ئەمڕۆ، سێشەممە، 29.9.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور و ژمارەیەک لە بازرگانان و وەبەرهێنەران، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، مەراسیمی ڕێزلێنانی بۆ ئهو کۆمپانیا و بازرگانانە رێكخست، کە لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بەشدارییان کردووە.
ئامانجی سەرەکی ئەم چالاكیه، ڕێزلێنان و سوپاسگوزاریی ئهو کۆمپانیا و بازرگانانه بوو، بەرامبەر بە بەشداری و پشتیوانییە مرۆیی و خێرخوازییەکانیان لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، هەروەها نیشاندانی گرنگی ڕۆڵی کەرتی تایبەت بوو لە بەشدارییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا.
لە مەراسیمەکەدا، بەشداری و هاوکارییەکانی کۆمپانیاکان و بازرگانان لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکدا بە گرنگییەوە هەڵسەنگێنرا و ڕۆڵ و بەشدارییە مرۆییەکانیان لە پشتیوانی و یارمەتیدانی هاونیشتمانانی کوردی ڕۆژئاوا بە بەرزی نرخێنرا. هەروەها، لە مەراسیمەکەدا جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و مرۆیی کەرتی تایبەت و بازرگانان و وەبەرهێنەران کرا و سوپاسی بەشداری و هاوکارییەکانیان لە بوارە خێرخوازی و مرۆییەکاندا کرا.

