كارزان گلی – هەولێر
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بۆ پەلاماردانی حووسییەكان، وەكوو توركیا ئامادەین هاوكاری سەربازی سعوودیا بكەین. ئەم لێدوانەی فیدان دەرگای ئەو پرسیارەی كردەوە، ئایە توركیا دەیەوێت بەكردار بچێتە ناو شەڕی نێوان حووسییەكان و سعوودیا؟
فیدان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی دا، توركیا ئامادەیە لەڕووی تەكنیكی و بابەتی تریش هاوكاری سعوودیا بكات دژی حووسیەكان و لەوڕووەوە كێشەمان نییە.
فیدان لەو دیمانە تەلەڤزیۆنییەدا لەگەڵ كەناڵی (NTV)ی توركی گوتی: ”یەكپارچەیی خاكی سعوودیا و سەروەری ئەو وڵاتە و ژێرخانەكەی، بەشێوەیەكی زۆر جدی پەلامار دراوە، ئەگەر سەیری ئەو رێككەوتنەش بكەیت كە لە نێوان ئێمە و سعوودیادا هەیە بەناوی (رێككەوتنی مەككە)، ئاماژە دراوە هەموو ئەندامانی ئەو رێككەوتنە بەرپرسیارن بەرامبەر بە یەكتری لەكاتی پەلاماردا، بۆیە وەكوو توركیا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بارودۆخە دەكەین.“
گوتەكانی فیدان دەریدەخات، توركیا لەڕووی سەربازییەوە تاوەكوو ئێستا هیچ بەرگرییەكی لە سعوودیا نەكردووە بەكردار، بەڵكوو وەكوو دەوڵەت هەڵسەنگاندن دەكەن و پاشان بۆ رای گشتی توركیای روون دەكەنەوە.
فیدان، دژی ئەوەیە پێیبانوابێت شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران، پەیوەندیی بە سعوودیاشەوە هەیە و دەڵێت هەر لەسەرەتاوە سعوودیا بێلایەن بووە، بۆیە ناكرێت بەو بەهانەیە پەلاماری سعوودیا بدرێت و قبوڵی ناكەن.
نایشارێتەوە لەسەرەتادا لەڕووی تەكنیكییەوە هیچ كێشەیەكیان نییە بۆ هاوكاری سەربازی سعوودیا دژی حووسییەكان، بەڵام وەكوو ئەوەی بەكردار بەشداری شەڕەكە بكەن، لەچوارچێوەی رێككەوتنی مەككەدا، پێویستە حكوومەت هەڵسەنگاندن بكات و پاشان بڕیار بدات.
لەماوەكانی رابردوودا، حووسییەكانی یەمەن لەپێشڕەوییەكی بێوێنەدابوون لە یەمەن و توانییان دوو شار و چەند شارۆچكەیەك كۆنتڕۆڵ بكەن، هەروەها گەرووی بابولمەندەبیان بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كرد، ئەمەش ترسی خستووەتە دڵی بەشێكی زۆری وڵاتان، بەوەی ئەگەر ئەو گەرووەش كەشتی بازرگانی و نەوتهەڵگری پێدا تێپەڕ نەبێت، كارەساتی گەورەی ئابووریی روو لەجیهان دەكات و ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر توركیا دەبێت، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات، حووسییەكانی یەمەن ئەو دەسەڵاتە زۆرەیان بەسەر بابولمەندەبدا نەبێت و هەوڵی ئەوە دەدەن، پاشەكشەیان پێ بكەن.
سعوودیا بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، ناچاربوو هەموو نەوتەكەی لەرێگەی دەریای سوورەوە بفرۆشێت كە بەگەرووی بابولمەندەبدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام حووسییەكان دەڵێن، هەموو كەشتییەك بۆی هەیە بەم گەرووەدا تێپەڕ ببێت تەنیا كەشتی نەوتهەڵگری سعوودیا نەبێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر فرۆشتنی نەوتی سعوودیا دروست كردووە.
جیا لەوەش، سعوودیا دەڵێت شاری مەككەی پیرۆز كەوتووەتە ژێر هەڕەشەی حووسیەكان و ویستویانە بۆردومانی بكەن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر هاتنی حاجیان دەبێت بۆ شاری مەككە و لەوێشدا سعوودیا زیانی ئابووریی زۆری پێدەكات، چونكە ساڵانە بە دەیان ملیار دۆلاری لەحاجیان دەستدەكەوێت.
بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی بابولمەندەب لەلایەن حووسییەكانەوە، نرخی نەوت زۆر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتووەتە ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی، لەكاتێكدا پێشووتر بە ٧٠ دۆلار بوو.
توركیا و سعوودیا و پاكستان، رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد كە ١٠٠٪ سەربازییە بەناوی رێككەوتنی مەككە، بەڵام تاوەكوو ئێستا دەستووریی ئەو رێككەوتنە نەنووسراوەتەوە و هەرسێ وڵات رێكنەكەوتوون دەستوورەكە چۆن بێت، بۆیە تاوەكوو ئێستا توركیا و پاكستان، پاڵپشتی سەربازی سعوودیایان نەكردووە دژی حووسییەكان.

