زکری موسا
نۆ ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا تێدەپەڕێت. جێگەی داخی قووڵە کە بەشێکی زۆری ئەوانەی تا ئێستاش دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن، یان لەژێر کاریگەریی ناڕوونی و کینەی سیاسیی ئاراستەکراودان، یان لە بنەڕەتدا بڕوایان بەو مافە ڕەوایە نییە کە گەلی کوردستان (هاوشێوەی تەواوی گەلانی جیهان) هەیەتی، یانیش لە جەوهەری بابەتەکە نەگەیشتوون و تەنیا لە سۆنگەی دەرئەنجامە کاتییەکانەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوە مێژووییەکان دەکەن.
١- سیستەمی جیهانی لەسەر بنەمای سەروەریی دەوڵەتان و دابەشبوونی جوگرافیی سیاسی دامەزراوە. ئەم سیستەمە نە لەسەر بنەمای یۆتۆپیا و خەیاڵپڵاویی چەپ و دیموکراتیی گەلانە، نە لەسەر تێڕوانینی جەمسەربەندیی نالۆژیکی. بەڵکو کۆمەڵە یاسایەکی ئاسنینن کە سنوور، سەروەری و هاووڵاتیبوون تێیدا قسەی یەکەم و کۆتایی دەکەن. لەناو ئەم هاوکێشەیە جیهانییەی دەسەڵاتدا، گەلی کوردستان لە پەراوێزدا ژیاوە و بەپێچەوانەی ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی، ناسنامەی بیانیی بەسەردا سەپێنراوە. ئەندامبوون لە دونیایەکدا کە ناسنامەکەت تێیدا فەرامۆش کرابێت، پڕییەتی لە نامۆبوون. ڕێک وەک ئەوەی ئەندامێک بێت لە خێزانێکی نامۆ، نەک خێزانی ڕەسەنی خۆت. ئەم دابەشکارییە نادادپەروەرانەیە ڕەنگدانەوەی بەسەر تەواوی ڕەهەندە ورد و درشتەکانی ژیانی تاکەکەسی، ناسنامە و ویژدانی بەکۆمەڵی نەتەوەکەمانەوە بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، داواکردنی سەربەخۆیی و جەختکردنەوە لە ناسنامەی جیاواز، ڕەواترین داواکاریی مرۆڤەكانە و هیچ ئارگومێنت، کۆسپ و بەربەستێک ناتوانێت لە گەورەیی و ڕەوایەتیی ئەم داوایە کەم بکاتەوە.
٢- هەر بۆچوونێک کە پێی وابێت ڕیفراندۆم هەڵە بوو چونکە نەیارانی گەلی کوردستان دژی وەستانەوە، لە بنەڕەتەوە دوورە لە لۆژیکی سیاسی. نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان لە هیچ خولەکێکدا ئامادە نەبوون و نین ئەو مافە ڕەوایە پێشکەشی گەلی کوردستان بكەن. چ لۆژیکێکی سیاسی ڕێگە بە نەتەوەیەک دەدات تەنیا ئەو هەنگاوانە بنێت کە نەیارە مێژووییەکانی ئارەزووی دەکەن؟
٣- سزادانی گەلی کوردستان مێژوویەکی سەدساڵەی هەیە و بە هیچ شێوەیەک لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمدا کورت نابێتەوە. ئێمە هەڵگر و میراتگری زامە قووڵەکانی جینۆساید، ئەنفال، کیمیاباران، ئاوارەیی و کۆچی زۆرەملێین. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا لە کاتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستاندا ڕیفراندۆم کرابوو؟ ئایا کاتێک سیستەمی نێودەوڵەتی و هاوکێشە سیاسییەکان بێباکانە دژی مافەکانی گەلەکەمان دەنووسرانەوە، ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرابوو بۆیە سزا دراین؟
٤- ڕیفراندۆم ئاشتییانەترین، شارستانییانەترین و دیموکراتییانەترین شێوازی ڕادەربڕین بوو بۆ بەدەستهێنانی مافێک کە لە دەقە نێودەوڵەتییەکاندا چەسپاوە. لەم پڕۆسەیەدا هیچ ئامرازێکی توندوتیژی، چەک، یان نکۆڵیکردن لە مافی هیچ نەتەوە و دەوڵەتێکی تر بەکارنەهات.
٥- ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی تەواو یاسایی و دەستووری بوو، چونکە ئیرادە و ویستی گەل، سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتیی ڕەوایەتیدانە بە هەر کردەیەکی سیاسی.
٦- لە دوای ساڵی 2005ەوە، مامەڵەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی نادەستووری و نەیارانە هەنگاوی نا. لە شەڕی دژ بە داعشدا، بەغدا نە هەرێمی لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە پاڵپشتی دەکرد، نە ڕێگەشی دەدا هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە ئاسانی بگەنە دەست هێزی پێشمەرگە. بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە هەرێمی كوردستان لە شەڕێکی سەختدا بوو و میوانداریی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی دەکرد. تەواوی ئەم پێشێلکارییانەش لە کاتێکدا بوون کە هێشتا پرسی ڕیفراندۆم نەبووبووە ڕۆژڤی سیاسی و لەئارادا نەبوو.
٧- لە دوای ساڵی 2003، کورد بە ئارەزوومەندانە بەشداریی لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراقدا کرد و بڕبڕەی پشتی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ بوو. لە دیباجەی دەستووری عێراقدا بە روونی هاتبوو کە پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتیی مانەوەی عێراقە بە یەکپارچەیی. لە ڕاستیدا، ڕەفتار، سیاسەت و بڕیارە تاییفەیەكانی حکوومەتی عێراق بوون کە گەلی کوردستانیان گەیاندە ئەو قەناعەتە كە ئیدی دەستوور وەك پەیمانێكی بنەڕەتی بۆ وڵات لەلایەن ناوەندەوە كاری پێناكرێت و بڕیاری ڕیفراندۆم بدات.
٨- فاكتەری سەرەکی لە دروستبوونی زەمینەی ڕیفراندۆمدا، سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی ناوەند بوو. بەغدا نەیتوانی پابەندی دەستوور بێت و بە چاوی یەکسانییەوە تەماشای تەواوی پێکهاتەکان بکات، بەڵکو هێزە دەستەڵاتدارەکانی عێراق بەکردەیی لە فیدڕاڵیزم پاشگەز بوونەوە و بەرەو تایفەگەری و مەرکەزییەتی ڕەها هەنگاویان نا.
٩- بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێکی کتوپڕی مانگی حوزەیرانی 2017 نەبوو، بەڵکو لە 18ی ئایاری 2015 لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدرابوو. لایەنەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە بەهۆی گەیشتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بە بنبەست، دەبێت هەنگاوی کردەیی بەرەو سەربەخۆیی بنرێت و کۆمیتەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت. بەڵام بەداخەوە، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دوای ڕێککەوتنەکە ئاراستەی پڕۆسەكەیان گۆڕی بەرەو دروستکردنی قەیرانی پەرلەمانی لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم، کە ڕووداوەکانی حوزەیران و ئابی 2015ی لێکەوتەوە. ئەمەش پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی دوو ساڵ دواخست و دەرفەتێکی زێڕینی مێژوویی لە گەلی کوردستان فەوتاند.
١٠- سەرەڕای دوو ساڵ دواکەوتنی پرۆسەکە، گەلی کوردستان بە زۆرینەیەکی (زیاتر لە 92%) بە شێوازێکی ئاشتییانە ئیرادە و ویستی ئازادانەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی خستەڕوو. دەنگی گەل زۆر زوڵاڵ، ڕوون و پیرۆز بوو. ئاسایی بوو کە دەوڵەتانی میراتگری سایکس-پیکۆ دژی بوەستنەوە. بەڵام تەنیا بابەتێك کە پێشبینینەکراو بوو، ناپاكی ناوخۆیی بوو کە زەبرێکی کوشندەی لە یەکگرتوویی، ئیرادە، هیوا و خەونە مێژووییەکانی گەلی کوردستان دا.
١١- ڕیفراندۆم و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل پیرۆزن و ناخرێنە ژێر پرسیارەوە. هەر جۆرە سووکایەتیکردنێک بەم مافە مێژووییە لەلایەن هەر تاکێکی کوردەوە، لە ڕاستیدا سووکایەتیکردنە بە ناسنامە، بوونی خۆی و تەواوی گەلی کوردستان. پێویستە هۆشیاری و بوێریی ئەوەمان هەبێت کە ڕێز لە خەون و مافە ڕەواکانمان بگرین و ڕاستییە مێژووییەکان وەک خۆیان ببینین.

