مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
کارلۆ ئەنچیلۆتی هەمان ئەرکی ڕافینیا لە ریاڵ مەدرید بۆ بەڕازیل دەگوازێتەوە
کارلۆ ئەنچیلۆتی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیلی، بە هۆی دابەزینی ئاست و ئەنجامەکانی سێلیساو (هەڵبژاردەی بەڕازیل)، بەدوای چارەسەری نوێدا دەگەڕێت، پێدەچێت بیر لەوە بکاتەوە کە سوود لە ئەزموونی هانز فلیک لەگەڵ ڕافینیا لە بەرشەلۆنە وەربگرێت.
ڕۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنی بڵاوی کردەوە، ئەنچیلۆتی بەنیازە لە یارییە دۆستانەکەی داهاتوودا بەرانبەر ئوسترالیا وەک هێرشبەرێکی ناوەڕاست یاری بە یاریزانی بەرشەلۆنە بکات و دەستبەرداری ئەو هێرشبەرانەی تریش بێت کە بانگی کردووە، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ گواستنەوەی “کاریگەریی ڕافینیا” لە بەرشەلۆنەوە بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل.
ڕافینیا ئێستا لە باشترین کاتەکانیدایە، لەم وەرزەدا 14 گۆڵی تۆمارکردووە، بەمەش بووە گۆڵکاری لالیگا لە سەرەتای ئەم وەرزەدا. ئەوەیش بۆ هەمووان چاوەڕێنەکراوە.
بەرشەلۆنە لە سەرەتای وەرزدا وەک هێرشبەری سەرەڕم یان هێرشبەری نادیار جێگیری کرد، یاریزانە بەڕازیلییەکەش کاریگەرییەکی گەورەی لە هێڵی هێرشبردندا سەلماند، ئەمەش وایکرد ئەنچیلۆتی باوەڕی بەوە هەبێت کە دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیی بەڕازیل بگێڕێت.
بیرۆکەی ئەنچیلۆتی بریتییە لە بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست بە هێز و داهێنەری زیاتر، بە سوودوەرگرتن لە توانای نایابی ڕافینیا بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان.
پێدەچێت ڕاهێنەرەکەی پێشووی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر ئاستی هەریەک لە ڤینیسیۆس و ئەندرێک بێزار بووبێت، کە لە دوای دەستبەکاربوونی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ڕاهێنەرایەتی بەڕازیل، شتێکی وەهایان پێشکەش نەکردووە، ئەمەش وایکردووە بەدوای ڕێگەچارەی نوێدا بگەڕێت. بە پێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی سپۆرت، ڕافینیا بووەتە یاریزانێکی بنەڕەتی و سەرکردە، دەسەڵاتی زیاتری لە یاریگەدا هەیە.
ڕافینیا درێسی ژمارە 10ی بۆ ماوەتەوە، کە پێشتر نەیمار لە هەڵبژاردەی بەرازیل لەبەری دەکرد. لە دووەم یاریی دۆستانەی لەسەریەک بەرانبەر ئوستڕالیا دەبێتە کاپتنی تیپەکە.
لە بەرشەلۆنە، هەندێک ترس و نیگەرانی هەیە لەوەی ئەنچیلۆتی زیادەڕۆیی لە ئەرک و ڕۆڵ و کاری یاریزانەکەدا بکات، ڕافینیا، دوای ئەوەی لە یەکەم یاری دۆستانەدا (کە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات) 90 خولەکی تەواوی یارییەکەی کرد پێشبینییش دەکرێت لە یاریی دووەمیشدا بە هەمان جۆر تا کۆتایی یارییەکە بەشدار بێت.
ڕافینیا لە ئێستادا باری جەستەیی باشە، بەڵام لە کاتی یاریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل هەمیشە ترسی لە تووشبوون بە مەترسییەکی ناپێویست بۆ دروست کردووە. بەو پێیەی ئەو بارودۆخانە هەندێک جار پێکانی سەختی بۆ دروست کردووە.
ئیدێر میلیتاو تەنیا هەنگاوێکی ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید
یانەی ڕیال مەدرید چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەستێرەی بەڕازیلییەکەی ئیدێر میلیتاو دەکات، کە ماوەیەکی زۆرە بە هۆی پێکانەوە دوور کەوتووەتەوە و پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی سەخت و دژوار هەبوو بۆ چاکبوونەوەی.
چەقەبەرگریکارەکەی یانەی مێرێنگی، دوای سەردانێکی پزیشکی فینلەندی لاسی لامپاینن کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام دا، لە ڤاڵدێبیباس مژدەیەکی خۆشی پێگەیشت.
ڕۆژنامەی مارکا لە هەژمارە سۆشیاڵ میدیاکانیدا لێدوانی پزیشکەکەی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا دەڵێت: ڕۆژێکی نایاب لە مەدرید لەگەڵ ئیدێر میلیتاو و ستافی پزیشکی و ڕاهێنەرایەتی یانەی ڕیال مەدرید، ئیدێر بەردەوامە لە پێشکەوتنەکانی بە پێی پلانەکە، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ کرا بۆ چارەسەری لە پێکانی سەختی ژێیەکانی ئەژنۆی.
ئاماژەی بەوەش کرد، خۆشحاڵ بووین بە بەشداریکردنی شارەزایی و ئەزموونی خۆمان بۆ گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ یاریگە، بە ئامانجی یارمەتیدانی بۆ گەڕانەوەی بە سەلامەتی و دەرکەوتنی بە باشترین ئاستی خۆی. سوپاس بۆ ئیدێر و هەموو ئەوانەی لە ریاڵ مەدرید کاریان کرد و هەماهەنگ بوون بۆ ئەم سەرکەوتنە.
لامپاینن دووپاتی کردەوە: گەڕانەوە بۆ یاریگە دەستکەوتێکی گەورەیە، ئامانجیش ئەوەیە بگەڕێتەوە بەرزترین ئاستی خۆی.
میلیتاو لە 28ی نیسانی 2026 نەشتەرگەری بۆ چاکبوونەوەی پچڕانی ژێی ئەژنۆی کرا، چاوەڕێ دەکرا ماوەی چاکبوونەوەی ٥ مانگ بخایەنێت، بۆیە ئێستە دواقۆناغەکانی ماوەی چاکبوونەوەیەتی.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یاریزانە ناوەڕاستکارەکە لەناو یاریگادا بینرا کە بەشداری ڕاهێنانێکی چڕ و پڕی جەستەیی دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بە باشی چاک بووەتەوە.
رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بەوەش کردووە، “دوای ئەم پشکنینە لەلایەن پزیشکی نەشتەرگەرییەوە، ئەنجامی زۆر ئەرێنی بینرا، تەنیا یەک هەنگاو ماوە، ئەویش دەستبەکاربوون لەگەڵ تیمی یانەکە و ئاوێزانبوونی بە شێوەیەکی تەواوە.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە گەڕانەوەی “بەندەوەی چەند لە مەشقەکاندا بەرەو پێش دەچێت و چەند کاتی دەوێ تا دەگاتە لوتکەی باری جەستەیی بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە پێهاتەی یانەکەیەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێ ئەوە لە مانگی داهاتوودا ڕوو بدات.
بەرشلۆنە تووڕەیی یاریزانێکی چێڵسی لە راهێنەرەکەی دەقۆزێتەوە
یانەی بەرشەلۆنە دەستی کردووە بە چاودێریکردنی دۆخی یەکێک لە بەهرەمەندە گەنجە بەهرەوەرەکانی یانەی چێڵسی، کە لە سەرەتای وەرزەوە ڕۆڵەکەی بۆ رۆڵێکی پەراوێزخراو لەلایەن راهێنەر چابی ئەلۆنسۆوە گۆڕا. سەرەڕای ئەو توانا زۆرەی کە چاوەڕێ دەکرا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، بەڵام راهێنەر فەرامۆشی کرد و لە پێکهاتەی سەرەکی دووری خستەوە.
ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە، یانەی بەرشلۆنە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کێشەداری ئیستێڤاوی بەڕازیلی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ دەکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بێزاریی یاریزانەکە بە هۆی کەمیی بەشداریپێکردنی لە یاریکردنی یانەکە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشبەرە بەڕازیلییەکە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەیە کە لەگەڵ فەلسەفە و شێوازی یاریکردنی یانە کاتەلۆنییەکە بگونجێت، هەروەها کارگێڕانی وەرزشیی بەرشلۆنە، بەهرەکەی بەرز دەنرخێنن، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یاریکردنی لە یانەی پاڵمێراس.
ئیستێڤاو لە سەرەتایەکی سەختی وەرزی دووەمیدایە لەگەڵ یانەی چێڵسی، بەو هۆیەی لە پێنج یاریی یەکەمی پریمەرلیگدا تەنیا 23 خولەک یاریی کردووە. تاکە دوو یاریی سەرەکیی لە یارییەکانی جامی پیشەگەریی ئینگلیزی بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، یاریزانەکە پێی وایە ڕەنگە یاریکردن لە باڵی ڕاستەوە بگۆڕێ بەرەو یاریکردنی لە قووڵایی یاریگە. بەڵام ئەو ناوەندە کۆڵ پاڵمەری لێیە، ئەمەش وایکردووە سەختیی بۆ دروست بێ لە یاریکردن بە شێوەی سەرەکی و بەردەوام.
جیاوازی و ناکۆکییەکە تەنیا لە چوارچێوەی هونەریدا نییە و رۆژنامەی سپۆرت باسی لەوە کردووە کە یاریزانەکە بەردەوام بێ لەوەی ئەو ماسوولکە گەورەیەی هەبێ، دوای تاقیکاری لە وەرزی یەکەم، بە هۆی ترسی لەوەی کاریگەری لەسەر بەهرە و خێراییەکەی هەبێ. کە ئەوە دیاریترین خاڵی هێزیەتی.
سەرەڕای ئەوەی باس لە ئەگەری ڕۆیشتنی چێڵسی دەکرێت، بەڵام ڕۆژنامەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئیستێڤاو و یانەکەی لە ئێستادا بیر لەم سیناریۆیە ناکەنەوە. جگە لەوەش خودی یاریزانەکە خۆی لە زیادبوونی گرژییەکانی لەگەڵ ئەلۆنسۆدا بە دوور گرتووە. لەکاتێکدا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵ دەدات سەرنجی لەسەر ئەو لایەنانە بێت کە دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات و باشترین ئاستی خۆی پێشکەشی بکات کاتێک دەرفەتی پێدەدرێت.
یانەی بەرشلۆنە لە ماوەی یاریکردنی ئەو یاریزانە لە پاڵمێراس بە وردی چاودێری ئیستێڤاوی دەکرد، بەڵام یانە کاتەلۆنییەکە بەهۆی دۆخی دارایی ئەوکاتەی هیچ هەنگاوێکی کردەنی بۆ گرێبەستەکەی نەنا. هەروەها باوەڕی دیکۆشی هاتە سەر، کە پێی وابوو بوونی یامال لەو ناوەندە، وا دەکات یاریزانیان پێویست نەبێ.
لە کۆتاییدا ئیستێڤاو ويليان ڕووی لە یانەی چێڵسی کرد بە گرێبەستێک کە ئەگەری هەیە بگاتە ٦١.٥ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، بەڵام بارودۆخی ئێستای سەرنجی بەرشەلۆنەی دووبارە بە لای ئەو یاریزانەدا بردەوە. کە بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئەو دۆخەی تێیدایە.
لەلایەکی دیکەوە ئیستێڤاو متمانەی تەواوی کارلۆ ئەنچیلۆتی بە دەست هێناوە، کە بە یاریزانێکی سەرەکیی دادەنێ بۆ داهاتووی هەڵبژاردەی بەڕازیل و دووپاتی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە بانگهێشتکردنی تەنانەت ئەگەر لە یانەکەشی خولەک و کاتی پێویستی بۆ یاریکردن پێ نەدرێ.

