ئا/شێوان رۆستەم
لە جیهانی هونەردا هەندێک خولیا لە منداڵییەوە لەگەڵ مرۆڤ گەشە دەکەن و بە تێپەڕبوونی کات دەبنە بەشێک لە ژیانی، هەندێک جاریش ئەو خولیا سادەیە دەتوانێت ببێتە سەرەتای ڕێگایەکی جیاواز و پڕ لە داهێنان.
دڵنیا حسێن أحمد لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨، خوێندکاری بەشی پەرستاریی گشتییە، لە پاڵ خوێندنی ئەکادیمییەکەیدا وەک شێوەکار و کاریکاتێریست و وێنەکێشی دیجیتاڵی (Digital Illustrator)کار دەکات و هاوکات وەرگێڕی زمانەوانییە.
دڵنیا بەم شێوەیە چیرۆکی خۆی بۆ هیڵین گێڕایەوە:
حەزی من بۆ وێنەکێشان لە منداڵییەوە لەگەڵم گەشەی کرد، بەڵام کاریکاتێر لە سەرەتادا بەشێک نەبووە لە کارەکەم، دەستپێکی ئەم ڕێگایە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە بەشداریی پێشبڕکێیەکی هونەریم کرد و مامۆستا “عەتا کەریم” بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان ـ لقی سەیدسادق، پێشنیاری بۆ کردم لەبری تابلۆی ئاسایی کاریکاتێر بکێشم.
ئەم پێشنیارە بووە خاڵی دەستپێکی ڕێگاکەم لە جیهانی کاریکاتێر و یەکەم کارم سەبارەت بەترسی ڕۆژنامەنووسان بوو لە نووسینی ئازادانە و دەربڕینی ڕاستی، و لە هەمان پێشبڕکێدا توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم.
وتیشی: هەرچەندە بواری خوێندنی ئەکادیمیی من پەرستارییە، بەڵام هونەری کاریکاتێر و شێوەکاری بەرهەمی حەز و خولیا، خۆپێگەیاندن، ڕاهێنانی بەردەوام و گەڕان بەدوای تەکنیک و شێوازی نوێ بووە. باوەڕم وایە فێربوون پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەمیشە هەوڵم داوە بە پراکتیزەکردن و بەدواداچوونی قووڵ شێوازی تایبەتی خۆم بدۆزمەوە. هەموو ئەو هونەرمەندە گەورانەی جیهان و ناوخۆ کە هێڵی ڕەخنەیی و بوێرانەیان هەبووە جێدەستیان لەسەر بیرکردنەوەم بەجێهێشتووە.
دڵنیا زیاتر دەڵێت: لە ڕوانگەی منەوە کاریکاتێر ئاوێنەی کۆمەڵگەیە، هەم ڕەخنە دەگرێت و هەم چاوەکان لەسەر کێشە پشتگوێخراوەکان دەکاتەوە. لە سەردەمێکدا دەژین کە وێنە دەسەڵاتی یەکەمی هەیە، کاریکاتێرێک دەتوانێت بە چەند چرکەیەک پەیامێکی قووڵ یان دۆخێکی نادادپەروەرانە بگەیەنێت کە ڕەنگە وتارێکی درێژ نەتوانێت بەو خێراییە بیگەیەنێت.
زۆربەی کارەکانم لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان، هۆشیاریی دەروونی و تەندروستی، هەروەها ماف و ئازارەکانی ئافرەتانە. سروشتی کاریکاتێر ڕەخنەگرانەیە، بۆیە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە بۆچوونی جیاوازی لەسەر دروست ببێت، بەتایبەت کاتێک دەست دەبەیت بۆ ئەو بابەتانەی لە کۆمەڵگەدا هەستیارن یان باس لە کێشە دەروونی و تەندروستییەکان دەکەن. ئەو کارانەم کە لەسەر هاوکاریی مرۆیی و هۆشیاریی تەندروستی بوون، زۆرترین دەنگدانەوە و سەرنجی بینەرانیان بەدەستهێناوە. دڵنیا بۆ هیڵین وای وت.
هەروەها جەخت دەکاتەوە: هونەر ڕەگەز ناناسێت چ ئافرەت بێت یان پیاو، بەڵکو فیکر، هەست و توانا بڕیار لەسەر سەرکەوتن دەدەن. خانمان بەهۆی ئەو تێڕوانینە ورد و هەستپێکردنە قووڵەی بۆ کێشەکان هەیانە، دەتوانن لایەنێکی زۆر تایبەت و کاریگەر لە کاریکاتێردا پێشکەش بکەن. هیچ جیاوازییەک لە توانای داهێناندا نییە، تەنها جیاوازییەکە لە ڕادەی ئەو دەرفەت و پشتگیرییەدایە کە دەدرێتە هەردوولا.
ئامانجی من بۆ داهاتوو ئەوەیە لەگەڵ بەردەوامبوون لە خوێندن و پەرەپێدانی تواناکانم لە شێوەکاری و کاریکاتێر، بتوانم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاکتر بم و بەرهەمەکانم زیاتر بە جیهان بناسێنم.
پەیامم بۆ ئافرەتان ئەوەیە: هەرگیز لە دەربڕینی ڕای خۆتان و گەیشتن بە خەونەکانتان سڵ مەکەنەوە ئێوە هێز و توانایەکی بێسنوورتان هەیە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و سەرکەوتن لە هەر بوارێکدا کە هەڵیبژێرن. ئەگەر خولیای هونەرتان هەیە، قەت مەهێڵن هیچ بەربەستێک ڕاتانگرێت بەردەوام ڕاهێنان بکەن و متمانەتان بە توانا و دەنگی خۆتان هەبێت.

