وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە.
دەقی بەیاننەمەکەی وەزارەتی پێشمەرگە؛
ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی ڕابردوو ، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە،
جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە، لە هەمان کاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکوومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکوومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.
هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە ڕابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و ڕووبەڕووی مەترسیەکان ببێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕێز لە هاوکاری و پشتیوانیان دەگرێت لە ڕابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە.
وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستەمی بەرگری عێراق لەگەڵ سوپای عێراق دا پەیوەندیەکی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەش دا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت.
لە کۆتاییدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتی خوازدایە.
وەزارەتی پێشمەرگە

