رۆژنامەی ھەولێر

ئەمیر حەسەن: رۆژێک دێت زیرەکی دەستکرد هەستی هونەرت لێ دەدزێت و دەبیت بە هیچ

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

ئەمیر حەسەن، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، کۆتا بەرهەمی هونەریی خۆی بە ناوی “دایە گیان”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاو دەکاتەوە و دوای ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی یەکجارەکی ماڵئاوایی لەهونەر دەکات.

ئەمیر حەسەنی هونەرمەند لە لێدوانێکی دا بۆ گوتی: گۆرانی “دایە گیان”، هۆنراوەکەی لەلایەن ئاراس گەبەیی نووسراوە و دیار کەریم ئاوازەکەی بۆ داناوە، هەروەها لەلایەن ستار ستۆدیۆ بەرهەمەکە تۆمارکراوە و ئەفشین شوکری بەڕێوەبەری بەرهەمەکە بووە و بڕیار فەتاح کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکەم کردووە.
ئەمیر حەسەن سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی گوتی: هەتا دەمرین دەبێ دوا هەناسەمان بۆ پاداشتی دایک بێت، چونکە تەنیا نزای دایکە لە بەڵا دورت دەخاتەوە و لە خواوەند نزیکت دەکاتەوە، وابزانم من هێشتا هیچم بۆ نەکردووە لە چاو گەورەیی ئەم وشەیەدا.
ئەمیر حەسەن باس لە دڵشکانی خۆی لە هونەر دەکات و دەڵێت: دڵشکاوم لەوەی هیچ هونەرمەندێک نابینم خۆشگوزەران بێت و مافی پارێزراو بێت و وەک کالایەک سەیر نەکرێت و بەدڵ پێبکەنێت، بگرە هونەرمەندە کۆمیدیەکانیش کە خەڵک دڵخۆش دەکەن، کەچی خۆیان ناخیان دەسوتێت. من بە ماندوبوونێکی زۆر خۆم پێگەیاندووە، نەک بە هونەر، لەبەر ئەوە، نەمانی ئەو نازناوە باشترە لە بوونی.
ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە: کۆڵەکە و ئارامی و دڵخۆشی ماڵ دایکە، کە لەدەستت دا، ئەوسا دەزانی تۆ ئەو ئاسودەییەت لەدەست داوە. من دەمەوێ ئەو پەیامەم ئاراستەی ئەو کەسانە بکەم ئەگەر دایکتان لە ژیاندا ماوە، خۆشتان بوێت، نەک دوایی بەدیار گۆرانی زەکەریا عەبدوڵڵا و ئەژدەر وەهبیەوە بۆ دایکتان بگرین.
سەبارەت بەوەی لە ئێستادا زیرەکی دەستکرد تەواوی کایەکانی هونەری داگیرکردووە، ئەمیر حەسەن لەمبارەیەوە دەڵێت: گەر ژیان بگەڕێتەوە هەرگیز نابمەوە بە هونەرمەند، چونکە رۆژێک دێت زیرەکی دەستکرد هەستی هونەرت لێ دەدزێت و تۆ دەبیت بە هیچ. بۆیە هەرگیز هونەر هەڵ نابژێرمەوە، چونکە رۆژێک دێت دەبێت هەمیشە لە میدیاکانەوە بگریت، لەبەر ئەوە واز لە هونەر بێنی باشترە.
ئەمیر حەسەن ئاماژەی بەوەش دا: دڵخۆش دەبم ئەگەر ببم بە یادەوەری، چونکە دیارە خزمەتێکم کردووە. خۆشە مرۆڤێکی سادەش بیت و بتوانیت هەموو کارێکی شەرەفمەندانە بکەیت بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بژیت. ئەگەر وەفام بۆ هەوادار و هونەرەکەم هەبێت، هەر نەبێ جار جار وەک میوانێک بۆ بۆنە نەتەوەییەکان ئامادە دەبم و خزمەتێکی بچووک هەر دەکەم.
ئەمیر حەسەن، هونەرمەندی ناسراوی کورد، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەوڕووپایە. خاوەنی چەندین بەرهەمە و زیاتر بە گۆرانی شاد ناسراوە. ناوبراو دوا گۆرانی خۆی بۆ بەناوی “دایە گیان” بڵاودەکاتەوە ماڵئاوایی یەکجاری لە کاری هونەری دەکات.