشدا ئەم ئەکتەرە بەشداریی بەرچاوی هەبووە، لەوانەش :
*مەرگی ئەرخەوانی، دەرهێنانی کامەران ڕەووف
*نمە، کامەران ڕەفیق
*ڕابوون، نەجم هۆگر
*حەسەنە فەنی، حسێن میسری
*ڕێحانە، لوقمان غەریب
*ئاسەوار، ئومێد کەمال
*کۆشکی هەنار، جەمیل مەخافری
هاوکات بەشداریی چەند فیلم و کورتە فیلمیشی کردووە.
هەموو خۆزگەیەکی جوانم بۆ هاوڕێی دێرینم کاکە حەمە سەعید مستەفا، هیوای سەرفرازی و بەرهەمی نوێ و بەردەوامیی بۆ دەخوازم.