وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بالیستیکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆسەر هەولێر دەکەن کە مووشەکەکان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-3-2022 لە زاری گوتەبێژێکییەوە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “هاوسۆزی و بەشداریی خۆمان بۆ دانیشتووانی هەولێر دەردەبڕین. وەک هاوبەشێکی نزیک لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان – عێراق پشتگیریی بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق، یەکگرتوویی و سەقامگیری لە شەڕی دژی داعش دا.”
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر و مووشەکەکان بەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل کەوتن. سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە ئاماژەی بەوە دا، “لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەکە بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج.”
پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رەتیکردەوە کە هیچ بنکە و شوێنێکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی ئەڵمانیادا هاتووە، “بەرەوپێشچوونەکانی ساڵانی رابردوو نابێ ببن بە قوربانیی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. هێرشکردنە سەر دیپلۆماتان، نوێنەران و دامەزراوەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش قەبووڵکراو نین.”
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هیچ ئاماژەیەکیان دەستنەکەوتووە کە هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئەوان بووبێت. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەوانەی بەرپرسیارن پێویستە بدرێنە دادگە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.