مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
دانبەخۆداگرتنەكەی ڕائوول ئەسینسۆ بەرهەمی هەبوو و دەبێتە یاریزانی سەرەكی
ڕائوول ئەسێنسیۆ لە هاوینەی ڕابردوودا نزیک بوو لە جێهێشتنی ڕیاڵ مەدرید دوای ئەوەی سێ ئۆفەری پێگەیشت، کە دوو ئۆفەری پریمەرلیگ (چێڵسی و لیڤەرپوول) و یەکێکیش لە تورکیا. بەڵام مانەوەی هەڵبژارد، باوەڕی وا بوو ماندووبوون و دانبەخۆداگرتن، دەرفەتێکی نوێی پێدەبەخشێت.
دەرکردنی دین هۆیسن لە دێربیدا، لەگەڵ پێکانەکەی ئیبراهیما کۆناتی لە کاتی یاریی نێودەوڵەتیی لەگەڵ فەرەنسا، ئەسێنسیۆی گەڕاندەوە بۆ کێبڕکێ بۆ رۆڵگێڕان لە بەرگریی ناوەڕاست. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکی نموونەییدا بۆ ئەو یاریزانە دێت کە لە سەرەتای وەرزەوە یەک خولەک یاریی نەکردووە.
یانەی ڕیاڵ مەدرید دوای ماوەیەکی زۆر گەڕان بە دوای بەرگریکارێکی نوێدا گرێبەستی لەگەڵ کۆناتێ کرد، ئەمەش وای کرد ئەسێنسیۆ ببێتە یەکێک لەو یاریزانانەی پێشنیاز بكرێ بۆ فرۆشتن بۆ ئەوەی بە پارەی گرێبەستەكەی بتوانێ گرێبەستی نوێ واژۆ بكات. سەرەڕای ئەوەش یاریزانەکە پێداگریی لە هەڵوێستەكەی كرد و سێ ئۆفەری ڕەت کردەوە کە بۆی چووبوو، مانەوەی پێ باشتر بوو و چاوەڕێی دەرفەتێكی دەكرد.
بڕیارەکەی ئەسێنسیۆ ئاسان نەبوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک چووە دەرەوەی پلانەكانی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید. بەڵام وای دەبینێ كە دەتوانێ كیبەركێ لەسەر سەرەكیبوون بكات. بۆیە مانەوە و بەردەوامبوونی لە كار پێ باشتر بوو و چاوەڕوانی چركەساتێكی گونجاوی دەكرد. گوێی بە هێنانی یاریزانی نوێ و ئەو ئۆفەرانەش نەدا كە بۆی چووبوون.
ئێستا، ڕەنگە هەلومەرجەکان بڕیارەکەی بسەلمێنن کە دروستە، چونکە ئێستا یانەی ڕیال مەدرید پێویستی بە بژاردەی زیادە هەیە لە هێڵی چەقی بەرگریدا، ئەوەش بە پێی ئاماژەكانی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی.
هەروەها ئەسینسیۆ لە دەرەوەی یاریگە ڕووبەڕووی هاوینێکی ئاڵۆز و سەخت بووەوە. لە دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە دزەپێکردنی نهێنییەکان بێتاوان دەرچوو، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگە بەهۆی ڕووداوێکەوە، ئەویش لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە سەرخۆشی.
پشکنینەکان دەریان خستووە کە ئاستی کحول لە خوێنیدا چوار ئەوەندەی سنووری یاسایی بووە، ئەمەش وای کرد یاریزانەکە دان بە هەڵەکەیدا بنێت و بە بڕی ١٤ هەزار و ٤٠٠ یۆرۆ سزا بدرێت، مۆڵەتی شۆفێرییەکەی بۆ ماوەی هەشت مانگ ڕاگیراوە.
ڕووداوەکە لەنێو ریاڵ مەدریدیش بە بێدەنگی بەسەر ئەو یاریزانەدا تێنەپەڕی، چونکە مۆرینیۆ پەیامێكی ئاشكرای بۆ ئەسینسیۆ نارد، جەختی لەوە کردەوە کە یاریزانەکەی ڕیاڵ مەدرید لە هەموو کاتێکدا نوێنەرایەتی یانەکەی دەکات، هەروەها ڕەفتارەکانی لە دەرەوەی یاریگا ڕەنگدانەوەی وێنەی تیپەکەیە.
ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە دەڵێت: هەموومان هەڵە دەکەین، بەڵام کەڵەکەبوونی هەڵەکان جیاوازە، من ڕازی نیم. لەگەڵ ئەوەشدا مۆرینیۆ پێشتر ستایشی پیشەگەریی ئاسێنسیۆی لە نێو یانەکەدا کردبوو و بە “یاریزانێکی نموونەیی” وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەمیشە لە یەکەم کەسەکان بووە کە گەیشتوونەتە مەشق و ڕاهێنانەکان و دوایەمین یاریزان بووە كە رۆیشتووە. بەتایبەتی لە ماوەی چاکبوونەوەیدا.
ئێستا، تۆپەکە لە یاریگەی ئەسینسیۆدایە. ئەو لە کێشە جەستەییەکانی چاک بووەتەوە و کاردەکات بۆ ئەوەی توانای جەستەیی بگەڕێتەوە و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەدەست بهێنێتەوە، هەرچەندە باری جەستەیی گشتی، بەتایبەتی پێکانەکەی ڕانی، هێشتا پرسێکی سەرەکییە و پێویستی بە چاودێریکردن هەیە.
ئەسێنسیۆ لەگەڵ تیاگۆ پیتارچ و لونین تا ئێستا لەم وەرزەدا لە هیچ یارییەکدا بەشداریی نەکردووە. بەڵام کارتە سوورەکەی هۆیسن و پێکانەکەی کۆناتێ دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت، ئەمەش دەرفەتێک دەداتە بەرگریکارەکەی ڕیال مەدرید كە لە مێژە چاوەڕێ دەكات بۆ ئەوەی بەهای خۆی بسەلمێنێت و ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی شوێنی سەرەكی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات.
یۆرگن كڵۆپ، بۆچی نەیتوانی لەگەڵ ئەڵمانیا بە درەوشاوەیی دەربكەوێ؟
هەمووان چاوەڕێی یۆرگن کلۆپیان دەکرد وەک “ڕزگارکەر” بەرانبەر هۆڵەندا، ئەو ڕاهێنەرەی لە سەردەمی بوڕوسیا دۆرتمۆند و لیڤەرپوول بە راهێنەرە درەوشاوەكە ناسرا، بەڵام ئاستەکەی لاواز بوو، وەک چۆن لە زۆرێک لە یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بووەتە باو.
هەرچەندە هێشتا زووە بۆ حوکمدان لەسەر ئەڵمانیای سەردەمی کلۆپ، لە كاتێكدا یەک یاریی كردووە، بەڵام ئاستەكەی ئەڵمانیا، هەمان ئەو ئاستە بوو كە پێشتر ئەڵمانیا پێی دەركەوت. كە دەریدەخات تۆپی پێی ئەڵمانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، کە لە مێژووی خۆیدا بێوێنە بووە، ئەویش لە بەرهەمهێنانی بەهرەمەندە پلە یەکەکاندا.
کلۆپ تەنیا پشتی بەو یاریزانانە نەبەست کە ڕاهێنەری پێش خۆی بەکاریان دەهێنا. بەڵکو گۆڕانکاریی کرد و دەرگای بەڕووی ڕووخساری نوێدا کردەوە، هەوڵی دا چارەسەری داهێنەرانە بدۆزێتەوە. سەرەڕای ئەوەش تیپەکە بەردەوام بوو لە ململانێ هەم لە ڕووی بەرگری و هەم لە ڕووی هێرشبردنەوە.
هەروەها ململانێکان لە هێڵی ناوەڕاستیشدا دیار بوون، کیمیچ دوای ماوەیەک وەک بەرگریکاری ڕاست لە ژێر دەستی جولیان ناگلسمانی ڕاهێنەری پێشووی یانەکەدا گەڕایەوە. بەڵام ئەو لەگەڵ هاوەڵانی نەیتوانی ناوەندی یاریگەکە کۆنتڕۆڵ بکات بەرانبەر هۆڵەندا، یارییەكە (1-1)، كۆتایی هات و بەختی ئەڵمانیا نەبووایە، هۆڵەندا سەركەوتنی دەكردە بەشی خۆی.
شێواویی هەڵبژاردەی ئەڵمانی زیاتر زەق بووەوە کە مارک ئاندرێ تێر شتیگن گۆڵپارێزی هەڵبژاردەكە 9 جار گۆڵی مانشافتی ڕزگار كرد لە بەرانبەر خاوەن یاریگە. یاریزانە یەدەگەکان لە یاریزانە سەرەکییەکان باشتر نەبوون.
ئەم دەستپێکردنە نائومێدکەرە بۆ تیپەکەی کڵۆپ جارێکی تر تیشک دەخاتە سەر قەیرانی کەمیی بەهرەمەندەکان لە تۆپی پێی ئەڵمانیادا. لە کاتێکدا فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئیسپانیا بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی ئەستێرەکان نەوە لە دوای نەوە، ئەکادیمیاکانی ئەڵمانیا لەم ساڵانەی دواییدا بێ بەرهەم دەرکەوتن.
تەنانەت جەمال موسیالا و فلۆریەن ویرتز کە بە داهاتووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دادەنرێن، هێشتا لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبوون. بە تایبەتی پێدەچێت ژیانی وەرزشی موسیالا بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانەکانیەوە مەترسی لەسەر بێت. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانەکانی ئەڵمانیا زیاتر مەیلیان بۆ کڕینی یاریزانی بیانیی ئامادە هەیە نەك دەرفەت بە یاریزانی لاوی خۆیان بدەن.
لە خولی فەرەنسادا یاریزانانی تەمەن ٢١ ساڵ یان کەمتر نزیکەی ١٧%ی کۆی کاتەکانی یاریکردن بە دەست دەهێنن، کە بەرزترین ڕێژەیە لەنێو خولە گەورەکانی ئەوروپادا.
خولی ئەڵمانی لە وەرزی 2017-2018دا ڕێژەیەکی هاوشێوەی بەدەست هێنا، یاریزانانی خوار تەمەن 22 ساڵ 17.2%ی خولەکەکانی یاریکردنیان پێک هێناوە. بەڵام ئەم ڕێژەیە لە وەرزی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بۆ تەنیا ٩.٦% دابەزیوە، کە کەمترین ڕێژەیە لە ماوەی ١٧ وەرزدا.
مارک لینز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خولی تۆپی پێی ئەڵمانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تەنیا 9 یانەی ئەڵمانی لە 100 ئەکادیمیای سەرەکیی ئەورووپادان،
ئەم ڕاستیانە ئەوە دەردەخەن کە قەیرانی تۆپی پێی ئەڵمانیا پەیوەندیی بە هیچ ڕاهێنەرێکەوە نییە و تا گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پەرەپێدانی بەهرەمەندەکاندا ڕوو نەدات، ساڵانی لاواز بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت و نە کڵۆپ و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە لە مردندایە زیندوو بکاتەوە.
زیدان پاساو بۆ ئەو دۆخە مشتومڕاوییە دەهێنێتەوە كە لەگەڵ فەڕەنسا تێی كەوتووە
دوای 20 ساڵ لە دوا دەركەوتنی بە درێسی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، جرێكی دیكە زینەدین زیدان هاتووەتە نێو كەشوهەوای كەڵەشێرەكانی فەڕەنسا، بەڵام ئەمجارە وەكوو راهێنەر.
كاتێك هەمووان ئامادە بوون بۆ وتنەوەی سروودی نیشتمانیی فەرەنسا (لا مارسیز) پێش ڕووبەڕووبنەوەی توركیا، بەڵام زیدان لە دیمەنی سەرەتادا دیار نەبوو، ئەویش بووە جێی سەرنجی هاندەران.
لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای یارییەکەدا، زیدان ڕوونی کردەوە، كە هۆکارەکەی بۆ پرۆتۆکۆل دەگەڕێتەوە، کە بە وتەی خۆی خێراتر بوو لەوەی پێشبینی دەکرا. وتیشی: “بەداخەوە بەڵێ. پرۆتۆکۆلەکە خێراتر بوو لەوەی پێشبینی دەکرا، منیش کەمێک دواکەوتم بۆ دەستپێکردن، پێم باشتر بوو هەر لەسەرەتاوە بگەم”.
یارییەکەی بەرانبەر تورکیا کە بە بردنەوەی كەڵەشێرەكان بە ئەنجامی 1-0 کۆتایی هات، یەکەم یاریی زینەدین زیدان بوو وەكوو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، دوای دوو دەیە دوورکەوتنەوە لە دوای یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2006 بەرانبەر ئیتاڵیا، گەڕایەوە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
بردنەوەکەی زیدان تەنیا دەستپێکێکی سەرکەوتوو نەبوو بۆ کاروانی ڕاهێنەرایەتیی لەگەڵ فەرەنسا، بەڵکوو گرنگییەکی مێژوویی هەبوو، چونکە بووە یەکەم ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا کە یەکەم یاری وەكوو ڕاهێنەری فەرەنسا لە دوای ئیمیە جاکییەوە بباتەوە.
ئیمیە جاكیە، لە 16ی شوباتی 1994 وەكوو راهێنەر لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا، بە ئەنجامی 1-0 لە شاری ناپۆلی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای بردەوە، لەگەڵ یانەی لێس بلوس دەستپێکرد، ئەمەش بەهۆی گۆڵێکی یۆری جیۆرکایڤەوە.
لە سەرەتای سەروەختی جاکێوە تا هاتنی زینەدین زیدان، پێنج ڕاهێنەر سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی فەڕەنسایان کرد، هیچ کامیان نەیانتوانی لە یەکەم یاریدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، تا زیدان ئەم ڕیزبەندیەی شکاند بە سەرکەوتنێکی چارەنووسساز بەرانبەر تورکیا.

